سەردانی وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعودیە بۆ دیمەشقی پایتەختی سوریا دەرگای لێکدانەوە جیاوازەکانی سەبارەت بە ڕۆڵی وڵاتانی عەرەبی لە سوریا کردەوە.
هەندێک لە شرۆڤەکاران باس لەوە دەکەن کە چاکبووەنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ڕیاز لە چوارچێوەی هەوڵەکانی سعودیە بۆ گێڕانەوەی ڕۆڵی ناوچەیدایە، بەڵام دیار نییە تا چەند دەتوانێت کاریگەری لەسەر نەخشەی مەیدانی لە سوریادا هەبێت.
فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە لە سەردانەکەیدا بۆ دیمەشق لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا کۆبووەوە.
بەگوێرەی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی سعودیە، لە دیدارەکەی بن فەرحان و ئەسەددا، چارەسەرێکی سیاسی بۆ کێشەی سوریا تاوتوێ کراوە، بۆ پاراستنی یەکڕیزی سوریا و ئاسایشی سوریا و ناسنامەی عەرەبی و گەڕانەوەی سوریا بۆ ژینگەی عەرەبی.
عەبدوڵڵا ئەلغداوی، سەرنووسەری کاروباری سیاسی ڕۆژنامەی ئۆکازی سعودی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، کرانەوەی سعودیە بەرامبەر بە ڕژێمی سوریا پەیوەستە بە دوو فاکتەرەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سوریا بووەتە ناوچەیەکی میلیشیاکان و بووەتە ناوەندێک بۆ دابەشکردنی ماددە هۆشبەرەکان، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاسایشی ناوچەکە هەیە.
ڕایشیگەیاند " سعودیە دەیەوێت جارێکی دیکە دۆسیەی سوریا بخاتە بەرنامەی کارەوە، بەمەرجێک ڕژێمی سوریاش کار لەسەر چارەسەری سیاسی و گەڕانەوەی ئاوارەکان بکات، بەڵام ئەم بابەتە پێویستی بە ڕاوێژی درێژخایەن هەیە، بەم نزیکانەش ڕوونادات."
سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی سعودیە بۆ دیمەشق دوای هەفتەیەک لە سەردانی فەیسەڵ میقداد هاوتا سورییەکەی بۆ ڕیاز ئەنجامدرا.
پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی 2011ەوە تیكچوو، ئەو کاتەی سعودیە یەکێک بوو لە لایەنگرانی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە دەیانویست ڕژێمی ئەسەد بڕوخێنن.
سەردانەکانی هەردوولا و هەوڵەکان بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ڕاستەوخۆ دوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئێران لە ڕێگەی نێوەندگیریی چینەوە ڕوویداوە.
هەر لەو پەیوەندییەدا ئەلغەداوی ئاماژەی بەوەکرد کە سعودیە دەیەوێت کێشەکانی ناوچەکە چارەسەر بکات، کە سوریا گەورەترین ناوچەیە کە ناکۆکی عەرەبی و نێودەوڵەتیی تێدا باس دەکرێت.
گوتی "بیرکردنەوەی سعودیە ئەوەیە تا کەی سوریا لەم دۆخەدا دەهێڵینەوە، هەر بۆیە هەنگاوی سعودیە بەرەو ڕژێمی سوریا دەستیپێکردووە." گوتیشی "ئەگەر سوریا بە وڵاتێکی شکستخواردوو بمێنێتەوە، هەرێمەکە بە گشتی باجەکەی دەدات."
ڕوستەم مەحمود، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی، ئاماژەی بەوەدا کە سعودیە دیدێکی ئابووری گەورەی هەیە، بۆیە هەوڵدەدات لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵێکی سیاسی بگێڕێت.
مەحمود بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "دۆسێی سوریا لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەلایەن هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە پشتگوێ خراوە، بەو پێیەی هەندێک لە زلهێزەکانی ناوچەکە وەک ئێران و تورکیا بۆشاییەکەیان پڕکردەوە، بەڵام ئێستا سعودیە دەیەوێت هاوسەنگی لەگەڵ ئەو زلهێزانە لە سوریا بدۆزێتەوە."
هەر لە هەمان چوارچێوەدا شرۆڤەکاری سیاسی حوسێن عومەر باسی لەوە کرد کە "ڕێککەوتنی نێوان سعودیە و ئێران ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ دیمەشق خێراتر کرد، بەڵام ڕێککەوتنی ڕژێمی سوریا لەگەڵ تورکیا چاوی وڵاتانی عەرەبی زیاتر بەرەو دیمەشق کردەوە کە ئەوەی ڕژێمی سوریا هەیەتی چیتر لەناو نەچێت."
دەشڵێت " وڵاتانی عەرەبی وەک سعودیە و میسر و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب دەیانەوێت هاوسەنگی دروست بکەن بۆ ئەوەی ڕژێمی سوریا مەرجەکانی تورکیا قبوڵ نەکات، چونکە ئەو وڵاتانە بەدەست تورکیاوە زەرەرمەند بوون، نایانەوێت ڕێککەوتنی دیمەشق و ئەنقەرە دژی بەرژەوەندییەکانیان بێت، بۆیە پشتگیری ڕژێمی ئەسەد دەکەن."
لە 14ی چواردا وەزیرانی دەرەوەی 9 وڵاتی عەرەبی (هەر شەش وڵاتی کەنداو لەگەڵ میسر و ئوردن و عێراق) لە شاری جددەی سعودیە کۆبوونەوە.
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر ڕۆڵی پێشەنگی عەرەبی کراوەتەوە بۆ چارەسەری سیاسی قەیرانی سوریا، هەروەها گفتوگۆ لەسەر گەڕانەوەی ڕژێمی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی کراوە کە لە ساڵی 2011 وە ئەندامێتی لەو کۆمکارەدا هەڵپەسێردرا.
سەبارەت بە کاریگەری گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەتی سعودیە لەگەڵ ڕژێمی سوریا، لە لایەنەکانی تری سوریا جگە لە ڕژێم، حوسێن عومەر ڕایگەیاند، ئەو ئۆپۆزسیۆنانەی پەیوەستن بە تورکیاوە زۆرترین زیانیان دەبێت چونکە زۆربەی پارەکانیان لە وڵاتانی کەنداوەوە دێت.
عموەر گوتیشی "ئەگەرنا ئۆپۆزسیۆن کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر نابێت، لە دۆخێکی وادا پاڵپشتی ئەمەریکا بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە بەهێزتر دەبێت، چونکە ڕۆژاڤا بنەمای سەرەکی بوونی ئەمەریکایە لە ناوچەکە و نایەوێت بدۆڕێت."
نووسەر ڕوستەم مەحمود ڕایگەیاند کە پێنج بابەتی پەیوەندیدار بە ململانێی سوریاوە هەیە و ئەوانیش بریتین لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، یان ڕۆژهەڵاتی فورات، ئەو ناوچانەی لە بەشی باکوور و ڕۆژئاوای سوریا کە لەژێر کۆنترۆڵی سوریادان لە تورکیا، گەڕانەوەی پەنابەران و ئاوەدانکردنەوە و پرۆسەی سیاسی.
مەحومد ئاماژەی بەوەشکرد، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان لەگەڵ ڕێژیم بەس نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانە.
دەشڵێت "ئەوە ئاسان نییە باکوور و ڕۆژهەڵات، هەروەها ناوچەکانی باکوور و ڕۆژئاوا بگەڕێنەوە باوەشی ڕژێم. جگە لەوەش گەڕانەوەی نزیکەی 8 ملیۆن ئاوارەی سوریاش قورسە، بۆ چارەسەری سیاسی دەبێت گۆڕانکاری لە بنچینەی ڕژێمدا هەبێت، سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوە، وڵاتانی کەنداو دەزانن کە چ پارەیەک بەهۆی گەندەڵیەوە بەفیڕۆ دەچێت لە ڕژێمەکە".
سەبارەت بە ئایندەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق، ڕۆژنامەنووس عەبدوڵا ئەلغەداوی ڕایگەیاند "لە ڕاستیدا سوریا بەسەر سێ هەرێمدا دابەش بووە، بۆیە داوا لە ئەسەد دەکرێت خۆی ڕادەستی عەرەبەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات، چونکە نە ئۆپۆزسیۆنی سوریا و نە کوردەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ناتوانرێت پشتگوێ بخرێن، بۆیە دەبێت چارەسەری سیاسی بدۆزرێتەوە بۆ گەڕاندنەوەی سوریا بۆ دۆخێکی سەلامەت و ئارام بەبێ ململانێی ناوخۆیی."
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، حەسەن محەمەد عەلی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک، ڕایگەیاند، مەسەدە و ئیدارەی خۆسەر دژی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتاتی عەرب و سوریا نین، بەڵام ئەمە دەبێت بێ مەرج بێت نەک تەنها لەگەڵ ڕژێمی سوریا. هه ڕوه ها ڕاشیگه یاند که له و باره وه نامه یان بۆ چه ند وڵاتێکی عه ڕه بی ناردوه .