کرێملین ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شازادەی سعودیە محەمەد بن سەلمان، ، سنووردارکردنی بەرهەمهێنانی نەوتیان بە پێی ڕێککەوتنی ئۆپێک+ تاوتوێ کردووە.
کۆشکی کرێملین ڕایگەیاندووە، هەردوو وڵات خۆشحاڵی خۆیان دەربڕیوە بە ئاستی هاوکاریی نێوان هەردوو لایان بۆ هێنانەدی سەقامگیری بۆ بازاڕی نەوتی جیهانی.
وتیشیان هەروەها پوتن و شازادەی سعودیە پەیوەندییەکی بازرگانی نزیکیان دروستکردووە.
کرێملین وتی "گفتوگۆکە بە شێوەیەکی دۆستانە بەردەوام بوو، بنیاتنەر و زانیاری بەخش بوو. بە لەبەرچاوگرتنی ئەمە ڕێککەوتن کرا لەسەر دروستکردنی پەیوەندی لە بوارە تایبەتەکانی هاوکاریدا".
ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) و سعودیە کە گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە جیهاندا، لە ساڵی 2016 هاوپەیمانییەکیان دروستکرد کە بە ئۆپێک+ ناسراوە لەگەڵ بەرهەمهێنەرە گەورەکانی دیکە بە سەرۆکایەتی ڕووسیا، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە کار بکەن لە بازاڕی نەوتدا.
سەرەتای ئەم مانگە، بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئۆپێک+، لە هەنگاوێکی سەرسوڕهێنەردا، کەمکردنەوەی زیاتری بەرهەمهێنانی نەوتیان کە نزیکەی ملیۆنێک و 160 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا ڕاگەیاند.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز