ئەمڕۆ یادی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردییە لە مێژوودا، بەسەرهاتی ئەم ڕۆژنامەیە لای بەشی زۆری خوێندەوارانی کورد زانراوە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج و داخە ئەوەیە کە ئەمڕۆ لە قۆناغێکدا ئەم یادەدەکەینەوە کە بە پێی داتاکان و قسەی ڕۆژنامەوانان، باری ڕۆژنامەگەریی کوردی گەلێک خراپ و دژوارە.
ڕۆژنامەنوسانی کورد لە ئێران و تورکیا تووشی کێشەی بەردەوام دەبنەوە و ژمارەیەکی زۆریان لە زینداندان، هێشتا وەک سەدە تاریکەکان دەرکردنی ڕۆژنامە بەزمانی کوردی لە ئێران و تورکیا ڕووبەڕووی قەدەغەکردن و سانسۆرێکی زۆر دەبێتەوە.
هاوکات ڕۆژنامەگەریی کوردی لە باشووری کوردستانیش بە قۆناغێکی سڕبوون و وەستاندا تێدەپەڕێت، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم ڕاستییە تاڵانەشدا دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردیی خۆی مانایەکی مێژوویی قووڵی هەیە و دەبێت لەسەری بوەستین.
دەتوانین دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بە سێ ئاڵوگۆڕی بنەڕەتییەوە گرێبدەین؛ یەکەم، سەرهەڵدانی ناسیونالیزمی کوردی و دروستبوونی خواست بۆ دامەزراندنی شوناسێکی نەتەوەیی و گەڕان بۆ هوشیارییەکی یەکگرتوو لە ناو کورداندا، دووەم، سەرهەڵدانی ڕوناکبیرانی کورد وەک نوخبە و ئیلیتێکی نوێ، کە ئیدی بە هۆی ڕۆژنامەوانییەوە دەتوانن پێگەیەکی نوێ بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن و دەنگی خۆیان باشتر بگەیەنن و سێهەمیش، سەرهەڵدانی جۆرە کۆمەڵگەیەکی نوێ کە دەیهەوێت ڕۆژانە ئاگای لە جموجۆڵە ناوەکییەکانی خۆی بێت، واتە کۆمەڵگەیەک ئامادەیە و دەیەوێت خۆی بخاتە ژێر چاودێرییەوە.
ئەمانە نیشانە سەرەتاییەکانی ئەو خەونە گەورەیەن کە لە پشت دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردییەوە بوو، بەڵام دوای ئەو هەموو ساڵە دەبینین ئەو خەونانەی کە هاوشانی لەدایکبوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردیبوون، هێشتا جێگیر نەبوون و نەچەسپیوون.
لای زۆرێک لە نووسەران و ڕۆژنامەوانان ڕۆژنامەگەری کوردی لە مێژووی خۆیدا سێ شکستی بەرچاوی بووە کە بەم جۆرە کورتیان دەکەمەوە؛ یەکەم، هەرگیز نەتوانراوە تا ئێستا ڕۆژنامەیەک هەبێت کە کوردەکان لە هەموو جێگایەک بیخوێننەوە و کوردی هەموو بەشەکان تێیدا بنوسن، بەم مانەیە ڕۆژنامەگەریی کوردی هەمیشە ڕۆژنامەی لۆکاڵ بوون و هێند گەورە نەبوون سنووری پارچەیەک یان ناوچەیەک تێبپەڕێنن.
دووەم، ڕۆژنامەگەری کوردی لە بەشی هەرە زۆریدا ڕۆژنامەگەرییەکی حیزبی بووە، واتە ڕۆژنامەی ئازاد نەبوون و ئاڕاستەکراوبوون، حیزبەکان دەریانکردون و سپۆنسەریان بوون و هەر بۆیەش ئاڕاستەیان کردون و کەی ویستوویانە دایانخستوون، سێهەمیش تاکە شێوازێکی ڕۆژنامەگەریی کە گەشەی کردوە ڕۆژنامەگەریی سیاسیی بووە و بەشەکانی تری ڕۆژنامەگەری وەک ڕۆژنامەگەری زانستی و ئەدەبی و هونەری و وەرزشی تا ڕادەیەکی زۆر لە پەراوێزدا ماونەتەوە.
ئەگەرچی بەردەوام قسە لە شکۆی ڕۆژنامەگەری کوردی دەکرێت و باس لە وێستگە گرنگ و وەزیفە پرشنگدارەکانی دەکرێت، بەڵام پێدەچێت ئیتر کاتی هاتبێت ئاوڕ لە نسکۆ و شکستەکانی ڕۆژنامەگەری کوردیش بدرێتەوە.
بەم مەبەستە و بۆ زانیاری وردتر لەسەر دۆخی ڕۆژنامە و ڕۆژنامەوانی ئێستای کورد چەند پرسیاڕێکم ئاراستەی مەنسور تەیفوری و نیاز عەبدوڵا کە دوو ڕۆژنامەوان و نووسەری دیاری کوردستانی ئێران وکوردستانی عێراقن، کردووە کە لە درێژەیەی ئەم نووسینەدا پرسیار و وەڵامەکان دەبینن.
ڕۆژنامەگەر لە شارەکانی کوردستانی ئێران و تورکیا بەجۆرێکی سیستماتیک سەرکوتدەکرێت، ڕۆژنامەگەریی کوردی لەم بەشانەدا قوربانی زۆریان داوە، بەڵام ئایا وەک پێویست ڕێز لەو ڕۆژنامەنوسانەی بوون بە قوربانی گیراوە؟ هۆی چییە تیشکێکی زۆر ناخرێتە سەر قوربانیانی ڕۆژنامەگەریی کوردی و هەتا دەتوانم بڵێم، جگە لە 'موسا عەنتەر' ئەوانیدی زۆرینەیان وەک قوربانییەکی نەناسراو ماونەتەوە؟
دکتور مەنسوور تەیفوری، نووسەر و ڕۆژنامەوان و مامۆستای زانکۆ پێیوایە هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێورانەی دانراوە بۆ پیشەی ڕۆژنامەوانی و دەڵێت "زانستی كۆمهڵایهتی ڕۆژئاوا بۆ ڕۆژنامەگەری بێلایهنی داوا دهكات و ئەمە لە ڕۆژنامەوانی کوردیش داوا دەکرێت، ئەمە لەکاتێکدایە کە سرووشتی ئەو کۆمەڵگانەی کە کوردی تێیدا دەژیت، بە شێوەیەکە کە ڕۆژنامەوانی کورد ناچار دەکات نەتوانێت ئەو پێوەرانە ڕەچاو بکات و هەم زمانەکەی و هەمیش بابەتەکەی سیاسی دەبێتەوە و ئەمەش وادەکات وەک چالاکێکی سیاسی ناوی ببەن تاکو وەک ڕۆژنامەوانێکی بێلایەن و هەر بۆیە کاتێک ڕۆژنامهنووسێكی كورد دەستبەسەر یان زیندانی دەکرێت، دامودهزگا جیهانییهكان زیاتر وەک چالاكێکی سیاسی ناوی دەبەن نەک ڕۆژنامەان. له ئاستی نێوخۆییشدا، پارتهكان كهمتر پشتی ڕۆژنامهنووسێک دهگرن كه پێوهندییهكی ئۆرگانیكی به خۆیانهوه نهبێت و بگره زۆر جار به گومانیشهوه سهیری كهسهكانیان كردبێت."
ڕۆژنامەگەریی کوردی لە ئێران لە ژێر بارودۆخێکی سەختدا ژیاوە و کاریکردوە، هەر ڕۆژنامەیەک دەرچووبێت تەنها بۆ ماوەیەک بووە و دوای چەند ژمارەیەک بە هەر بەهانەیەک بووبێت، یان داخراوە یان ڕووبەڕووی سانسۆرێکی زۆر بووەتەوە. ئاخۆ ئەو ژمارە کەمانەی لەو هەلومەرجەدا دەرچوون، بەشی ئەوەن بتوانین باس لە کاریگەریی ڕۆژنامەگەریی کوردی بکەین لە ئێران بەسەر خەڵک و تاکی کوردەوە؟ دکتور تەیفوری لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێت "ڕۆژههڵاتی كوردستان لە ماوەی پێنج ساڵێکدا قۆناغێكی گهشی رۆژنامهگهریی بەخۆیەوە بینی و جیا لە ڕۆژنامەی خوێندکارانی زانکۆ، تا پێش 2004 هاوكات چوار بۆ پێنج ههفتهنامه له فۆرمی رۆژنامهدا له ڕۆژههڵات بڵاو دهبوونهوه و ڕۆژنامەکان خوێنهرێكی زۆریان بۆلای خۆیان ڕاکێشا و یارمەتیدەریش بوون لەگەشەی زمانی کوردی و هاندنی خەڵک بۆ فێربوونی زمانی دایکییان و بە گشتی كاریگهرییهکانیان زۆر و ئهرێنی بوو، بهڵام داخران."
بەشێکی زۆری ڕۆشنبیران و نوسەرانی کورد لە دەرەوەی زێد و خاکی خۆیان دەژین، ئەگەر لە ناوەوە بەهانەکە ئەوە بووبێت کە ئازادی نییە و دەوڵەت سەرکووتی وشەی کوردی دەکات، بەڵام لە دیاسپۆراش کوردان نەیانتوانیوە ڕۆژنامەیەکی خۆیان هەبێت، چەندین جار هەوڵدراوە لە ئەوروپاوە ڕۆژنامە بڵاوبکرێتەوە، بەڵام هیچ یەک لەو هەوڵانە تا سەر نەبوون و بەرهەمی باشیان نەبووە، هۆکارەکانی چین؟ مەنسور تەیفوری دەڵێت سەرنەکەوتنی کوردان لەم ڕووەوە بە لانی کەمەوە دوو هۆكاری هەیە، یهكهم نهبوونی سەرمایەی دارایی بۆ ئەو کارە و دووهەمیش ڕێنەکەوتنی کوردەکان له سهر ئایدۆلۆژیکی یەکگرتوو و كۆمهڵێک پرهنسیپ كه بۆ کاری تیمی و گرووپی پێویست دەکات هەبێت بۆ بەردەوامبوونیان."
لە دوای کۆتایی جەنگی ناوخۆ لە کوردستانی عێراق ڕۆژنامەگەری ئازاد و یان ئەوەی پێدەگووترا ڕۆژنامەگەریی ئەهلی، برەوێکی بەخۆیەوە بینی، هەندێک ڕۆژنامەی وەک هاووڵاتی و ئاوێنە ڕۆڵێکی بەرچاویان لە بەهێزکردنی ڕۆژنامەگەریی ئازادا بینی ، بەڵام ئەمڕۆ دوای نەمانی ئەو ڕۆژنامانە و نەمانی ڕۆڵیان، ڕۆژنامەگەرییەکی کاریگەر لە کوردستانی عێراق بەرچاو ناکەوێت؟ هۆکاری ئەم پاشەکشە گەورەیە چییە، هۆکەی سیاسییە یان بەهێزبوونی سۆشیال میدیایە یاخود تێنەگەیشتنی کۆمەڵگەی کوردییە لە گرنگی ڕۆژنامەگەریی؟
نیاز عەبدوڵا، ڕۆژنامەوانی دیاری کوردستانی عێراق لەم بارەیەوە دەڵێت "كاریگەرییە نەرێنییەكانی شەڕی ناوخۆی ساڵانی نەوەدەكان، وەكو میرات و رێبازێكی كار بۆ دەزگا راگەیاندنە حزبییەكانی دەسەڵات و دەزگا راگەیاندنەكانی پارتی ئۆپۆزسیۆنیش ماوەتەوە و پارتەكانی دەسەڵات تائێستاش لەگەڵ یەكتر و دژ بە رۆژنامەنووس و دەزگا رۆژنامەوانییە سەربەخۆكانیش هەمان میكانیزمە پڕ لە تاوانەكانی ئەو سەردەمە بەكاردەهێنن."
ئەو ڕۆژنامەوانە لە درێژەی قسەکانیدا لەوبارەیەوە دەڵێت "لەسەردەمی شەڕی ناوخۆدا، پارتی دیموكرات ڕۆژنامەنووسێکیان بە ناوی کەریم کە لە کەناڵی گەڵی کوردستان کاری دەکرد کوشت و دواتریش یەكێتی نیشتیمانی لە تۆڵەی كەریمدا، فەرهادی لە كەناڵی گوڵان كوشت و درێژەی ئەم جۆرە سیاسەت و ڕوانینە لە حوكمڕانی، كاریگەری زۆر مەترسیداری لەسەر بەرەوپێشچوونی رۆژنامەوانی و دەستەبەركردنی ئازادی رۆژنامەوانی بەجێهێشتووە."
خاتوون نیاز دەشڵێت "ئەو بەرەوپێشچوونەی لەڕووی رۆژنامەوانی ئازادەوە هاتەكایەوە، هەر زوو بە ئامانج گیرا و هەوڵ بۆ پووكانەوە و پاشان هەوڵ بۆ لەناوبردنی ئەو رۆژنامەنووس و دەزگا رۆژنامەوانییە سەربەخۆ و ئەهلیانەدرا كە خاوەن كاریگەری و رەخنەگرتنبوون لە دەسەڵات و دۆسیەكانی گەندەڵی و پێشێلكارییەكانی مافەكانی مرۆڤیان ئاشكرا دەكرد."
ئەو ڕۆژنامەوانە لەبارەی تێگەیشتنی کۆمەڵگەی کوردی لە گرنگی ڕۆژنامەگەریی دەڵێت "بە پێچەوانەی دەسەڵاتی حوكمڕان لە هەرێمی كوردستان، خەڵكی هەرێمی كوردستان باشتر و راسگۆتر پشتیوانی رۆژنامەنووسانبوون، سەرەڕای سەرجەم هەڕەشە و دەستگیركردنەكانی دەسەڵات و فشارەكانیان لەسەر هاووڵاتیان، بەڵام ئەم پشتیوانییە هەر بەردەوامە و ئەو هەموو سوكایەتی و جنێودانەی لە سۆشیال میدیاوە بەناوی خەڵكەوە ئاراستەدەكرێن، زۆرینەی ئەو كەس و پەیج و لایەنانە یان ئەندامی پارتێكی سیاسین، یاخود پەیج و ئەكاونتی ساختە و ئاراستەكراون دژ بە ئازادیخوازان."
سۆشیال میدیا و ئینتەرنێت بە گشتی کاریگەرییەکی نێگەتیفیان لەسەر ڕۆژنامەی کاغەز لە هەموو دونیادا هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەک دەبینین، ڕۆژنامەگەریی کاغەز تا ئەمڕۆ لە زۆربەی وڵاتاندا هەر دەژیت و هەر ماوە و کاریگەرە، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست حاڵەتەکە بەجۆرێکی دیکەیە، زۆربەی ڕۆژنامە گەورەکان وەستاون و لەنێوچوون، بۆ نمونە ڕۆژنامەیەکی هەرە گەورەی دونیای عەرەب بەناوی ڕۆژنامەی ئەلحەیات ئەوە چەندین ساڵە وەستاوە و لە باشووری کوردستانیش بە هەمان شێوە چەندین ڕۆژنامە داخران، بۆ کاریگەریی سۆشیال میدیا لە وڵاتانی ئێمەدا لەسەر ڕۆژنامەی کاغەز وەها گەورەیە، یان هۆیەکی دیکە لە پشت ئەم دیاردەوەیە؟
خاتوون نیاز لەم بارەیەوە دەڵێت " لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ئینتەرنێت و هاتنەئارای مۆبایلی زیرەک، میدیای ئەلیكترۆنی لەسەرجەم جیهاندا پەرەی سەند، ئەم پەرەسەندنانە وایاندكرد رۆژنامەوانی چاپكراو بەرەو كەمبوونەوە و داخستن بچێت، لەبەرامبەردا ئەو دزەگا رۆژنامەوانیانە بە شێوەی رۆژنامەوانی ئەلیكترۆنی درێژەیان بەكارەكانیان داوە و دەیدەن، بەڵام داخستنی رۆژنامەكان لە هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئەوەی بەشێكی هۆكارەكان پەیوەندییان بە پێشكەوتنەكانی ئامرازەكانی كاری رۆژنامەوانییەوە هەبوو، بەڵام بەشێكی دیكەی داخستنی رۆژنامە و گۆڤارەكان بەو هۆكارەبوو كە بەشێكی ئەو دەزگایانە لەبنەماوە بۆ كێبڕكێ و ململانێی حیزبی دروستببوون و حیزبەكان چیتر كاریان بەو دەزگایانە نەما، بۆیە دایانخستن، هەرچەندە ئەم هەڵسەنگاندنە بۆ رۆژنامەیەكی وەک ئاوێنە و هاووڵاتی نییە، چونكە ئەوان ساڵانێک لەژێر فشاری دەسەڵاتبوون، بەڵام ئێستا هاووڵاتی وەک رۆژنامەیەک بەردەوامە و رۆژنامەی ئاوێنەش لە رێگای وێبسایتەكەیەوە بەردەوامە و خاوەن كاریگەریی خۆیەتی."
خاتوون نیاز سەبارەت بە سانسۆر و دۆخی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت "زۆر بەداخەوە بەپێی پێوەرەكانی دیموكراسی و پاراستنی ئازادی رۆژنامەوانی، هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ئاستی سێ وڵاتی ستەمكاری وەك ئێران و توركیا و عێراقدایە."
ئەو دەشڵێت "ئەوەی ئێستا خودی سەرۆكی حكومەت و پارتەكانی دەسەڵات بە بەكارهێنانی دادگاكان بەرامبەر بە رۆژنامەنووسانی دەكەن، ناڕەزایەتی لەئاستی نێودەوڵەتی دروستكردووە و لێرەشەوە دەمەوێت پێتان رابگەیەنم كە ژیانی رۆژنامەنووس شێروان شێروانی و رۆژنامەنووسانی دیكەی زیندانیكراوی بادینان لە مەترسیدایە و سەلامەتی ئەو رۆژنامەنووسانە لە ئەستۆی راستەوخۆی مەسرور بارزانی و دەزگا ئەمنییەكانیەکانییەتی."
نیاز عەبدوڵا لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت "سەرەڕای فشارەکانی دەسەڵات لەسەر ئازادی ڕۆژنامەگەری، بەڵام بەڵام هێشتا هەندێ لە رۆژنامەنووسانی سەربەخۆی كورد بەردەوامن لە كاركردن بۆ ئاشكراكردنی راستییەكانی تایبەت بە گەندەڵی و پێشێلكارییەكانی مافەكانی مرۆڤ لەو هەڕێمەدا."
لە کۆتایی ئەم نووسینەدا لە دکتور مەنسوور تەیفوریم پرسیوە ئەگەر ئەوانەی یەکەم ڕۆژنامەی کوردییان بڵاوکردەوە، ئەمڕۆ زیندووببنەوە بەبڕوای ئێوە دەبێت بە چی وشەیەک وەسفی ڕۆژنامەگەری ئێستای کورد بکەن، بەڕێزیان لە وەڵامدا بە پێکەنییەوە دەڵێت "ئەوان ئەگەر زیندوو ببنەوە و بگەڕێنەوە و دۆخی ئێستا ببینن، پێیان سهیر دهبێت ئهو ههموو كوردی نهزانه چۆن میدیاكان دهگێڕن و ههروهها لهوانهیه پێیان سهیر بێت كه چۆن حزبێک كۆمهڵێک كهس وەک ڕۆژنامەوان بهكرێ دهگرێت كه دژی ههموو بهرژهوهندییهكی نهتهوەیی کورد قسه بكات و پروپاگهنده بۆ داگیركهران بكات، پێیان سهیرتر دهبێت كه كۆمهڵێک كهس ناوی خۆیان ناوە ڕۆژنامهنووس و كهچی نوێنهرایهتی دهزگای ئهمنی و ئاسایشی دەکەن، پێیان سهیر دهبێت ڕۆژنامهنووسی حزبی هەبێت کە سێ مانگ جارێک له لوبنانهوه پزیشکی تایبهتی جوانكاری تایبهت بە خۆی بانگ بکات بۆ ئەوەی جوانی بکات و هاوکات شیعر و هەڵبەست بە باڵای عهفرین و سنەدا هەڵبدات. به گشتی پێم وایە له گهڕانهوەیان پهشیمان دهبنەوە."