Accessibility links

زانایان کۆپیەکی ڕوونتری یەکەم وێنەی خاڵی ڕەشیان بڵاوکردەوە


وێنەی خاڵی ڕەشی M87
وێنەی خاڵی ڕەشی M87

زانایان وەشانێکی وردتری یەکەم وێنەی خاڵێکی ڕەشەیان بڵاوکردەوە.

ئەو یەکەم وێنەیە کە چوار ساڵ لەمەوبەر بڵاوکرایەوە، تەنێکی پرتەقاڵی و کاڵ و شێوەی بازنەیی پیشان دەدا. ئێستا توێژەران شێوازەکانی فێربوونی کۆمپیوتەریان بەکارهێناوە بۆ دروستکردنی وێنەیەکی باشتر.

وێنە نوێیەکە لەم دواییانەدا لە گۆڤاری ئەسترۆفیزیک جۆرناڵ لێتەرز بڵاوکرایەوە. هەمان شێوەی وێنەی یەکەم وەک خۆی ماوەتەوە، بەڵام ئەڵقەیەکی تەسکتر و ڕوونی ڕوونتری هەیە.

زانایان ڕایانگەیاندووە، خاڵە ڕەشەکەی لە وێنەکەدا دەکەوێتە ناوەندی گەلەئەستێرەیەکە بەناوی M87 کە زیاتر لە 53 ملیۆن ساڵی ڕووناکی لە زەویەوە دوورە. ساڵی ڕووناکی ئەو مەودایەیە کە ڕووناکی لە ساڵێکدا دەیبڕێت، نزیکەی 9.5 تریلیۆن کیلۆمەتر. بارستەی خاڵە ڕەشەکە 6.5 ملیار گەورەترە لە بارستایی خۆری زەوی.

تۆڕێکی تەلەسکۆپی ڕادیۆیی لە سەرانسەری جیهاندا ئەو زانیاریانەیان کۆکردۆتەوە کە بۆ دروستکردنی وێنەکە بەکارهێنراون. بەڵام تەنانەت لەگەڵ ئەوەی زۆرێک لە تەلەسکۆپەکان پێکەوە کاریان کردوە، بەڵام هێشتا کەلێنی زۆر لە داتاکاندا ماوەتەوە. لە نوێترین توێژینەوەدا، زاناکان پشتیان بە هەمان داتای پێشوو بەستووە، بەڵام بۆ پڕکردنەوەی ئەو زانیاریانەی هێشتا بەدەست نەهاتوون، شێوازەکانی فێربوونی کۆمپیوتەریان بەکارهێناوە.

توێژەران دەڵێن، وێنەی لەدەرئەنجامدا بەدەست هاتوە هاوشێوەی وێنەکەی یەکەمە، بەڵام بە بازنەیەکی ڕوونتر و تەنکتر و ناوەندێکی تاریکتر.

لیا مێدیرۆس، زانای فیزیای ئەستێرەکان لە پەیمانگای توێژینەوەی پێشکەوتوو لە ویلایەتی نیوجرسی و نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە دەڵێت “سەبارەت بەخۆم هەست دەکەم بەڕاستی بۆ یەکەمجار دەیبینم”.

دەشڵێت، ئەوە یەکەمجارە تیمەکە فێربوونی کۆمپیوتەر بەکاردەهێنن بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکانی لە داتاکاندا هەن.

بە وێنەیەکی ڕوونتر، توێژەران هیوادارن لە توێژینەوەکانی داهاتوودا زیاتر دەربارەی تایبەتمەندییەکانی خاڵە ڕەشەکە و هێزی کێشکردن بزانن. مێدیرۆس زیاتر ووتی"تیمەکە پلانیان هەیە فێربوونی کۆمپیوتەر لەسەر وێنەکانی تری تەنەکانی واڵایی بەکاربهێنن. ئەمەش دەتوانێت ئەو خاڵە ڕەشە بگرێتەوە کە لە ناوەندی گەلەئەستێرەکەماندا هەیە کە کاکێشانە.

چوار نووسەری توێژینەوەکە ئەندامی پڕۆژەی تەلەسکۆپی (EHT)ن، کە هەوڵێکی نێونەتەوەیی‌یە لە ساڵی 2012 دەستی پێکردووە بە ئامانجی چاودێریکردنی ڕاستەوخۆی ژینگەی نزیک خاڵە ڕەشەکە. ئاسۆی ڕووداوەکانی خاڵە ڕەشەکە ئەو خاڵەیە کە هەر شتێک، ئەستێرە، هەسارە، گاز، تۆز و هەموو جۆرەکانی تیشکی کارۆموگناتیسی دەتوانێت لێی دەرباز بێت.

دیمیتریۆس پسالتیس زانای فیزیای ئەستێرەکان لە پەیمانگای تەکنەلۆژیای جۆرجیا لە شاری ئەتلەنتا لە ویلایەتی جۆرجیا. بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، هۆکاری سەرەکی وێنەی یەکەم کەلێن و بۆشایی زۆری تێدابوو، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە تەلەسکۆبەکانی چاودێری لە کوێدا جێگیرن. پسالتیس دەڵێت، تەلەسکۆپەکان لە لوتکەی شاخەکانەوە کاردەکەن و "بەژمارە کەمن و لە یەکترن دوورن".

هەرەها دەڵێت، "لە ئەنجامدا سیستەمی تەلەسکۆپەکە کەلێنی زۆری تێدایە و ئێستا زانایان دەتوانن شێوازەکانی فێربوونی کۆمپیوتەر بەکاربهێنن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانە. پسالتیس دەڵێت "ئەو وێنەیەی لە توێژینەوە نوێکەدا باسی لەبارەوە دەکەین، وردترین وێناکردنی خاڵە ڕەشەکەیە کە دەتوانین بە تەلەسکۆپەکانی لە سەرتاسەری جیهاندا هەن بەدەستی بهێنین".

سەرچاوە/AP

XS
SM
MD
LG