Accessibility links

سەهۆڵی گرینلاند و جەمسەری باشوور خێراتر لە 30 ساڵ لەمەوبەر تواونەتەوە


لێکۆڵینەوەیەکی نیونەتەوەیی ڕایدەگەیەنێت، سەهۆڵەکانی گرینلاند و ئەنتارکتیکا خێراتر لە نزیکەی 30 ساڵ لەمەوبەر دەتوێتەوە.

توێژینەوەکە 50 خەمڵاندنی جیاوازی سەتەلایتی بەکارهێناوە کە لەلایەن ئاژانسی واڵایی ئەمریکاوە ناسا و ئاژانسی واڵایی ئەوروپا (ESA) کۆکراونەتەوە.

ئەو زانایانەی بەشداربوون دەڵێن، ڕێژەی توانەوەی تا ساڵی 2020 زیادیکردووە، کە کۆتا ساڵ بووە زانیاری بۆ لە بەردەست بووە. هەروەها دەڵێن، توانەوەی ئاوەکە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی مامناوەندی ئاستی دەریای جیهان بە نزیکەی 21 ملیمەتر.

توێژینەوەکە باسی لەوەشکردووە، لە نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2020 سەهۆڵی تواوەی گرینلاند بە ڕێژەی لە٪20 زیاتر بووە بە بەراورد بە ساڵی 2012 تا 2016. هەروەها توانەوەی سەهۆڵەکە زیاتر لە حەوت هێندە زیاتر بووە لە توانەوەی ساڵانە لە ساڵی 1992 تا 1996.

ڕوت مۆترام، هاوکار و نووسەری توێژینەوەکە، زانای کەشوهەوا لە پەیمانگای کەشناسی دانیمارک، وتی داتا نوێیەکان "بەڕاستی زۆر کارەساتبارن". “ئێمە سەهۆڵی زیاتر و زیاتر لە گرینلاند لەدەست دەدەین".

هاوکاری نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە ئینێس ئۆتۆساکا زانای کەش و هەوا لە زانکۆی چاوەدێری کەش و لە دانیمارک دەڵێت "بەڕوونی لەدەستدانی خێراتری سەهۆڵەکە لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوایە کە مرۆڤ هۆکارە".

سەهۆڵی گرینلاند و ئەنتارکتیکا لە٪99٩ی سەهۆڵی جیهان لەسەر وشکایی زەوی پێکدەهێنێت. توێژینەوەکە دەشڵێت، لە ساڵی 1992 تا 1966 بەستەڵەکی ئەو دوو ناوچەیە بە ڕێژەی 105 ملیار تۆن لە ساڵێکدا دەتوێتەوە. دوو لەسەر سێی ئەو بڕە لە ئەنتارکتیکا بووە.

بەڵام لە ساڵی 2017 تا 2020، توانەوەی مەزەندەکراوی کۆی گشتی بەرزبووەتەوە بۆ 372 ملیار تۆن لە ساڵێکدا. توێژینەوەکە لە گۆڤاری Earth System Science Data بڵاویکراوەتەوە، زیاتر لە دوو لەسەر سێی توانەوەکە لە گرینلاند ڕوویداوە.

توێژینەوەکە دەریخستووە کە لە ساڵی 1992ەوە زەوی 706 تریلیۆن تۆن سەهۆڵی لەدەستداوە لەو دوو ناوچەی سەهۆڵبەندانە. ئەوە بەسە بۆ ئەوەی فەرەنسا بە 15 مەتر ئاو داپۆشێت. بەڵام لەبەر ئەوەی زەریاکانی جیهان زۆر گەورەن، سەهۆڵی تواوەتەوە لە ساڵی 1992ەوە تەنها کەمتر لە 21 ملیمەتر ئاستی دەریاکانی جیهانی بەرز کردوەتەوە.

توانەوەی سەهۆڵبەندان پێشتر تەنها هۆکاری لە٪5ی بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا بووە. توێژینەوەکە دەشڵێت، ئێستا هۆکاری زیاتر لە 25%ی بەرزبوونەوەی ئاستی دەریایە. بەشەکەی تری بەرزبوونەوەی دەریاکە لە فراوانبوونی ئاوی گەرمتر و توانەوەی سەهۆڵی سەهۆڵبەندانەکانی ترەوە دێت.

هەرچەندە توێژینەوەکە دەریخستووە کە توانەوەی خاوتر لە بەشەکانی ئەنتارکتیکا هەیە، بەڵام ئامارە درێژخایەنەکان ئاماژەن بۆ زیادبوونی ڕێژەی توانەوە لەوێ ئەدەن.

تیمێکی زیاتر لە 65 زانا بە بەردەوامی لە توێژینەوەیەکدا کە لەلایەن ناسا و ئاژانسی واڵایی ئەوروپاوە دارایی بۆ دابینکراوە، لەدەستدانی چینە سەهۆڵینەکان هەژمار دەکەن. توێژینەوە نوێیەکە 3 ساڵی دیکە داتا کۆدەکاتەوە. ئۆتۆساکا ووتی" توێژەران سێ شێوازی جیاوازیان بەکارهێناوە بۆ پێوانەکردنی توانەوەکە".

تەکنیکەکان بریتین لە پێوانەکردنی گۆڕانکارییەکانی هێزی کێشکردن و بەرزی سەهۆڵەکە، لەگەڵ پێوانی بارینی بەفر و توانەوەی. ئۆتۆساکا زیاتر ووتی کە هەموو سەتەلایتەکان، ڕادار، چاودێری زەمینی و مۆدێلەکانی کۆمپیوتەر لە بنەڕەتدا هەمان شت دەڵێن، توانەوەی سەهۆڵبەندان خێراتر دەبێت.

وەلید عەبدلعاتی، زانای پێشووی ناسا و توێژەری سەهۆڵبەندان لە زانکۆی کۆلۆرادۆ بەڵام بەشێک نەبووە لە توێژینەوەکە دەڵێت "ئەمە گرنگە، چونکە بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان دەبێتە هۆی ئاوارەبوون ویان کاریگەری دارایی سەدان ملیۆن کەس، ئەگەر ملیارەها کەس نەبێت، و پێدەچێت تریلیۆن دۆلاری تێبچێت".

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG