Accessibility links

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم: سکاڵا لەسەر ڕاکان جبوری تۆمار دەکەین


سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ڕایده‌گه‌یه‌نێت، كێشه‌ی نێوان گوندنیشینه‌ كورد و عه‌ره‌به‌كانی په‌ڵكانه‌ی ڕۆژاوای كه‌ركوك به‌ شێوه‌ی كاتی چاره‌سه‌ر كراوه‌، پێیوایه‌ عه‌ره‌به‌ "هاورده‌كان" له‌لایه‌ن ده‌ستێكی سیاسییه‌وه‌ دژی كورده‌كان ده‌جوڵێنرێن.

فه‌همی بورهان، به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای ڕاگه‌یاند "چاره‌سه‌ركردنی ڕیشه‌یی كێشه‌ی نێوان گوندنشینه‌ كورد و عه‌ره‌به‌كان گرێدراوه‌ به‌ جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 ی ده‌ستوره‌وه‌، ئه‌گینا چاره‌سه‌ره‌كان كاتین، به‌تایبه‌ت ئه‌و كارنامه‌ی وه‌كو لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سودانی هه‌مانه‌ جۆرێك ئومێدی پێبه‌خشیوین، تا ماده‌ی 140 هه‌نگاوێك بچێته‌ پێشه‌وه‌ و گرفته‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن."

ڕۆژی هه‌ینی له‌ گوندی په‌ڵكانه‌ی سه‌ربه‌ ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان ی ڕۆژاوای كه‌ركوك شه‌ڕو ئاڵۆزی له‌ نێوان گوندنشینه‌ كورد و عه‌ره‌به‌كان ڕوویدا، هۆكاری ڕوودانی شه‌ڕه‌كه‌ش له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتی زه‌وی و زاربووە، شه‌ڕ و ئاڵۆزی تا ڕۆژی شه‌مه‌ به‌رده‌وام ‌بووە و دواتر سوپای عێراق هێزی ڕه‌وانه‌ی گونده‌كه‌ كرد و دۆخه‌كه‌ی كۆنترۆڵكرد.

فه‌همی بورهان دەڵێت "چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی گوندی په‌ڵكانه‌ كاتییه‌، به‌ڵام هه‌وڵه‌كان له‌م سێ ڕۆژه‌دا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌ جدی بوون، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان له‌سه‌ر خه‌ت بووین تا دۆخه‌كه‌ هێور كرایه‌وه‌."

سه‌رباری هێوربوونه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ له‌ گوندی په‌ڵكانه‌، به‌ڵام هێشتا كێشه‌ی نێوان جوتیاره‌ كورد و عه‌ره‌به‌كان چاره‌سه‌ر نه‌كراون، به‌و پێیه‌ی ئه‌و كوردانه‌ی له‌ ساڵی 1975 له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه‌ ده‌ركراون خۆیان به‌ خاوه‌نی گونده‌كه‌ ده‌زانن، عه‌ره‌به‌كانیش كه‌ له‌لایه‌ن ڕژێمی پێشووی به‌عسه‌وه‌ له‌و گونده‌ نیشته‌جێكراون و ساڵی 2003 گونده‌كه‌یان بۆ كورده‌كان جێهێشتووه‌ ده‌ستبه‌رداری گونده‌كه‌ نابن.

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ده‌ڵێت "هه‌موو بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی سه‌رده‌می به‌عسمان كۆكردووه‌ته‌وه‌، له‌داهاتوویه‌كی نزیكدا ده‌چینه‌ به‌غدا و گفتووگۆی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، تا بتوانین ئه‌م بڕیارانه‌ هه‌ڵبوه‌شێنینه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له‌ساڵی 2011 بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی داون."

ناوبه‌ناو كێشه‌ی نێوان جوتیاری كورد و عه‌ره‌ب له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌، به‌رپرسانی كورد له‌ كه‌ركوك پێیانوایه‌ ده‌ستێكی سیاسی له‌ پشت جوڵاندنی عه‌ره‌به‌كانه‌وه‌یه‌ و ئامانج لێی چۆڵكردنی گونده‌كانه‌ به‌ كورد.

فه‌همی بورهان پێیوایه‌، ئیداره‌ی خۆجێی كه‌ركوك پشتگیری عه‌ره‌به‌كان ده‌كات، وەک ده‌ڵێت "له‌م ئاژاوه‌ و گرفتانه‌، گروپێك له‌ ئیداره‌ی كه‌ركوك سودمه‌ند ده‌بێت له‌ جۆشدانی كێشه‌كان."

كێشه‌ی نێوان جوتیاره‌ كورد و عه‌ره‌به‌كان هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ناكۆكی نێوان راكان جبوری پارێزگاری كه‌ركوك و لایه‌نه‌ كوردییه‌كان، لایه‌نه‌ كوردییه‌كان جبوری به‌ خراپ به‌ڕێوه‌بردنی پارێزگاكه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، پارێزگاری كه‌ركوكیش لایه‌نه‌ كوردییه‌كان تاوانبار ده‌كات به‌ وێران كردنی گونده‌ عه‌ره‌ب نیشینه‌كان له‌ سەروەختەکانی شه‌ڕی داعشدا.

فه‌همی بورهان سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، ئاماژەش ‌به‌وه‌ده‌كات هه‌وڵی زۆریان داوه‌ تا له‌ سه‌ر كێشه‌ی نێوان گوندنیشینه‌ كورد و عه‌ره‌به‌كان راكان جبوری بده‌نه‌ دادگا، به‌ڵام سه‌رگرتنی هه‌وڵه‌كان پشوو درێژی ده‌وێت.

فه‌همی بورهان، دەشڵێت "شكات له‌ راكان جبوری كراوه‌ و دۆسیه‌كانی له‌ دادگان، به‌ڵام ئێمه‌ ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستور كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین."

راكان جبوری پارێزگاری كه‌ركوك ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئاراسته‌ی ده‌كرێن، به‌وه‌ی ده‌ستی له‌ هاندانی گوندنیشینه‌ عه‌ره‌به‌كان دا هه‌بێت.

له‌ لێدوانێكی پێشتریدا بۆ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا، جبوری وتی"ده‌بێت كێشه‌ی گونده‌كان به‌ یاسا چاره‌سه‌ر بكرێن."

XS
SM
MD
LG