Accessibility links

لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ئامەد و چەند شارێکی تری تورکیا 110 کەس دەستگیر دەکرێن


سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، داواکاری گشتی ئامەد ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی دەستپێکرد. بە پشتبەستن بە بڕیارێکی دادگای ئاشتی و سزادان، پۆلیس هەڵیکوتایە سەر ماڵەکان و 110 کەسی دەستگیرکرد کە بریتی بوون لە ڕۆژنامەوان، سیاسەتمەدار، پارێزەر و هونەرمەند.

سەندیکای پارێزەرانی ئامەد ڕایگەیاند، داواکاری گشتی بڕیارێکی نهێنی لەسەر دۆسیەکە داوە، نازانن کێ بە چی تۆمەتبار دەکرێت، بەڵام ئاژانسی ئانادۆڵو ڕایگەیاندووە کە ئەمە ئۆپەراسیۆنێکی دژ بە "پەکەکە/کەجەکە"یە.

سەرنووسەری ئاژانسی مێزۆپۆتامیا عەبدولڕەحمان گۆک، پەیامنێری ماردین ئەحمەد کەنبال، سەرنووسەری ڕۆژنامەی خۆبون کادری ئەسەن، حەلیسە داکالی، ئۆزوم ڤورگون، بونیامین شەکر، پیرۆژان کەرەلی، بەردان ئاجون لە کۆمەڵەی مافناسە ئازادیخوازەکان؛ ئەکتەرانی شانۆی شاری ئامەد یاڤوز ئاکوزو، ئۆزجان ئاتێش و ئێلڤان کۆچەر لەنێو ئەو 110 کەسەدان کە دەستگیرکراون.

تەیب تەمەل جێگری سەرۆکی هەدەپە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا زۆرێک لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی هەدەپەش دەستگیر کراون و گوتی هەرچییەک بکەن زەرەر دەکەن".

سەندیکای پارێزەرانی ئامەد ناسراو بە بارۆی ئامەد لە بەیاننامەیەکی نووسراودا ئیدانەی ئەو ئۆپەراسیۆنەی کرد و ڕایگەیاند، "ئەمە ئۆپەراسیۆنێکە لە دژی ماف و ئازادییەکان".

بارۆ ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەکاندا بەرگریکارانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ڕۆژنامەنووسان دەکرێنە ئامانج و ڕووبەڕووی هەڕەشەی سزا دەبنەوە.

XS
SM
MD
LG