وته‌بێژی فه‌رمی هاوپه‌یمانێتی عه‌ره‌بی له‌که‌رکوک ڕه‌خنه دەگرێت له لێدوانی به‌رپرسانی پارتی و یه‌کێتی له‌سه‌ر پێدانه‌وه‌ی پۆستی پارێزگاری که‌رکوک به کورد و ده‌ڵێت لێدوانه‌کانیان سیاسییه و بۆ ڕاکێشانی سۆزی شه‌قامی کوردییه، ئه‌گینا پۆسته‌که لای عه‌ره‌ب ده‌مێنێته‌وه.
ئه‌و دەڵێت یه‌کێتی و پارتی لە ئێستادا هه‌ست به "په‌شیمانی سیاسی" ده‌که‌ن چونکە له دوای 16ی ئۆکتۆبه‌ری ساڵی 2017ه‌وه زۆربه‌ی پۆسته‌کانی که‌رکوکیان له‌ده‌ستداوه.
ئه‌بو عه‌زام، وته‌بێژی هاوپه‌یمانێتی عه‌ره‌بی له که‌رکوک، به ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای وت، "شه‌قامی عه‌ره‌بی له‌که‌رکوک یه‌ک لیستی له هێزه عه‌ره‌بییه‌کان ده‌وێت بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له پێناو به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی پۆستی پارێزگار، بۆیه حزبه عه‌ره‌بییه‌کان له هه‌وڵداین بۆ یه‌ک لیستی و له‌سه‌ر هه‌ندێک خاڵ ڕێککه‌وتن کراوه."
به‌رپرسانی پارتی و یه‌کێتی پۆستی پارێزگاری که‌رکوک به ئیستیحقاقی کورد ده‌زانن. پێیانوایه به‌هۆی ڕووداوه‌کانی 16ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه ئه‌و پۆسته که‌وتووه‌ته لای ڕاکان جبوری. بۆیه داوای پۆسته‌که ده‌که‌نه‌وه له پێش ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له مانگی 11ی ئه‌مساڵ.
وته‌بێژی هاوپه‌یمانێتی عه‌ره‌بی ده‌ڵێت، "ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن چاره‌نوسی پۆستی پارێزگار یه‌کلایی ده‌کاته‌وه. ئێمه ته‌حه‌فوزمان له سه‌ر لێدوانی به‌رپرسانی کورد هه‌یه و بڕوامان به ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنیش هه‌یه، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ی له ساڵی 2003 ه‌وه تا ئه‌مڕۆ له که‌رکوک ئه‌نجامدراون ساخته‌کارییان تێدا کراوه، ئه‌گینا عه‌ره‌ب زۆربه‌ی ده‌نگه‌کان به‌ده‌ست ده‌هێنێت."
جێی باسە لە پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسینەوە لە ساڵی 2003 کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی هەموو هەڵبژاردنەکانی لە سەرانسەری عێراقدا کردووە بە پارێزگای کەرکوکیشەوە. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 کۆمسیۆن ژمارەیەک سندوقی دەنگدانی پووچەڵکردە لە کەرکوک بە تایبەتی لە دەنگدانی تایبەتیدا.
ئه‌نجومه‌نی پێشووی پارێزگای که‌رکوک که له دوای خۆپیشاندانه‌کانی مانگی تشرینی ساڵی 2019 سڕکرا، له 41 کورسی پێکهاتبوو. کورد لە ئەنجومەنەکە 26 کورسی هەبوو وە تورکمان 9 کورسی؛ بەڵام عه‌ره‌بی سونه تەنها 6 کورسی هه‌بوو، به‌و پێیه‌ی بایکۆتی هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2005 ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکه‌ی کردبوو.
ماوه‌ی 18 ساڵه هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک ئه‌نجام نه‌دراوه، بۆیه چاوه‌ڕوان ده‌کرێت ڕکابه‌رییه‌کی به‌هێز له نێوان پێکهاته و هێزه سیاسییه‌کان دا ڕووبدات له مانگی 11 ی ئه‌مساڵ بۆ به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین کورسی له کۆی 15 کورسی پارێزگاکه.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو تا ئێستا بۆ کورد مسۆگەر نییە بەو پێیەی ناکۆکیەکی توند لە نێوان حزبە کوردیەکاندا هەیە .
ئه‌بو عه‌زام ده‌ڵێت، "هاوپه‌یمانێتی دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا گرنگه و چاره‌نوسی ده‌سه‌ڵات له که‌رکوک یه‌کلایی ده‌کاته‌وه، به‌ڵام قسه‌کردنی به‌رپرسانی کورد له‌سه‌ر پۆستی پارێزگار له ئێستادا زیاده و بێ هۆکاره."
له دوو لێدوانی پێشووتردا بۆ ده‌نگی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا، که‌مال که‌رکوکی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی که‌رکوک/ گه‌رمیانی پارتی دیموکرات و ڕه‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی که‌رکوکی یه‌کێتی، ڕاکان جبوری پارێزگاری ئێستای که‌رکوکیان به ناشه‌رعی و سه‌پێنراو وه‌سفکردو ڕه‌تیانکرده‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بکه‌ن.
فه‌همی بورهان، سه‌رۆکی ده‌سته‌ی ناوچه کوردستانییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمیش له لێدوانێکی پێشتردا بۆ ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا راکان جبوری بەوە تۆمەتبار کرد کە "ده‌ستی هه‌یه" له هاندانی عه‌ره‌به گوندنیشینه‌کانی پارێزگاکه له دژی گوندنیشینه کورده‌کان و هه‌وڵدان بۆ چۆڵکردنی گونده‌کان پێیان.
له‌وباره‌یه‌وه وته‌بێژی هاوپه‌یمانێتی عه‌ره‌بی له‌که‌رکوک ده‌ڵێت، "پارێزگار به نه‌فه‌سی نه‌ته‌وایه‌تی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هیچ پێکهاته‌یه‌کدا ناکات. ئه‌م لێدوانانه سیاسی و نه‌ته‌وه‌یین، چونکه زۆر پۆست و ئیمتیازیان له‌که‌رکوک له‌ده‌ستداوه و په‌شیمانن له هه‌ڵه سیاسییه‌کانیان. بۆیه دۆخه‌که‌یان پێ قه‌بوڵ ناکرێت."
هه‌رچه‌نده به‌رده‌وام به‌رپرسانی پارتی و یه‌کێتی یه‌کتری به هه‌بوونی په‌یوه‌ندی نهێنی له‌گه‌ڵ راکان جبوری پارێزگاری کهرۆکوک تۆمه‌تبار ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌بو عه‌زام وته‌بێژی هاوپه‌یمانێتی عه‌ره‌بی له که‌رکوک هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو حزبه‌که ڕه‌تده‌کاته‌وه.
ئەو ڕایگەیاند، "په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ دوو حزبه کوردییه‌که نییه. ئه‌وان پۆستی پارێزگاریان له‌ده‌ستداوه و هه‌ست به نیگه‌رانی ده‌که‌ن، ئه‌م لێدوانانه سیاسیین و بۆ شه‌قامی کوردیین."