سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کێشەی ڕاگرتنی نەوتی هەرێم لە نێوان عێراق و هەرێمدا نەماوە، بەڵکو بووەتە کێشە لە نێوان عێراق و تورکیادا.
ڕازی نەبوونی تورکیا بە دەستپێکردنەوەی نەردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم پەیوەندی بە کێشەی سکاڵاکانی عێراق لەسەر ئەو وڵاتەو دۆسیەی ئاو و چەندین دۆسیەی هەڵپەسێراوی نێوانیانەوە هەیە.
سەرچاوە باڵاکەی حکومەتی هەرێم کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت ، پێشبینی کرد بەم نزیکانە لێکتێگەشتن لە نێوان عێراق و تورکیا دروستببێت ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە و بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " بە پێی ڕێککەوتنی نێوان ئێمە و عێراق، هەرێم خۆی نەوتەکەی دەفرۆشێت و داهاتەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەتی هەرێم، عێراق تەنها سەرپەرشتی پڕۆسەی نەوتی هەرێم دەکات."
لە مانگی ڕابردووەوە ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە ڕاگیراوە، دوای ئەوەی حکومەتی عێراق دۆسیەیی یاسایی لە ژوری ناوبژیوانی نێو دەوڵەتی پاریس لە تورکیا بردەوە، تا ئێستاش هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە بۆ دەست پێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.
سەرچاوە باڵاکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی " ئەگەر تورکیا ڕێگە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم نەدات و عێراقیش کێشەکە چارەسەر نەکات، بیرمان لەوە کردووەتەوە نەوت بە تەنکەر لە ڕێگەی تورکیا و ئێرانەوە بفرۆشین، وەک چۆن بەشێک لە نەوتی سوریا بە تەنکەر دەفرۆشرێت، بەڵام ئەم ڕێگەیە تێچووی زۆری دەوێت."
لە کاتێکدا لە سەدا حەفتای داهاتی هەرێـم پشتی بە فرۆشتنی نەوت بەستبوو، و ئێستا ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە بەڵام حکومەتی هەرێم مووچەی مانگی ڕابردووی دابەش کرد، هەرچەندە هێشتا ڕوون نییە هەرێم بۆ ما نگەکانی داهاتوو چ ڕێگەیەک دەگرێتە بەر بۆ دابین کردنی مووچەی فەرمانبەران. لەم بارەیەوە سەرچاوە باڵاکەی حکومەتی هەرێم وتی " عێراق ناتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەدات و هیچ پاساوێکی یاسایی لەدەستی ناوەند نەماوە لەم بارەیەوە، بۆیە بەغداد پابەندە بە دابین کردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە."
سەرچاوە باڵاکەی حکومەتی هەرێم وتیشی " کێشەی نێوان هەرێم و بەغداد سیاسیە زیاتر لە کێشەی ئابوری، چونکە عێراق نایەوێت هەرێمی کوردستان خاوەنی ئابوری سەربەخۆ بێت، بۆ ئەوەی مەترسی جیابوونەوەی کورد لە عێراق نەهێڵێت."
ژمارەیەک کۆمپانیای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ دەرکردن و بەرهەمهێنان و بە بازاڕکردنی نەوت گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا هەیە لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو دادگای فیدراڵی عێراق کۆی پرۆسەی نەوتی هەرێمی بە نادەستووری ناو برد، وەزارەتی نەوتی عێراقیش بەو گرێبەستانە ڕازی نییە.
لەبارەی چارەنووسی ئەو کۆمپانیا دەرەکیانەی کە گرێبەستی نەوتیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە سەرچاوە باڵاکەی حکومەت وتی " لە ڕێککەوتنی نێوانمان لەگەڵ عێراقدا بە شێوەیەکی وایە کۆپانیاکان بانگ دەکرێن و قسەیان لەگەڵدا دەکرێت، دەبێت نەوت بە نرخی بازاڕی جیهانی بفرۆشن نەک کەمتر."