فەرماندەی گشتی هێزەکانی پشتیوانی دووی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، هێزەکانی هاوپەیمانان پاڵپشتی زیاتریان دەکەن لە ڕووی پێدانی چەک و تەقەمەنییەوە، لە دوای ئەوەی لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەدا، خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
لیوا ڕوکن مەریوان محەمەد، فەرماندەی گشتی هێزەکانی پشتیوانی دووی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"دوای ئەوەی خراینە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، هاوکاری هاوپەیمانان زیادیکردووە بۆمان، هاوپەیمانان بە پێی بەرنامەی خۆیان هاوکارییان کردووین."
فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی یەک کە تایبەتە بە بەکارهێنانی چەکە قورسەکان سەر بە پارتی و پشتیوانی دووش سەر بە یەکێتی نیشتمانییە، لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردووەوە خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
لیوا ڕوکن مەریوان محەمەد، دەڵێت"هاوپەیمانان لە سەردەمی شەڕی داعش دا پاڵپشتییان دەکردین، بەم دواییانەش کەتیبەیەکی مەدفەعیان بۆ دروستکردووین، ئالیات و چەک و تەقەمەنی و پێداویستییەکانی ئەو کەتیبەیان پێداوین، هەروەها هەمەری سەربازییان بۆ کەتیبەیەکی ترمان دابینکردووە."
مانگانە هێزەکانی هاوپەیمانان نزیکەی ٢٠ ملیۆن دۆلار تەرخان دەکەن، بۆ موچەی هێزەکانی پێشمەرگە بەتایبەت ئەو هێزانەی لە چوارچێوەی هێزی پێشمەرگەدا یەکخراونەتەوە.
فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی دووی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە ڕوونیکردەوە، تا ئێستا بودجەو موچەی هێزەکانیان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە، وتی" هاوپەیمانان داوای هەندێ ڕێکاری یاساییان لێکردووین، بەڵێنییان داوە دواتر موچەو بودجەمان لەلایەن هاوپەیمانانەوە بۆ دابین بکرێت."
هێزەکانی هاوپەیمانان بەردەوام لە گفتووگۆدان لەگەڵ یەکێتی و پارتی و حکومەتی هەرێم، داوای دوور خستنەوەی دەستی حزب لە هێزە چەکدارەکان و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن.
لیوا روکن مەریوان، وتی"هێزی پشتوانی یەک و دوو لە چوارچێوەی بەرنامەی چاکسازی خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە
هەروەها وتیشی"ئیش و کارەکانمان خراوەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام واجباتمان و ئەو ناوچانەی بۆمان دیاریکراوە بیپارێزین وەکو خۆی ماوە."