Accessibility links

توێژەران بە یارمەتی باڵندەی مردوو لێکۆڵینەوە دەکەن


زانایانی ویلایەتی نیو مەکسیکۆ لە باشووری ڕۆژئاوای ئەمەریکا لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەیەکی نائاساییەوە ژیانێکی نوێ بە باڵندە مردووەکان دەبەخشن.

تیمێک لە پەیمانگای کانزا و تەکنەلۆژیای نیو مەکسیکۆ لە شاری سۆکۆرۆ باڵندەی مردووی وشککراو بەکاردەهێنن. وشککردن هونەری ئامادەکردنی ئاژەڵە مردووەکانە بۆ ئەوەی وا دەربکەوێت کە هێشتا لە ژیاندان.

تیمەکە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە فڕین، باڵندەکان دەکەنە شیوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

مستەفا حەسەن ئالیان مامۆستای ئەندازیارییە و سەرکردایەتی پڕۆژەکە دەکات. بۆی دەرکەوتووە کە باڵندە ئامێرەکان ئەو ئەنجامەیان بەرهەم نەهێناوە کە چاوەڕێیان دەکرد.

برێندان هێرکنهۆف، خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی تەکنەلۆجیای نیو مەکسیکۆ، خەریکی ئامادەکردنی باڵندەی ڕۆبۆتە
برێندان هێرکنهۆف، خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی تەکنەلۆجیای نیو مەکسیکۆ، خەریکی ئامادەکردنی باڵندەی ڕۆبۆتە

وتی: "ئێمە ئەم بیرۆکەیەمان هێنایە ئاراوە کە دەتوانین باڵندەی مردوو بەکاربهێنین و بیانکەین وەک فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان، هەموو شتێک ئامادەیە ئێمە ئەندازیاری پێچەوانە دەکەین".

تا ئێستاش فڕۆکەی باڵندە وشککراوەکان لەو زانکۆیە تاقیدەکرێنەوە. ئامانج لێی باشتر تێگەیشتنە لەوەی کە باڵندەکان چۆن بە کۆمەڵ بەیەکەوە دەفڕن و چۆن گروپەکان پێکدەهێنن. حەسەن ئالیان وتیشی" پیشەسازی فڕۆکەوانی دەتوانێت لەم توێژینەوەیەدا قازانج و سوود وەربگرێت".

هەرەها وتی "ئەگەر فێربین وتێبگەین ئەم باڵندانە چۆن دەجووڵێن و وزە لە نێوان خۆیاندا بەکاردینن، دەتوانین ئەوە لە پیشەسازی فڕۆکەوانی داهاتوودا بەکاربهێنین بۆ پاشەکەوتکردنی وزەی زیاتر و پاشەکەوتکردنی سووتەمەنی زیاتر".

برێندن هێرکنهۆف خوێندکاری دکتۆرایە لە زانکۆی تەکنەلۆجیای نیو مەکسیکۆ. ئەو لێکۆڵینەوە لە کارایی فڕین دەکات، لەنێویاندا چۆنیەتی سنووردارکردنی بەفیڕۆدانی وزە.

هێرکنهۆف لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن ڕەنگ کاریگەری لەسەر کارایی فڕین هەیە.

وتیشی "ئێمە تاقیکردنەوەمان کردووە و دیاریمان کردووە کە بۆ فڕۆکە باڵ جێگیرەکان، بەکارهێنانی ڕەنگێکی دیاریکراو دەتوانێت کارایی فڕین بگۆڕێت. هەروەها ئێمە پێمان وایە هەمان شت بۆ باڵندەکان ڕاستە".

حەسەن ئالیان زیاتر وتی" فڕۆکەی باڵندەی ووشککراو تا تەنها 20 خولەک دەفڕێت". وتیشی" هەنگاوی داهاتوو ئەوەیە کە زیاتر بفڕێت و تاقیکردنەوە لە دەشت و کێویدا لەگەڵ باڵندەی زیندوو ئەنجامبدرێت".

سەرچاوە / ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG