Accessibility links

سەرۆکی نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغدا: ئینشا‌ڵا سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو عێراق 400 ملیار دینارەکە ڕه‌وانه‌ دەکات


فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد
فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد

تا ئێستا حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە موچەی مانگی 4ی فەرمانبەرانی دابین بکات، بەرپرسانی هەرێمیش کە لەم پرسە ئاگادارن بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێن عێراق بە هۆکاری "هونەری" و "ئیداری" ناردنی 400 ملیار دیناری دواخستووە کە بڕیاربوو وەک "قەرز" بۆ هەرێمی بنێرێت دوای ڕێککەوتنی هەولێر لەگەڵ بەغدا لەسەر دۆسیەی هەناردەکرنی نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای عێراقی سۆمۆوە. لەو کاتەوە حکومەتی سودانی پارەکە وەکو "قەرز" بۆ حکومەتی هەرێم دەنێرێت بۆ بازدان بەسەر بڕیارەکەی دادگا.

حکومەتی هەرێم پێشتر وتویەتی کە بەهۆی وەستانی هەناردەکرنی نەوتی هەرێم، بە تەنیا ناتوانێت موچەی فەرمانبەرانی بدات و پێویستی بەو پارەیە دەبێت کە عێراق دەینێرێت.

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بەغدا ڕێكاری ئه‌ملا و ئه‌ولا دەبیننەوە بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێم، کە بریتین لە بابه‌تی سولفه‌ و بابه‌تی قه‌رز ئه‌مانه‌ش پێویستی به‌ ڕێكاری یاسایی و ڕێكاری ئیداری هەیە هه‌تا ته‌واو بكرێت یان له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌تا بڕیار له‌سه‌ر ناردنی ده‌درێت."

وتیشی، "دوێنێ ڕێكاره‌كانی ناردنی 400 ملیاره‌كه‌ كۆتایی پێهات و ته‌واومان كرد بۆ ژماره‌ حساب له‌ بانكی ڕه‌شید و له‌ بانكی ڕافیده‌ین ته‌واومان كرد، وه‌ دوو گرێبه‌ستی نێوان وه‌زیری دارایی هه‌رێم له‌گه‌ڵ هه‌ردوو بانكه‌كان واژۆ كراو ئینشاڵا له‌سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو ئه‌و 400 ملیاره‌ ڕه‌وانه‌ ده‌كرێت."

هۆکاری ناردنی پارەکە لە ژێرناوی قەرزەوە دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی 25ی مانگی ڕابردوو ئەو کاتەی دادگای فیدراڵی عێراقی لەسەر داوای پەرلەمانتاری عێراق مستەفا سەنەد بڕیاریدا بەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بەناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان نادروستن، بەمجۆرەش کۆتایی هێنا بە چیرۆکی ناردنی ئەو چوارسەد ملیار دینارەی کە سەرەکوەزیران لە چوارچێوەی ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنی کورد دابینیکردبوو.

فارس عیسا ڕایگەیاند، "له‌بەرئەوەی هه‌ندێک بڕیاری توند دژی خه‌ڵكی كوردستان دراوه‌ له‌وانه‌ بڕیاری دادگای فیدڕاڵی كه‌ به‌ بۆچوونی ئێمه‌ بڕیارێكی سیاسی بووه‌، وا حساب ده‌كەینن تۆزێک بۆ ئه‌وان قورسه‌ ئه‌م بڕیاره‌ تێپه‌ڕێنن."

ڕێکارە هونەری و ئیدارییەکان

نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی کاروباری دارایی و ئابوری لەپەرلەمانی هەرێم، بە هەمان شێوە ئەوەی دووپاتکردەوە کە هۆکاری نەناردنی پارەکە لە بەغداوە بۆ ڕێکارە "ئیداری و هونەریەکان" دەگەڕێتەوە.

ئەو بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "هەر بڕە پارەیەک ئێستا هەرێم وەریبگرێت شتێکی زیادە نییە لەمافی خۆی، بەڵکو وەک پێشینە وەریدەگرێت و لەبەشە بودجەی هەرێم دواتر دەشکێنرێت. ئەم ڕێکارە ئیدارییانە کاتی پێدەچێت."

ڕاشیگەیاند، "عێراق جدییە لەدابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، چونکە لەناو پڕۆژە یاسای بودجەدا پشک و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم یەکلایی کراوەتەوە. هەرخۆی ئەمە خواستی دەوڵەتی عێراقی بووە. لەماوەی ئەم ساڵانەی ڕابردوودا هەمیشە بیانوویان ئەوە بووە کە هەرێمی کوردستان ئامادەیی نییە نەوتی هەرێم ڕادەست بکات. ئێستا ئەم خواستەی حکومەتی عێراق هاتۆتەدی و ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە ئێستا حکومەتی عێراقی ئیلتزاماتی خۆی جێبەجێ بکات."

لای خۆیەوە سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی، "ئه‌وه‌ی ئێستا ڕه‌وانه‌ ده‌كرێت بۆ هه‌رێم له‌ به‌شه‌ بودجه‌ی 2023 ی هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ هه‌تا ئێستا په‌سه‌ند نه‌كراوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ بانكه‌كان ئه‌و بڕه‌پاره‌یه‌ ده‌درێت وه‌كو قه‌رز."

فارس عیسا وتیشی، "مامه‌ڵه‌ی بانكه‌كان له‌گه‌ڵ قه‌رز هه‌ندێكی ڕێكاری یاسایی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌ ئه‌مه‌یه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی تۆزێک دوابكه‌وێت ئومێده‌وارین سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو ڕه‌وانه‌ بكرێت من دڵنیاشم هیچ نه‌ماوه‌ بۆئه‌وه‌ی ڕه‌وانه‌ نه‌كرێت."

جیاوازی ڕێککەوتنەکە

هەرچەندە لەکابینەکانی ڕابردوو چەندین جار هەرێم و بەغداد ڕێککەوتنییان ئەنجامداوە، بەڵام بەردەوام هەردولا یەکترییان بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکان تۆمەتبار دەکرد.

فارس عیسا بە دووری زانی ئەمجارە ئەو ئەزموونە دووبارە ببێتەوە.

ئەو وتیشی، "پێشتر ساڵانه‌ حكومه‌تی عێراقی بودجه‌ی خۆی ئاماده‌ ده‌كرد ئینجا ئێمه‌ ده‌هاتین خۆمان له‌گه‌ڵ ئه‌و پرۆژه‌یاسایه‌ ده‌گونجاند. به‌ڵام ئه‌مجاره‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ئێمه‌ وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یه‌كه‌م لایه‌ن بووین له‌ ده‌وڵه‌تی عێراقی به‌شداربووین له‌ ئاماده‌كردنی پرۆژه‌ و ئه‌وه‌ی له‌سه‌رشانی ئێمه‌ بوو جێه‌جێمان كرد له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ ته‌واومان كرد."

ئەو پێیوایە کە بوودجەی نوێی عێراق "بێ كێشه‌ په‌سه‌ند بكرێت" و لە ناویدا بە گوێرەی یاسای بەشی هەرێمی کوردستان جێگەی دەکرێتەوە، تا بەم شێوەیە کێشەی موچە لە هەرێم چارەسەربکرێت.

ڕایگەیاند، "ئه‌مه‌ هه‌ر ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌ردوو حكومه‌ت نییه‌، به‌ڵكو ڕێككه‌وتنی سیاسی كراوه‌، لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی تریش ئه‌مڕۆ حكوم له‌ عێراق ده‌كه‌ن به‌ناوی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت و ئه‌م حكومه‌ته‌ش له‌و هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ دروست بووه‌ و ڕێككه‌وتنێكی سیاسی پێشوه‌خت له‌به‌رئه‌وه‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی تریش ڕازین هیوادارین پابه‌ند بن و هیچ لایه‌ش پاشه‌كشێ نه‌كات له‌ ڕازی بوونی پێشتریان."

نەرمین مەعروف دەڵێت"پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی عێراقی 16ترلیۆن دینارە، ئەگەر ئەم 16 ترلیۆنە دابەشی دوانزە مانگەکەی بکەین، ئەوا بەشە بودجەی هەرێم مانگانە زیاتر لە ترلیۆنێک دیار دەکات."

نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی کاروباری دارایی و ئابوری لەپەرلەمانی هەرێم، بە هەمان شێوە پیوایە لەگەڵ پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق، کێشەی موشەش چارەسەردەبێت.

بە دەنگی ئەمەریکای وت "پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی عێراقی 16ترلیۆن دینارە، ئەگەر ئەم 16 ترلیۆنە دابەشی دوانزە مانگەکەی بکەین، ئەوا بەشە بودجەی هەرێم مانگانە زیاتر لە ترلیۆنێک دیار دەکات."

ڕێککەوتنی نەوت

ڕۆژی 4ی مانگی ڕابردوو هەردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێککەوتننامەی ناردنی نەوتی هەرێمیان لە ڕێگەی سۆمۆوە واژۆکرد.

لەساڵی 2014وە بەبڕیاری حکومەتی ئەوکاتی عێراق بەشە بودجەی مانگانەی هەرێم بڕدرا لەسەر ئەوە کە حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی تورکیاوە بڕیاری ناردنی نەوتی دابوو. لەدوای ئەوەش بەردەوام بەرپرسانی هەرێم باسییان لەوە دەکرد کە بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە سزادانی سیاسییە.

نوێنەری یکومەتی هەرمی کوردستان دەڵێت، "له‌ ڕێككه‌وتنی به‌ڕێز كاک مه‌سرور و به‌ڕێز سودانی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ بابه‌تی مووچه‌ و بابه‌تی قووتی خه‌ڵكی كوردستان به‌سیاسی نه‌كرێت و هه‌مان مامه‌ڵه‌ی به‌شه‌كانی تری عێراق بكرێت له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی هه‌رێم."

XS
SM
MD
LG