یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هۆشداری دەدات بە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و دەڵێت، "گەورەترین مەترسی و هەڕەشە لەسەر هەرێمی کوردستان ناکۆکی و دابەشبوونی نێوماڵی کوردی خۆیەتی."
باربرا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وتی، "هەرێمی کوردستان هەموو ئەو شتانەی هەیە کە دەتوانێت لەو ڕێگایانەوە ئابوری گەشەسەندو و سەقامگیری بەدیبهێنێت. خواستی ڕاستەقینە بۆ ڕێککەوتن و یەکگرتووی یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکان کە هەرێمی کوردستان لەسەر پێی خۆی بمێنێتەوە."
ئەم وتانەی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوسان لەمیانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی بوو کە ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
لیف لەقسەکانیدا ڕونیکردەوە، "مەبەستم لە یەکگرتووی و یەکبوون واتای بونی یەک پارتی سیاسی نییە، بەڵکو فرەڕەنگی و فرەچەشنی گرنگە هەبێت. لەنێو ماڵی کوردی ئەوەی کە ئێستا مەترسییە نەبوونی ئیرادە و هەوڵی یەکگرتووییە."
کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی
دەربارەی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی کە ئەمەریکا نیگەرانە لەو دابەشکاری و دووبەرەکیەی لەنێو ماڵی کوردیدا هەیە.
وتیشی، "ئەم دووبەرەکیە زیانی هەیە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی ناوچەکە، ئەمەش واتای ئەگەر ئەم دۆخە باش نەبێت بۆ خەڵکی کوردستان ئەوا باش نابێت بۆ هەموو عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش."
ئەو بەرپرسەی ئەمەریکا ئاماژەی دا بە کۆبونەوەکانی لەگەڵ بەرپسانی هەرێمی کوردستان و وتی هانی داون بۆ دانیشتن و ڕێکەوتن لەسەر ناکۆکیەکان.
وتیشی، "لەوڵاتی ئێمەش ناکۆکی هەبووە، بەڵام کاری سەرکردە سیاسییەکان ئەوەیە دابنیشن و لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن بکەن. بەرژەوەندی خەڵکیش لەسەروهەموو بەرژەوەندییەکانە."
پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و کورد
لەوەڵامی پرسیاری پەیامنەری دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بەوەی هەندێکجار لەلایەن بەرپرسانی کوردەوە گللەیی ئەوە لە ئەمەریکا دەکەن کە وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژ لەکورد ناڕوانن، باربرا لیف لیف پەیوەندی ئەمەریکای لەگەڵ گەلی کورد بە "مێژوویی" نیشانە کرد.
ئەو ڕایگەیاند، "هەمووان دەزانن کە پەیوەندییەکی مێژووی باشمان لەگەڵ سەرکردەکانی کورد هەبووە. بەبەردەوامی چەندیش جاریش دووپاتمان کردۆتەوە کە هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و یەکگرتوو لەچوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا زۆر گرنگە و لەبەرژەوەندی هەموو لایەکدا دەبێت. قوربانی و بەرژەوەندی هاوبەشمان هەبووە. هەمیشە دەرفەتی ئەوەش هەیە پەیوەندییەکانمان لە ئایندە فراوانتر بکەین."
بەرتەسکبوونەوەی ئازادی لەهەرێم
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بە بەرتەسکبوونەوەی ئازادی ڕۆژنامەوانی کرد لەهەرێمی کوردستان و وتی: لەچەند ساڵی ڕابردوودا ئازادی ڕۆژنامەوانی لەهەرێم بەرەو تەسکبوونەوە چووە، هەموو ئەو پێشێلکارییانەی کراون لە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دەرەوە ساڵانە بڵاوکراونەتەوە، میدیای ئازاد و سەربەخۆ شانبەشانی دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ ڕۆڵی گرنگییان هەیە لە پێشکەوتنی دیموکراسیدا لەهەروڵاتێکدا.
بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی سلێمانی
سەرەتای مانگی ڕابردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەڕێگای درۆنەوە بۆردومانکرا، بەوتەی وتەبێژی هەسەدە بۆردومانەکە بۆ کاروانی ئۆتۆمبێلی شاندێکی هاوپەیمانان و بەرپرسی هەسەدە(مەزڵوم عەبدی) بووە کە بەمەبەستی دانانی پلانی هاوبەش بۆ ڕووبەڕوبونەوەی تیرۆر سەردانی سلێمانیان کردووە.
هەرچەندە تائەم ساتەش بەفەرمی تورکیا بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕانەگاەیاندووە، بەڵام بەرپرسانی هەسەدە و یەکێتی و بەشێک لەپەرلەمانتارانی عێراق تورکیا تۆمەتبار دەکەن بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە.
باربرا لیف سەبارەت بەبۆردومانی فڕۆکەخانەی سلێمانی وتی: ئێمە دژی هەر بۆردومان و هێرشێکین کە هاوڵاتیانی سڤیل و ئەندامانی هێزەکانی هاوپەیمانان بکەنە ئامانج، داواش لە دراوسێکانی عێراق دەکەین ڕێز لەسەرەوەری خاکی عێراق بگرن.
ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد
تەوەرێکی تری قسەکانی لیف تایبەتبوو بەڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد، لیف وتی" ئێمە ئەوە ناونانێین ڕادەستکردنی نەوتی هەرێم بەبەغداد، بەڵکو ناوی دەنێم ڕێککەوتن کە لەڕێی گفتوگۆوە لەنێوان هەردولادا ئەنجامدراوە".
وتیشی " ئەم ڕێککەوتنە هەم بۆ بەغداد و هەرێم هەم بۆ خەڵکی باشە، ئێمە پشیتیوانی لێدەکەین و هانی دەدەین، هیوادارین بەزوترین کاتیش هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگای تورکیاوە دەستپێبکاتەوە".
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وتیشی "سەردانی ئەم جارەم بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان شتی سەرنج ڕاکێشی تێدابوو، جیاواز لە دواین سەردانی پێشووم کە لەسەرەتای پێکهێنانی حکومەتی عێراق بوو، ئەوەی بۆ من جێی سەرنج و خۆشحاڵی بوو ئەوەبوو کە بەغداد و هەرێم شتی باش لەسەر یەکتر دەڵێن".