Accessibility links

کۆشکی سپی نکوڵی لەوە دەکات دەستی هەبوبێت لە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر کرێملین 


ڕۆژێک پاش ڕاگەیاندنەکەی ڕووسیا لەسەر ئەوەی گوایە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیا هێرشی کردووەتە سەر کرێملین و ئەمەریکاش دەستی لە هێرشەکەدا هەبووە، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی ئەو بانگەشانەی ڕووسیای بە درۆ ناو برد.

جان کێربی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند "دڵنیاتان دەکەمەوە کە ئەمەریکا دەستی لەو بابەتەدا نەبووە و هەرچییەک ڕوویداوە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە."

گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی گوتیشی "ئەمەریکا نە هانی ئۆکرانیا دەدات و نە ئامێر و کەرەستەی سەربازیش بۆ هێرشەکانی دەرەوەی سنوورەکانی دابین دەکات."

کێربی گوتیشی "هێشتا ڕوون نییە کە بەڕاستی لە کرێملین چی ڕوویداوە و ئێمە لەو بارەیەوە هیچ نازانین و هەڵسەنگاندن بۆ بابەتە دەکەین".

هەروەها ئۆکرانیاش ئیدیعاکانی ڕووسیای سەبارەت بە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر کرێملین بە مەبەستی کوشتنی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە پێدەچێت مۆسکۆ ئەو بابەتە وەک بیانوویەک بۆ هێرشی نوێ بۆ سەر ئۆکرانیا بەکاربهێنێت.

دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین ڕۆژی پێنجشەممە ئیدیعای کرد کە ئەمەریکا لە پشت هێرشەکەوە بووە بۆ کوشتنی پوتین.

گوتەبێژی کرێملین لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "هەوڵەکانی ئۆکرانیا و ئەمەریکا بۆ ڕزگاربوون لە بەرپرسیارێتی تێوەگلان لەو هێرشە جێگای پێکەنین و گاڵتەجاڕییە."

پێسکۆڤ گوتیشی " ئێمە باش دەزانین کە بڕیارەکان سەبارەت بەو جۆرە کردە تیرۆریستیانە نەک لە کیێڤ، بەڵکو لە واشنتن دەدرێت."

لە وەڵامی لێدوانەکانی پێسکۆڤدا، کێربی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵی MSNBC گوتی "بێ ئەملاولا، پێسکۆڤ درۆ دەکات."

XS
SM
MD
LG