Accessibility links

سەرکردەیەکی یەکێتی دەڵێت "هه‌ندێك لایه‌نی عێراقی" ده‌یانه‌وێت له‌ یاسای بودجه‌ حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ندبكرێت به‌ "دوانه‌خستنی" پشكی سلێمانی


به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی به‌غدای یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌ڵێت "هه‌ندێك لایه‌نی عێراقی" ده‌یانه‌وێت له‌ یاسای بودجه‌دا حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ند بكرێت به‌ "دوانه‌خستنی" پشكی بودجه‌ی سلێمانی.

له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێکی زۆری میدیا ناوخۆییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئەوەیان بڵاوکردەوە کە گوایە یه‌كێتی لە هەوڵدایە بۆ به‌جیا ناردنی به‌شه‌ بودجه‌ی سلێمانی له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌، ئەمەش بە هۆی نیگەرانی یەکێتی لە شێوازی مامەڵەکردنی حکومەتی هەرێم بە پشکی ناوچەی "سەوز."

تا ئێستا هیچ بەرپرسێکی یەکیتی ئەم دەنگۆیانەی پشتڕاستنەکردۆتەوە.

رابیحه‌ حه‌مه‌د، به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی به‌غدای یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، ئامادە نەبوو ڕاستەوخۆ لەسەر ڕاستی ئەو بدوێت. ئەو بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی، "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌وڵێكین سنوری سلێمانی بێ به‌ش نه‌كرێت له‌ مافه‌كانی، چونكه‌ زۆرترین قوربانی ده‌ستی ڕژێمی به‌عس له‌ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری سلێمانی بووه‌. ناكرێت له‌ بودجه‌ بێ به‌ش بكرێت. گه‌ر هه‌رێم كه‌مته‌رخه‌م بێت به‌رامبه‌ر سلێمانی، سلێمانی ناچاره‌ ڕێگه‌ چاره‌ی تر بدۆزێته‌وه‌ تا مافی هاوڵاتییان و فه‌رمانبه‌ران نه‌فه‌وتێت."

رابیحه‌ حه‌مه‌د کە لە هەمانکاتدا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یەکێتی یە، ڕاگه‌یاند، "لایه‌نی سیاسی هه‌یه‌ له‌ عێراق ڕای وایه‌ ده‌بێت له‌ یاسای بودجه‌دا حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ند بكرێت به‌ دوانه‌خستی به‌شه‌ بودجه‌ی سلێمانی."

ئەو ئامادەنەبوو ناوی ئەو لایەنە سیاسییە بهێنێت.

لە بەرامبەردا په‌رله‌مانتارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان جیا كردنه‌وه‌ی پشكی سلێمانی لەو بودجەیەی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ و پێیوایه‌ هه‌ر هه‌وڵێك به‌م ئاراسته‌یه‌ بدرێت، به‌ هه‌وڵدان بۆ له‌تكردنی هه‌رێم و زه‌مینه‌ سازی بۆ پێكدادانی یه‌كێتی و پارتی لێكده‌درێته‌وه‌.

دەنگۆی هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتی بۆ به‌ جیا ناردنی پشكه‌ بودجه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ بۆ سلێمانی له‌كاتێكدایه‌، په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ته‌واوه‌تی تێكچووه‌ و تیمی یه‌كێتی له‌نێو حكومه‌تی هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی له‌ مانگی 10ی ساڵی ڕابردووه‌وه‌ بایكۆت كردووه‌.

شوان محه‌مه‌د رۆسته‌م، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەدووری زانی کە حکومەتی عێراق ئەم هەنگاوە بگرێتە بەر.

ئەو بە ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای وت، "حكومه‌تی عێراق به‌ جیا بودجه‌ ناداته‌ سلێمانی، چونكه‌ په‌یوه‌ندی نێوان عێراق و هه‌رێم له‌ ئاستێكی باشدایه‌. هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تیش سه‌قامگیری ده‌وێت و سه‌در خۆی مه‌ڵاس داوه‌ بۆیان. هه‌روه‌ها بودجه‌ ناردن به‌ جیا ناده‌ستورییه‌."

ئه‌و وتیشی،"گه‌ر به‌غدا بودجه‌ به‌ جیا بداته‌ سلێمانی كه‌واته‌ ده‌یه‌وێت هه‌رێم په‌رت بكات و پارتی و یه‌كێتی بدات به‌گژ یه‌كدا. ئه‌مه‌ ئێران و ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی تریش پێیان ناخۆشه‌."

هەناردەکرنەوەی نەوتی هەرێم

هەوڵەکان بۆ ناردنی پارە لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە به‌هۆی سكاڵایه‌كی عێراق له‌سه‌ر توركیا له‌ ژووری پاریسی دادگای ناوبژیوانی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر ڕێگه‌دان به‌ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم، له‌ كۆتایی مانگی سێوه‌ توركیا ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هەرێمی ڕاگرتووه‌.

هەرچەندە هەولێر و بەغدا پێشتر ڕایانگەیاندووە کە گەیشتونەتە ڕێکەوتن بەوەی نەوتەکەی هەرێم لە ڕێگەی سۆمۆوە هەناردەبکرێت، بەڵام تورکیا تا ئێستا ڕێگەی نەداوە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکە.

به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی به‌غدای یه‌كێتی لەم بارەوە وتی، "پاساوی توركیا زیان كه‌وتنه‌ له‌ بۆرییه‌ نه‌وتییه‌كان به‌هۆی بومه‌له‌رزه‌وه‌، به‌ڵام مه‌سه‌له‌ی سیاسی و ئه‌و قه‌ره‌بووه‌ش كه‌ توركیا ده‌بێت بیداته‌ عێراق و بابه‌تی ئاویش هۆكاری ڕێگه‌نه‌دانی توركیان به‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ناردنی نه‌وت."

بە بڕوای ئه‌ندامەکەی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ فراكسیۆنی پارتی ده‌ست پێنه‌كردنه‌وه‌ی ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هەرێم "ڕه‌نگه‌ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ڵبژاردنی توركیاشه‌وه‌ هه‌بێت."

حكومه‌تی هه‌رێم و عێراق له‌ دوای ڕاگرتنی ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم، له‌سه‌ر دۆسیه‌ی نه‌وت و به‌شێك له‌ كێشه‌ دارایی و ئابوورییه‌كانی نێوانیان ڕێككه‌وتوون، بۆیه‌ هه‌رێم چاوه‌ڕوانی خه‌رج كردنی بودجه‌ و موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌ له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌.

به‌ڵام رابیحه‌ حه‌مه‌د وتی"جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌وه‌ستێته‌وه‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی بڕگه‌ و ماده‌كانی یاسای بودجه‌ له‌ ناو په‌رله‌مان چۆن په‌سه‌ند ده‌كرێت، ئایا كوتله‌كان ڕێككه‌وتنه‌كه‌ وه‌ک خۆی په‌سه‌ند ده‌كه‌ن، به‌ڵام زۆر به‌رچاو ڕونیش نیین ئایا ڕێككه‌وتنه‌كه‌ تا سه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت."

هه‌روه‌ها وتیشی،"هه‌ندێک هێز له‌به‌رژه‌وه‌ندییان بدرێت، له‌وانه‌یه‌ گرفت دروست ببێت بۆ ڕێككه‌وتنه‌كه‌، به‌ڵام هه‌رێم و فه‌رمانبه‌ره‌كانی له‌مه‌دا زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن."

XS
SM
MD
LG