Accessibility links

رێوڕەسمی تاج لەسەرنانی چارڵزی سێیەم وەک پاشای بەریتانیا بەڕێوەچوو


ڕێوڕەسمی تاج لەسەرنانی چارڵزی سێیەم، شای بەریتانیا و کامیلای هاوسەری وەک شاژنی بەریتانیا ڕۆژی شەممە، 6ی مانگی پێنج، بەپێی نەریتی هەزار ساڵەی وڵاتەکە لە کڵێسای وێستمینستەر لە لەندەن بەڕێوەچوو.

لە ماوەی حەفتا و یەک ساڵی ڕابردوودا ئەمە یەکەمجارە چالاکییەکەی گەورەی لەو شێوەیە لە بەریتانیا بەڕێوەبچێت.

چارڵزی سێیەم لە ڕۆژی کۆچی دوایی دایکی شاژن ئەلیزابێت کە بۆ ماوەی حەفتا ساڵ حوکمڕانی کرد، بە فەرمی بوو بە پاشای بەریتانیا و خاکی ناوچەکانی دیکەی ئەو وڵاتە لە جیهاندا.

چارڵزی سێیەمی تەمەن 74 ساڵ، 17 ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ کامیلای تەمەن 76 ساڵ هاوسەرگیری کردووە و هەر بۆیە تا ئەو کاتەی چارڵز لەسەر تەختی پاشایەتی بێت، هەڵگری نازناوی شاژن دەبێت.

شازادە ویلیام، کوڕە گەورەکەی چارڵز و شازادە دیانا، کە تەمەنی 40 ساڵە و خاوەنی سێ منداڵە، دوای تاج لەسەرنانی باوکی، وەک شازادەی جێنشین لەبەردەمیدا نووشتایەوە و وەفاداری خۆی بۆ باوکی ڕاگەیاند.

شازادە هەری، کوڕی دووەمی چارڵز و دیاناش بە تەنها و بە بێ هاوسەرەکەی بەشداریی لە مەراسیمەکەدا کردبوو.

چوار هەزار پۆلیس و هێزەکانی دژە تیرۆر بۆ دەستبەرکردنی ئاسایشی بەشداربووانی ئەو ڕیوڕەسمە ئامادەبوون، بەتایبەتی لەسەر ڕێگای گالیسکە شەش ئەسپییەکەی چارڵزی سێیەم و کامیلا لە کۆشکی باکینگهامەوە بۆ کڵێساکە و لە ڕێگای گەڕانەوەیان.

ڕیشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کە بەڕەچەڵەک هیندییە، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، هیچ وڵاتێکی دیکە ناتوانێت نمایشێکی سەرنجڕاکێشی لەو شێوەیە ئەنجامبدات.

رێوڕەسمەکە لەلای بەشێک لە خەڵکی بەریتانیا گرنگی تایبەتی خۆی هەیە و لەو ڕۆژەدا دڵخۆشن، هەرچەندە بۆ هەندێکیش هیچ واتایەکی نییە.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەو ڕێوڕەسمە لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە خەڵكی بەریتانیا گۆمانێکی زۆریان لەسەر تێچووی ژیان و دامەزراوەی دەسەڵاتی پاشایەتی هەیە و هەر بۆیە هەندێ خەڵک لەکاتی ڕێوڕەسمەکەدا هاواریان دەکرد کە چارڵز "پاشای من نییە" و لە نزیک شوێنی تاج دانانەکە، پۆلیس شەش کەسی بەو بۆنەیەوە دەستگیرکرد.

هەرچەندە کۆشکی بەکینگهام تێچووی رێوڕەسمەکەی دیارینەکردووە، بەڵام بە گوێرەی سەرچاوە نافەرمییەکان زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت کە ئەو بڕە پارەیەش حکومەت دابینی دەکات و ئەمەش رەخنەی زۆری لەلایەن خەڵکەوە لێدەگیرێت.

سەرچاوەکان/ ئەسۆشیەیتد پرێس/ڕۆیتەرز


XS
SM
MD
LG