Accessibility links

عه‌لی باپیر: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كان سڵاو له‌ یه‌كتری ناكه‌ن كه‌چی ده‌ستی خه‌ڵكی تر ماچ ده‌كه‌ن


عه‌لی باپیر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری كوردستان، له‌ گفتووگۆیه‌كی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا، ئاماژه‌ به‌خراپی په‌یوه‌ندی نێوان حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و خراپی دۆخی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، ده‌شڵێت"كونسوڵی توركیا پێیوتووه‌، هێشتا گفتووگۆكان له‌باره‌ی ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌قۆناغی سه‌ره‌تاییدان."

خراپی دۆخی هه‌رێم

زۆرجار به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ به‌خراپی بارودۆخی هه‌رێمه‌كه‌ ده‌كه‌ن، به‌ تایبه‌ت دوای هۆشدارییه‌كانی جنین پلاسخارتی سه‌رۆكی نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق و هۆشداریدانی به‌ به‌رپرسان له‌مه‌ڕ ناكۆكی نێوان حزب و لایه‌نه‌كان.

عه‌لی باپیر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری كوردستان، به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای ڕاگه‌یاند"خراپ ئیداره‌دانی هه‌رێم و ناته‌بایی نێوان دوو حزبه‌كه‌ و ناڕازیبوونی خه‌ڵك و موچه‌خۆران، سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسین بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، شه‌ڕه‌ قسه‌ و بێنه‌ و به‌رده‌ی ئه‌م دواییه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتیش دۆخه‌كه‌ی به‌ره‌و خراپتر بردووه‌."

ئه‌و وتیشی"شكاندنی حورمه‌تی دامه‌زراوه‌كانی په‌رله‌مان و حكومه‌ت و دادگاكان هێنده‌ی تر دۆخه‌كه‌ی خراپ كردووه‌، بۆیه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ش كه‌ له‌ ڕابردوودا هاوكاری هه‌رێمیان كردووه‌ بێ متمانه‌بوون، ئێمه‌ چه‌ند جارێك نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانمان له‌ عێراق بینی و كونسوڵ و نوێنه‌ری وڵاتانیش ده‌بینین، ئه‌وان به‌نیگه‌رانییه‌وه‌ له‌دۆخی هه‌رێم ده‌ڕوانن."

سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، هاوپه‌یمانان كه‌ تا ئێستا هاوكاری سه‌ربازی و لۆجستی هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن به‌و مه‌رجه‌ی پێشمه‌رگه‌ یه‌كبخرێته‌وه‌ و بكرێته‌ هێزێكی نیشتمانی، خه‌ریكه‌ نائومێد ده‌بن. عه‌لی باپیر وتی"فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازی پێشمه‌رگه‌ سه‌ردانی كردین، ئه‌و باسی له‌وه‌كرد كه‌ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان پێیانوتوون ته‌نها یه‌كجار ڕاستگۆ بن له‌گه‌ڵمان، هه‌ر ده‌ڵێن پێشمه‌رگه‌ یه‌كده‌خه‌ینه‌وه‌ و دۆخه‌كه‌ وه‌كخۆیه‌تی، بۆیه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ڕاگرتنی هه‌موو جۆره‌ هاوكارییه‌كیان كردووه‌، گه‌ر له‌و واده‌یه‌ی دیاریان كردووه‌ پێشمه‌رگه‌ یه‌كنه‌خرێته‌وه‌."

ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غدا و گرفتی نه‌وت

دوای ڕاگرتنی ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن توركیاوه‌، به‌هۆی سكاڵایه‌كی عێراق له‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ له‌ ژووری پاریس ی دادگای ناوبژیوانی پاریس، حكومه‌تی هه‌رێم و عێراق له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پرسی گرێدراو به‌ نه‌وت و دارایی ڕێككه‌وتوون، به‌ڵام هێشتا توركیا ڕێگه‌ی نه‌داوه‌ نه‌وتی هه‌رێم هه‌نارده‌ بكرێته‌وه‌.

عه‌لی باپیر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری وتی"چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر كونسوڵی توركیا سه‌ردانی كردین، له‌باره‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم پرسیارمان لێكرد، وتی هێشتا لێكتێگه‌یشتنێكی ساده‌ دروستبووه‌ و گرفته‌كان ماون، بۆیه‌ نه‌وت هه‌نارده‌ نه‌كراوه‌."

سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری كوردستان به‌ پێویستی ده‌زانێت هه‌رێم و به‌غدا پابه‌ندبن به‌ ڕێككه‌وتنی نێوانیانه‌وه‌، به‌تایبه‌ت ڕێككه‌وتنه‌كه‌ بۆ هه‌رێم گرنگه‌،وتی"له‌ ڕابردوودا هه‌رێم و به‌غدا یه‌كترییان به‌ پابه‌ند نه‌بوون به‌ ڕێككه‌وتنه‌كانه‌وه‌ تۆمه‌تبار كردووه‌، هه‌ردوولاشیان ڕاستیان كردووه‌، بۆیه‌ نابێت جارێكی تر پارتی و یه‌كێتی خۆشیان و خه‌ڵكی هه‌رێمیش ئیحراج بكه‌ن، با ئه‌مان پابه‌ند بن به‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌وه‌، تا نیشانه‌ی پرسیار له‌سه‌ر قسه‌و هه‌ڵوێستی عێراق دروست ببێت."

ناكۆكی نێوان حزب و لایه‌نه‌ كوردییه‌كان

سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری كوردستان ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كات، په‌یوه‌ندی نێوانیان له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی ئاساییه‌، له‌كاتێكدا ده‌كرا په‌یوه‌ندییه‌كان باشتربن، ده‌ڵێت"سه‌ردان هه‌بووه‌ له‌ نێوانمان، چه‌ند جارێك وه‌فدی پارتی برایانی ئێمه‌یان بینیووه‌، خۆشحاڵی خۆیان بۆ باشكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمان ده‌ربڕیووه‌، برایانی ئێمه‌ش پێیانوتوون گه‌ر په‌یوه‌ندی باشیتان ده‌وێت، فه‌رموون ئه‌و گرفته‌كانن و چاره‌سه‌ریان بكه‌ن."

عه‌لی باپیر وتی"به‌هێزترین كارت به‌ده‌ست هه‌رێمه‌وه‌، ته‌بایی و ڕێكی نێوخۆمانه‌، هه‌ندێك له‌ هێزه‌كان سڵاو و ته‌وقه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتری ناكه‌ن، كه‌چی خۆیان ناچار ده‌كه‌ن ده‌ستی خه‌ڵكی تر ماچ بكه‌ن، من زۆر خه‌فه‌ت به‌مه‌ ده‌خۆم."

هه‌روه‌ها وتیشی"هێزه‌كان ئاماده‌ نین سڵاو له‌یه‌كتری بكه‌ن، كه‌چی له‌به‌غدا ماڵ به‌ ماڵ ده‌گه‌رێن و له‌خه‌ڵكی تر ده‌پاڕێنه‌وه‌، ئێمه‌ گه‌ر حورمه‌تی یه‌كتری بپارێزین و پێكه‌وه‌ ته‌با بین، ئه‌وكات به‌غدا و تاران و ئه‌نكه‌ره‌ زیاتر حورمه‌تمان ده‌گرن، ساڵی 2010 بۆ 2014 كاتێك له‌ به‌غدا بووم، شكۆی هه‌رێم زۆر له‌ ئێستا زیاتربوو، كه‌چی ساڵ به‌ ساڵ شكۆ و ئیعتیباری خۆمان ده‌هێنینه‌ خوار، به‌هۆی ناته‌بایی و خۆقه‌تیس كردنمان له‌ چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حزبی."

سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌ كه‌سییه‌كانی له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، عه‌لی باپیر وتی"په‌یوه‌ندییه‌كی ئاساییه‌، ئه‌و له‌شوێنی خۆیه‌تی و منیش له‌ شوێنی خۆمم، ڕێز له‌یه‌كتری ده‌گرین، جاروبار له‌ بۆنه‌كاندا ته‌له‌فۆن یاخود پیرۆزبایی بۆ یه‌كتری ناردن هه‌یه‌."

سه‌ردانه‌كه‌ی لاهور شێخ جه‌نگی بۆ لای كۆمه‌ڵ

له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، لاهور شێخ جه‌نگی كه‌ وه‌كو هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان خۆی ده‌ناسێنێت و یه‌كێتیش ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ ئه‌و پۆسته‌ی هه‌بێت، سه‌ردانی هه‌ریه‌ك له‌ سه‌ڵاحه‌دین به‌هائه‌دین ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی و عه‌لی باپیر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری كوردستانی له‌شاری هه‌ولێر كرد.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی به‌ چی سیفه‌تێك پێشوازییان له‌ لاهور شێخ جه‌نگی كردووه‌، عه‌لی باپیر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری وتی"ئێمه‌ وه‌كو كاك لاهور شێخ جه‌نگی پێشوازیمان لێكرد، چونكه‌ ڕێز له‌ بڕیاری ناوخۆیی یه‌كێتی ده‌گرین، به‌ڵام كاك لاهور كه‌سایه‌تییه‌ و حورمه‌ت و ئیعتیباری خۆی لای ئێمه‌ و خه‌ڵكی تریش هه‌یه‌."

هه‌روه‌ها وتیشی"ئه‌و حاڵه‌ته‌ی ناو یه‌كێتی هاتووه‌ته‌ پێش، حاڵه‌تێكی ناسروشتییه‌ و پێویسته‌ خۆیان چاره‌سه‌ری بكه‌ن، ئه‌وان به‌ ڕێزگرتن له‌ یه‌كتری حورمه‌تی خۆیان فه‌رز ده‌كه‌ن، به‌و ناته‌باییه‌ش خۆیان لاواز ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ ته‌نها وه‌كو لاهور شێخ جه‌نگی پێشوازیمان لێكرد."

XS
SM
MD
LG