لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئۆکرانیا لە مانگی دووی ساڵی 2022ەوە، تورکیا سزای بەسەر ڕووسیادا نەسەپاندووە و هاوکاتیش بەردەوام بووە لە فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە ئۆکرانیا و هەوڵیشی داوە وەک ناوبژیوانێک لە نێوان هەردوو وڵاتدا مامەڵە بکات.
هەروەها شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا تورکیای بە هۆی دەستڕاگەیشتنی بە ڕێڕەوە ئاوییەکانی دەریای ڕەش و دەریای ناوەڕاستەوە، لە ڕووی ستراتیژییەوە کردووە بە شوێنێکی گرنگ.
تورکیا پەیوەندییەکی ئابووریی نزیکی لەگەڵ ڕووسیا هەیە لەوانەش لە بواری گەشتیاری، دابینکردنی گاز، دانەوێڵە و بازرگانییە کشتوکاڵییەکانی دیکە و هەر بۆیەش بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییە نزیکەکانی لەگەڵ هەردوو وڵاتی ڕووسیا و ئۆکرانیاش و هەروەها کاریگەرییەکانی شەڕی ئۆکرانیا لەسەر ئابووری جیهان، هەوڵیداوە لەم دواییانەدا لەجیاتی سازکردنی شەڕ و ئاڵۆزی لە ئاستی نێودەوڵەتییدا کە تایبەتمەندییەکی دوو دەیەی دەسەڵاتی ئەردۆغان بووە، ڕوو لە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دژبەری بکات و ڕۆڵێکی بێ لایەنیش لە شەڕی ئۆکرانیادا بگێڕێت.
بەڵام لای زۆرێک لە شەرۆڤەکارانی سیاسی نزیکبوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ڕووسیا لەم ساڵانەی دواییدا جیا لە هۆکارە ئابوورییەکان، دەگەڕێتەوە بۆ لەیێکچوونی ڕوانین و بۆچوونی سەرکردەکانی هەردوو وڵات بەرامبەر بە ڕۆژئاوا.
هەردوو بە یەک زمان سەبارەت بە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیان بەرامبەر بە ڕۆژئاوا دەدوێن و خوازیاری بەرجستە کردنی ڕۆڵ و سەپاندنی زۆرتری خۆیانن لە نەزمی جیهانیدا.
لە ئیستادا کە تورکیا تەنها یەک ڕۆژی ماوە تا هەڵبژاردنە مێژووییەکەی، ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە لە ئەگەری شکستی ئەردۆغان لە هەڵبژرادنەکاندا، ئایا پەیوەندییەکانی تورکیا و ڕووسیا گۆڕانکاری بەسەردا دێت یان وەک خۆی دەمێنێتەوە؟!
ئەحمەد کامیل ئەرۆزان، جێگری سەرۆکی پارتی باش (IYI ) کە بەشێکە لە هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە کە مۆسکۆ نیگەرانە لەوەی گۆڕانکاری لە حکومەتدا ببێتە هۆی گۆڕانی هەڵوێستی تورکیا سەبارەت بە ڕۆژئاوا و ڕووسیا.
ڕۆیتەرز نووسیوێتی "ئەرۆزان کە لە ئەگەری سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژرادنەکاندا وەک یەکێک لە پاڵێوراوان بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە سەیر دەکرێت لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە کە پێویستە لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی کارکردنیاندا لەگەڵ هەردوو وڵاتی ڕووسیا و ئەمەریکا پەیوەندییەکانیان پتەوتر بکەنەوە و سیاسەتی دەرەوەیان و وەک سیاسەتی دەرەوەی ئەردۆغان لەسەر بنەمای پەیوەندی کەسی نەبێت."
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردوە ئەگەر ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت، هەوڵدەدات پشتبەستنی وزەی بە ڕووسیا لە 50% بۆ 30% کەمبکاتەوە.
هاوکات کەمال کلیچدارئۆغڵو سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی پەیوەندییەکی بەرفراوانی ئابووری لەگەڵ ڕووسیا هەیە و لە بواری سیاسەتی دەرەوەشدا هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ مۆسکۆدا پەیڕەو دەکات.
کلیچدارئۆغڵو ڕۆژی هەینی لە وتارێکی بانگەشەکانی هەڵبژاردنیدا گوتی "ئامانجمان پاراستنی پەیوەندییەکانە و مەبەستمان نییە پەیوەندی دۆستانەی نێوان ڕووسیا و وڵاتەکەمان تێکبدەین، بەڵام ڕێگەش نادەین دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەمان بکەن."
ڕکابەرەکەی ئەردۆغان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ڕایگەیاندوو ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت ئەوا دیپلۆماسیەکی تر بۆ ئاشتی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا پەیڕەو دەکات و گوتیشی "سەرکەوتن لە بەرقەرارکردنی ئاشتی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا نەک تەنها بۆ ئێمە بەڵکو بۆ هەموو جیهان گرنگە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت بە ڕوونی ئەوە بڵێین کە داگیرکردنی وڵاتێک لەلایەن وڵاتێکی دیکەوە کارێکی هەڵەیە."
شایانی باسە کە کلیچدارئۆغڵو ڕۆژی هەینی ڕوسیای تۆمەتبار کرد بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و بابەتی ساختە بە مەبەستی دەستوەردان لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەدا و گوتی "بە بۆچوونی ئێمە دەستوەردانی وڵاتانی دیکە لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی تورکیا لە بەرژەوەندی لایەنێکی دیاریکراو جێگای قبوڵ کردن نییە."
دوای بڵاوبوونەوەی لێدوانەکانی کلیچدارئۆغڵو سەبارەت بە هەوڵەکانی ڕووسیا بۆ "دەستوەردان" لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا، کرێملین ئەو تۆمەتەی ڕەتکردەوە.
هەندێ لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەگەر کلیچدارئۆغڵو یان هەر کاندیدێکی تری ئۆپۆزسیۆن سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ئەوە کێشەیەکی گەورە دەبێت بۆ کرێملین و هەر بۆیەش بە پێچەوانەی میدیا دەوڵەتییەکانی ڕووسیا کە بانگەشە بۆ سەرکەوتنی ئەردۆغان دەکەن، میدیاکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕووسیا کە لە دەرەوەی وڵاتەوە بەرنامەکانیان پەخش دەکەن، هەڵوێستێکی نەرێنییان بەرامبەر بە ئەردۆغان هەیە.