لە کاتێکدا پێکهاتەکانی کەرکوک چاویان لەسەر بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگاری کەرکوکە، بەرەی تورکمانی عێراقی پێشنیاری نوێی بۆ یەکلایی کردنەوەی چارەنوسی ئەو پۆستە ئامادە کردووە، بەڵام پێناچێت کورد و عەرەب بەو پێشنیارە ڕازی بن.
ماردین قایا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی عێراقی، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند"دەبێت پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە شێوەی دەوری لای پێکهاتەکان بێت، هەر ساڵێک یان دوو ساڵ جارێک پۆستەکە لای پێکهاتەیەک بێت."
ئەو وتیشی"گەر پۆستەکە بەدەوری لای پێکهاتەکان بێت، هەموو پێکهاتەیەک مومارەسەی دەسەڵات دەکات و بەشدار دەبێت."
بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق بە کەرکوکیشەوە ئەنجام بدرێت، چاوەڕوان دەکرێت لە کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا لە کەرکوک کێشمەکێشی بەهێز دروست ببێت.
کورد دەیەوێت لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە پۆستی پارێزگاری کەرکوک بەدەست بهێنێتەوە، کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە لەدەستیداوە، عەرەبیش کار بۆ مانەوەی پۆستەکە لای خۆی دەکات، تورکمانیش کار بۆ بەدەستهێنانی پۆست بەڕێککەوتن دەکات.
15 کورسی بۆ ئەنجومەنی داهاتووی پارێزگای کەرکوک دانراوە، گەر ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێتە پێوەر بۆ چۆنیەتی دابەشبوونی ئەم 15 کورسییە بەسەر پێکهاتەکاندا، ئەوا کورد 6 کورسی، عەرەب 6 کورسی و تورکمان 3 کورسی بەدەست دەهێنێت.
ئیسماعیل حەدیدی کەسایەتی دیاری عەرەبی سونە لەکەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای وت"ڕەنگە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکدا رکابەری بەهێز لە نێوان کورد و عەرەب دروست ببێت، چونکە هەردوو پێکهاتەکە دەیانەوێت بەهەموو هێزیانەوە کار بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی بکەن."
جەختیشیکردەوە"کورد چاوی لەسەر پۆستی پارێزگارە و عەرەبیش دەیەوێت پۆستەکەی لابمێنێتەوە."
سەرباری ململانێی نێوان پێکهاتەکان، لە نێو لایەنەکانی هەر پێکهاتەیەکیشدا رکابەری بەهێز هەیە، لایەنە عەرەبییەکان لە نێوخۆیاندا تەبا نین، تورکمانەکانیش بەسەر شیعە و سونەدا دابەشبوون، لایەنە کوردییەکانیش بە دیاریکراوی یەکێتی و پارتی خاوەنی گوتاری سیاسی یەکگرتوو نین لەکەرکوک.
شێرزاد سەمەد، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی یەکێتی لەکەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای وت"یاسای هەڵبژاردن کێشەی یەکلایی کردنەوەی پۆستی پارێزگاری بە هەڵواسراوی هێشتووەتەوە، چونکە بە پێی یاساکە، هەڵبژاردن نابێتە بنەمای یاسایی و ئیداری بۆ داهاتووی پارێزگاکە."
هەروەها وتیشی"یاساکە دۆخەکەی پەیوەست کردووە بە ڕێککەوتنەوە، لە کاتێکدا لە چەند ساڵی رابردوودا نەتوانراوە ڕێککەوتن ئەنجام بدرێت، بۆیە گەر تانە لەیاساکە نەدرێت، کاریگەری نەرێنی دەبێت."