شاندی نوێنەرانی ئێران کە بانگهێشتی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی کرابوون، بەهۆی بینینی بەشداری حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی ئێران ئامادەنەبوون لە بۆنەکە بەشداربن و مەراسیمەکەیان جێهێشت، ئەمە بەگوێرەی سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان.
حسێن یەزدان پەنا، سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان (پاک)، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "جارێكی تر عه‌قڵیه‌تی پاوانخوازی وعه‌قڵیه‌تی خۆسه‌پاندنی ده‌وڵه‌تی ئێران خۆی ده‌رخسته‌وه. به بینینی شاندی پارته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان لە مەراسیمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی هه‌ستان و هۆڵی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌یان به‌جێهێشت."
مەراسیمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی لە 11ی مانگی پێنجی 2023 بەڕێوەچوو.
حسێن یەزدان پەنا جێهێشتنی مەراسیمی کردنەوەی یادگەی بارزانی لەلایەن ئێرانییەکانەوە بە بیانوو ناوبرد و وتی" ئه‌مه جۆرێک به‌هانه گرتن بوو به هه‌رێمی كوردستان و جۆرێک گرێ و ناڕه‌حه‌تی هه‌ڵڕشتن بوو به‌رامبه‌ر به‌و ڕێوڕه‌سمه گه‌وره‌یه‌ی كه ڕێكخرابوو و پێشوازیه‌كی گه‌وره كرابوو، کە به‌هێزكه‌ری ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌یه‌كه. بۆیه ئه‌وان (ئێرانییەکان) پێی قه‌ڵس بوون و بوونی ئێمه‌یان كرد به بیانوو و ڕۆیشتن."
وتیشی، "ناكرێت یادی بارزانی بكرێته‌وه و یادگه‌ی بۆ ڕێكبخرێت، به‌ڵام ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانی لێ بێبه‌ش بكرێت."
ڕەفتاری "گاڵتەجاڕی"
لە مەراسیمی یادگەی نیشتمانی بارزانی کە لە ناوچەی بارزان و بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی بەڕێوەچوو، چەندین بەرپرسی باڵای هەرێمی کوردستان و عێراق و نوێنەری وڵاتانی تر ئامادەبوون.
چەند میدیایەکی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان دواتر بڵاویانکردەوە شاندی كونسوڵخانه‌ی ئێران "بە توڕەییەوە" مەراسیمەکەیان جێهێشتبوو.
حسێن یەزدان پەنا ئەم هەڵوێستەی شاندی ئێرانی بە"گاڵتەجاڕی" ناودەبات و دەڵێت" ئە‌وان پێیانوایه هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت به‌پێی ویست و حه‌ز و ئاره‌زووی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌وان بجوڵێته‌وه كه ئه‌وه‌ش ناچێته‌سه‌ر. هه‌رێمی كوردستان بۆ خۆی سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆی هه‌یه."
یەزدان پەنا ئەوەشی وت" به‌بۆچوونی من ئه‌گه‌ر ئێمه بانگهێشت نه‌كراینایه كه‌موكوڕیه‌ک به‌و ڕێوڕه‌سمه‌وه ده‌بینرا."
"بۆ ئێمە هیچ گرنگ نەبوو"
دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بەچەند بەرپرسێکی هەرێم و خودی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە هەڵوێستییان لەسەر جێهێشتنی مەراسیمەکە لەلایەن شاندی ئێرانیەوە، بەڵام هەوڵەکان بێ ئاکام بوون.
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا لەدوای مەراسیمەکە هیچ شتێک بەئێوە وتراوە لەلایەن بەرپرسانی هەرێم لەسەر ئەو هەڵوێستەی شاندە ئێرانییەکە؟ حسێن یەزدان پەنا وتی" نه‌خێر هیچ به ئێمه نه‌وتراوه، له‌ڕاستیدا هۆكارێكیش نییه بۆئه‌وه‌ی به ئێمه بوترێت ،چونكه ئێمه بانگهێشت كراوبووین و ئه‌وانیش بانگهێشت كراوبوون، به‌ڵام ئه‌وان ته‌حه‌مولی بینینی ئێمه‌یان له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا نه‌بوو ڕۆیشتن. "
سەبارەت بەوەی ئایا پێشوەخت زانیویانە شاندی ئێرانی لەو مەراسیمەدا ئامادە دەبن؟
سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان وتی"له‌ڕاستیدا بۆ ئێمه هیچ گرنگ نه‌بوو، كونسوڵی ئێران ده‌چنه كوێ یان ناچنه كوێ، ئه‌وه په‌یوه‌ندی به سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم و حزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌یه كه چۆن په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ڕێكده‌خه‌ن، ئێمه لای خۆمانه‌وه حسابێک بۆ بوون و نه‌بوونی ئه‌وان له شوێنێک ناكه‌ین."
ئێران نیگەرانییەکانی گەیاندە عێراق
ڕۆژی یەکشەممە ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێرانی بڵاویکردەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران باڵوێزی عێراقی لە تاران بانگکردووە، نیگەرانی ئێرانی گەیاندووەتە عێراق لەسەر چالاکی حزبەکانی کوردستانی ئێران لەناو هەرێمی کوردستان.
بەشێک لە میدیا لۆکاڵییەکان ئەوەیان بڵاوکردەوە کە هەندێکد لەنیگەرانییەکانی ئێران تایبەت بووە بەبەشداری حزبە کوردییە ئێرانییە ئۆپۆزسیۆنەکان لە مەراسیمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانیدا.
حسێن یەزدان پەنا دەڵێت، "به‌دواداچوونمان بۆ هه‌واڵه‌كان کرد، زانیمان وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران باڵوێزی عێراقیان له تاران بانگ كردووه و لێپرسینه‌وه‌یان له‌سه‌ر كردووه. له‌وه دڵنیا بووین كه بابه‌ته‌كه به‌وشێوه‌یه بووه، بێگومان له‌سه‌ر به‌شداریكردنی ئێمه بووه له‌و مه‌راسیمه‌دا."
وتیشی، "ئێران هه‌میشه ویستویه‌تی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی خه‌ڵک و قه‌یرانه جۆراوجۆره‌كانی خۆی بنێرێته ده‌ره‌وه و به‌سه‌ر ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا بنێت."
یەزدان پەنا زیاتر وتی،"به‌رده‌وام له 33 ساڵی ڕابردوودا به‌جۆره‌ها ڕه‌فتاری نه‌شیاو ئامانجیان عه‌زیتدان و گوشار خستنه‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و لایه‌نانه‌یه كه ده‌یانه‌وێت وه‌ک دراوسێیه‌كی باش مامه‌ڵه بكه‌ن نه‌ک وه‌كو ئه‌وه‌ی ئه‌وان فه‌رمان بكه‌ن و ئه‌مانیش جێبه‌جێی بكه‌ن."