ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەمەی نێوان مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتیدا گفتووگۆ لەسەر کۆمەڵێک پرسی گرنگی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردن و پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا کراوە و کۆبوونەوەکان بەردەوامییان دەبێت.
پۆڵا تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە ڕۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەی نێوان مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی و دەزگای هەڵبژاردن و ئۆرگانە جیاوازەکان درێژەیان دەبێت."
هەروەها وتیشی، "لێکتێگەیشتنی باش دروستبووە، بەڵام پرسی تر هەیە پێویستی بە لێکتێگەیشتن هەیە و بیروڕای جیاوازیان لەسەرە. هەموو ئەو پرسانە قابیلی گفتووگۆ و موناقەشەی زیاترن لە ڕۆژانی داهاتوودا."
ڕۆژی 11ی ئەم مانگە، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وتەیەکدا کە لە مەراسیمی کردنەوەی یادگەی بارزانی کە لە ناوچەی بارزان پێشکەشیکرد، داوای لە یەکێتی و پارتی و حزب و لایەنەکان کرد کۆببنەوە.
مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ سێشەمە، کە لە سلێمانی ئەنجامیاندا، ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند "دوای دەستپێشخەریەکەی جەنابی کاک مەسعود، ئەمڕۆ 16ی 5 مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆبووینەوە، هاوڕابووین لەسەر هاویشتنی هەنگاوی کرداری بۆ ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کورد و بەهێزکردنی قەوارەی دەستوری هەرێم و پەلەکردن لە هەنگاوە یاسایی و سیاسییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ئەمساڵدا."
پۆڵا تاڵەبانی بە پێویستی دەزانێت ڕێککەوتنەکانی نێوانیان لەگەڵ پارتی لەسەر" ئەرزی واقیع" جێبەجێ بکرێن، تا ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانی خەڵکی کوردستان هەبێت.
پۆڵا تاڵەبانی دەڵێت، "ئەزموونی ڕابردوو سەلماندی هەرکات یەکێتی و پارتی نێوانیان باش بووبێت و ڕێککەوتنەکان جێبەجێ کرابن، ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانی خەڵک هەبووە و لە عێراق و لەڕووی نێودەوڵەتیشەوە پێگەی کورد بەهێز بووە."
کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی دوای یەکتربینینی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری هات لە 8ی ئەم مانگە. یەکتربینینەکە لەکاتێکدابوو بەهۆی خراپی پەیوەندییەکانی نێوانیان، تیمی یەکێتی لە حکومەت ماوەی زیاتر لە 6 مانگ بوو کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی بایکۆت کردبوو.
پۆڵا تاڵەبانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی پێیوایە حزب و حکومەت دوو دامەزراوەی تەواوکەری یەکترین، دەڵێت، "گەر نێوان یەکێتی و پارتی لەحکومەت باشبێت لە حزبیش باش دەبێت و بە پێچەوانەشەوە، چونکە حزب و حکومەت دوو دامەزراوەی تەواوکەری یەکترین و دەبێت پەیوەندییەکانیان هەمووکات باشبێت."
بەپێی وتەی سەرچاوەیەک لەناو کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی بۆ دەنگی ئەمەریکا، هەردوولا بڕیاریانداوە سەردانی حزب و لایەنەکانی تریش بکەن بۆ دروستکردنی کۆدەنگی لەسەر ئەو پرسانەی ڕای جیاوازیان لەسەرە.
پۆڵا تاڵەبانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕوونیکردەوە، یەکێتی و پارتی وەکو دوو هێزی سەرەکی کە ڕێککەوتوون، ”بێگومان" سەردانی حزب و لایەنەکانی تریش دەکەن تا کۆدەنگییەکی فراوانتر دروست بکەن لەسەر بابەتی هەڵبژاردن و پەیوەندی هەرێم و بەغدا.
ئەو وتیشی "وەکچۆن لێکتێگەیشتنی یەکێتی و پارتی گرنگە، کۆدەنگی هەموو هێزە سیاسییەکان لەسەر پرسە جیاوازەکانیش گرنگە."