Accessibility links

ڕووسیا و ئێران ڕێککەوتنی هێڵی ئاسنین واژۆ دەکەن


Russia Iran
Russia Iran

ڤلادمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا و ئیبراهیم ڕەئیسی هاوتا ئێرانییەکەی ڕۆژی چوارشەممە لە ڕێگەی پەیوەندی ڤیدیۆییەوە سەرپەرشتی واژۆکردنی ڕێککەوتنێکیان کرد بۆ دابینکردنی دارایی و دروستکردنی هێڵی ئاسنینی ئێران وەک بەشێک لە سەرەتای ڕێڕەوی گواستنەوەی باکوور و باشووری نێودەوڵەتی.

هێڵی شەمەندەفەری ڕەشت-ئەستارا وەک پەیوەندییەکی گرنگ لە ڕێڕەوەکەدا سەیر دەکرێت، مەبەست لێی بەیەکەوە گرێدانی هیندستان، ئێران، ڕووسیا، ئازەربایجان و وڵاتانی دیکەیە لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین و دەریاوە، ئەو ڕێگەیەی کە ڕووسیا دەڵێت دەتوانێت بەربەرەکانی لەگەڵ کەناڵی سویس بکات وەک ڕێڕەوێکی بازرگانی گەورەی جیهانی.

ڤلادمێر پوتن لەم بارەیەوە ڕایگەیاند "ڕێڕەوەی ناوازەی گواستنەوەی باکوور-باشوور، کە هێڵی ئاسنی ڕەشت-ئەستارا دەبێتە بەشێک لێی، یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی بەرچاو هاتوچۆی جیهانی هەمەچەشن بکات."

هەروەها وتی هێڵی ئاسنینی 162 کیلۆمەتر بەدرێژایی کەنارەکانی دەریای قەزوین (خەزەر) یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەستنەوەی بەندەرەکانی ڕووسیا لەسەر دەریای باڵتیک لەگەڵ بەندەرەکانی ئێران لە ئۆقیانوسی هیندی و کەنداو.

سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی لەم بارەیەوە گوتی " بێ هیچ گومانێک، ئەم ڕێککەوتنە ڕێککەوتنێکی گرنگ و هەنگاوێکی ستراتیژییە بەرەو هاوکاری نێوان تاران و مۆسکۆ."

ڕووسیا و ئێران بەهۆی سزا ئابوورییەکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر هەریەکەیان هەوڵی زۆر دەدەن تا پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیان بەهێزبکەن.

لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی ١٩٧٩و لادانی ڕەزا شا پەهلەوی و پاشان بە بارمتە گرتنی ستافی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئێران، پەیوەندییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەتی ئەمەریکا لەگەڵ ئێران تێکچوو و ئابوورییەکەی بەهۆی چەندین سزای بێشومارەوە پەککەوتووە لە کاتێکدا نزیکەی چارەکێکی یەدەگی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەوێیە.

هەروەها ڕۆژئاوا کۆمەڵێک کۆت و بەندێکی دیکەی بەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا سەپاند، هاوکات ڕووسیا بەهۆی کردەوەکانی لە ئۆکرانیا سزای بەسەردا سەپێنراوە.

XS
SM
MD
LG