Accessibility links

هەرێمی کوردستان لەبەردەم گۆڕانکاری و مەترسییەکاندا


نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، یۆنامی، لە نوێترین هەڵسەنگاندنیدا بۆ ڕەوشی عێراق و هەرێمی کوردستانیش، سەنگیی خستۆتە سەر ڕەوشی سیاسی و ئابوری و ڕەخنەکانیشی ڕاشکاوانە لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی یو ئێندا باس دەکات.
ئەمەش یەکەمین جار نییە جنین پلاسخارت ئاگاهی بدات.
نکوڵی ناکرێت لەوەی لە هەرێمی کوردستان هەنگاو نراون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و داوای هەنگاونانی زیاتر دەکەن بەتایبەتیش لەسەر پرسی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان و هەروەهاش دۆسێی فەرمانڕەوایەتی هەرێم.

سەرباری گرفت و ئاڵنگارییە سیاسی و ئابورییەکان؛ بەڵام هێشتا هیوا هەیە لە هەرێمی کوردستاندا گۆڕانکارییەکان بە ئاڕاستەیەکی ئەرێنیدا وەرچەرخێن، هەرچەندە نەتەوە یەکگرتوەکان هێشتا نیگەرانی هەیە لەو بارەیەوە.
جنین پلاسخارت دەڵێت "ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی هەرێمی کوردستانی لە مەترسی گەورە نزیک کردەوە."

ئارام جەمال بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن KIE دەڵێت ئەو ئاڵۆزیانەی خانم پلاسخارت باسیان دەکات، کێشەی لە مێژینەن.

ئارام جەمال
ئارام جەمال

دەشڵێت " پلاسخارت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت ئەوەش بزانن کە تەمەنی ئەو برینانە دەیان ساڵە و ئەگەر چارەسەر نەکرێن دەبنە شێرپەنجە، بە بۆچوونی من ئێستا عێراق و هەرێمی کوردستان بەهۆی هێزی میلیشیایی و چینی سیاسی گەندەڵکارەوە نزیکبوونەتەوە لەوەی دووچاری شێرپەنجە بن و پێویستی بە چارەسەری ڕیشەیی و خێرا هەیە."
خانم پلاسخارت، لە دوایەمین لێدوانیشدا هەندێک خاڵی گرنگ بە بیر لایەنەکان دەهێنێتەوە وەک دەڵێت " دەبێت بەپەلە ڕێککەوتن بکرێت لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەکانی هەڵبژاردن. دواخستنی زیاتر زیان بە متمانەی گشتی دەگەیەنێت."

ئاسۆس هەردی نوسەر و ڕۆژنامەوان، سەرنجی هەن لەسەر ئەو لێدوانانەی سەرۆکی یۆنامی و دەڵێت " لە مێژە بۆ ئێمەی خەڵکی کوردستان ڕوونە ئەو دوو حیزبە دەسەڵاتدارە ئەوەی لایان گرنگ نەبێ بەرژەوەندی و ئایندەی خەڵکی کوردستانە. لە هیچ هەڵوێست و ساتەوەختێکی حەساسدا هەست ناکەیت ئەوان لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانەوە سیاسەت دەکەن."

ئاسۆس هەردی
ئاسۆس هەردی

دەشڵێت "هەمیشە لە هەموو ڕووداوەکاندا بۆمانی دەسەلمێننەوە تەنها پەنجەرەیەکیان هەیە بۆ بینینی دنیا، ئەویش پەنجەرەی بەرژەوندییەکانی خۆیانە. بۆیە ڕەنگە ئەو لێدوانانە تەنها لەو ڕووەوە گرنگ بن کە لە مایکرۆفۆنی باڵاترین دامەزراوەی نێودەوڵەتییەوە و لەبەردەم بە دەسەڵاتترین ئەنجومەنی جیهانییەوە بڵاودەکرێنەوە. پێموایە ئەمە هۆشدارییەکی تر و وریاکردنەوەیەکی ترە بۆ ئەو دوو حیزبە، پێیان دەڵێ ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بن، نەک هەر هەرێمەکەتان بەڵکو خودی خۆشتان بە سەلامەتی لێی دەرناچن. بەڵام ئاخۆ گوێیان دەبیستێ؟ تێدەگەن؟ گومانم هەیە."

هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق داوا دەکەن تا هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ دواخستنێکی تر بەڕێوە بچێت. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، بڕیاریداوە ڕۆژی 18ی مانگی 11 ی ئەمساڵ ئەو هەڵبژاردنە بکرێت.

دکتۆر سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆكی ئینستیوتی پەی، گەشبین نییە و دەڵێت هێشتا زەمینەی کردنی هەڵبژاردن نەڕەخساوە "دوای حەوت مانگ لە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان هیچ كام لەو ئەركانەی جێبەجێنەكرد، نە ڕێگری كرد لە دروستبوونی بۆشایی یاسایی، نە گەرەنتی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەكانی پێكرا، نە ڕێكسازییە یاسایی و كارگێڕی و هونەرییەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی تەواو كرد، نە تۆمارێكی بایۆمەتری پاك و بێگەردی دەستەبەركرد و نە هیچ ژینگەیەكی سیاسی لەباری ڕەخساند بۆ هێنانەدی یەكڕیزی و كۆدەنگی نیشتیمانی."

دکتۆر سەروەر عەبدولڕەحمان
دکتۆر سەروەر عەبدولڕەحمان

ئەو دەشڵێت "بەپێچەوانەوە نەك هەر ئەوانەی نەكرد بەڵكو دەستەی سەرۆكایەتی دانیشتنە ئاساییەكانیشیان پەكخست."

ئاڵنگارییەکانی لە هەرێمی کوردستان وەهایان کرد جارێکی تریش خانم پلاسخارت ئاگاهی بداتەوە وەک دەڵێت "ناکۆکی نێوان هەردوو پارتی دەسەڵاتدار لە چەند مانگی ڕابردوودا هەرێمی کوردستانی لە مەترسییەکی گەورە نزیک کردەوە."

دکتۆر دارا موحەمەد، نوسەر و مامۆستای زانکۆی سەواس لە لەندەن دەڵێت " ئەمە یەکەمین جار نییە کە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئاماژە بە کێشەکانی عێراق و کوردستان بکات."

Dara Muhammad
Dara Muhammad

دەشڵێت "یەکەم جار نییە جنین پلاسخارت، لە راپۆرتەکانیدا ئاماژە بکات بەو بارە ناجێگیر و پەرتەوازەییەی پرۆسەی سیاسی عێراق و کوردستان و کۆمەڵێک حاڵەت دەستنیشانبکات کە بوونەتە هۆی ئیفلیجکردنی حکومەت و دامەزراوە و ئابوری وڵات لە عێراق و کوردستاندا، وەکو گەندەڵییەکی بەردەوام و ڕێکخراو، نەبوونی سەروەری یاسا و کایە مەدەنیەکان، بوونی میلیشیا و باڵادەستبوونیان بە سەر هێزەکانی حکومەتەوە."

ئارام جەمال، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن، لەوبڕوایەدایە پێویستە هەنگاوی کۆنکریتی بنرێن تا هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بکرێت و دەڵێت "پێموایە کاریگەرترین هەنگاوی پێویست ئەوەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەنگدەران بە پرۆسەی هەڵبژاردن ئاشت بکرێتەوە، ئەویش بەوەی یاسایەکی هەڵبژاردنی دادگەرانە هەبێت و ئەنجومەنێکی کۆمسیارانی هەڵبژاردن لە کەسانی سەربەخۆ و شارەزا پێکبهێنرێت، کە یۆنامی خۆی سەرپەرشتی دیاری کردنیان بکات و دووربێت لە بەشبەشێنەی حزبی."

دکتۆر سەروەر عەبدولڕەحمان، باس لە ئاکامەکانی ئەو مەترسییانەش دەکات کە یونامی باسی کردوون و دەڵێت "سەرباری ئەو هەموو قەیرانە ناوخۆیی و دەرەكییانەی بەرۆكی هەرێمیان گرتووە، بەدڵنیاییەوە بارودۆخێكی نائاسایی تر رووبەڕووی هەرێم دەبێتەوە، لایەنە بەرپرسەكان ئۆباڵی ئەو لێپرسراویەتییە مێژووییەیان دەكەوێتە ئەستۆ، بە پلەی یەكەمیش لە ڕووی یاساییەوە دەكەوێتە ئەستۆی پەرلەمانەوە، بەتایبەت لە ئیستادا وێڕای نیگەرانییەکان، هەمیشە نێردە ئەمەریكایی و ئەوروپایی و كەنەداییەكان سەرنجیان هەبووەو دڵگرانیەكانیان نەشاردۆتەوە، نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان چەندین جار هۆشداریداوە لە خراپی رەوشەكەو لێكەوتە مەترسیدارەكانی."

دکتۆر دارا محمەد زیاتر پێداگری لەسەر قوڵایی ئەو مەترسییانە دەکات و دەڵێت " لە ڕاستیدا ئەوەی ئێمە بە درێژایی ئەم ساڵانەی دوایی قسەمان لەسەر کردووە بریتیە لەوەی کە ئەم چەمکانە لە فەرهەنگی سیاسی و حوکمڕانی کوردستاندا جێگەی نابێتەوە، چونکە شتێک نیە بە ناوی متمانەوە لە نێوان هاوڵاتیان و حکومەتدا. کۆمەڵگەی ئێمە هەمیشە لە حاڵەتی نامتمانەییدا بووە لە بەرامبەر دەسەڵاتی سیاسی حوکمڕاندا. ئەوەی لە دنیای سیاسەتکردنی ئەم دوو نوخبە سیاسیەی پارتی و یەکێتیدا بە تەواوی نە بریتیە لە چەمک و ئەخلاقیاتی بەرپرسیارێتی و لێپرسینەوە و متمانە."

ئایا سازکردنی هەڵبژاردن دەتوانێت پرسە گرنگ و جومگەییەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات؟ ئایا چارەسەرکردنی کێشەو قەیرانەکان لەگەڵ بەغدادا دبێتە مایەی هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێی سیاسی و ئابوری بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق؟
دکتۆر دارا لەوبڕوایەدایە " دواخستنی هەڵبژاردن جۆرێکە لە ترسی پارتی و یەکێتی بۆ لە دەستدانی کورسیەکانیان و هەوڵدانە بۆ هێشتنەوەی واقیعی ئێستا. هەر بۆیە پێموایە دەبێت بیر لە دروستکردنی دەرفەتی سیاسی نوێ بکرێتەوە تا پارتی و یەکێتی لەم هەڵبژاردنەی داهاتوودا هەمان پێگە و کورسی بەدەستنەهێنن."

XS
SM
MD
LG