Accessibility links

پلانی سنوردارکردنی پارتە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران و تورکیا دەڕواتە بواری جێبەجێکردنەوە


مەخمور
مەخمور

بەڕێوەبەرانی کەمپی مەخمور کە کوردانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیای تێدا نیشتەجێیە، لەلایەن هێزە عێراقیەکانەوە هێرشیان کراوەتە سەر و سێ کەسیان لێ بریندار بووە.

لە کاتێکدا هێزە عێراقیەکان هەوڵی کۆنتڕۆڵکردن و گەمارۆدانی کەمپەکەیان داوە، ئەوان ناڕەزایەتیان پیشانداوە. هاوکاتی ئەم ڕووداوەش، بەرپرسانی حزبە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران کە بنکەو بارەگاکانیان لە هەرێمی کورردستانە، دەڵێن لە لایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانەوە چاودێری دەکرێن و مەترسی هێرشکردنە سەریان لە ئارادایە.

فلیز بووداک هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی مەخمور کە یەکێکە لە سەرپەرشتیارانی بەڕیوەبردنی کامپەکە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "حکومەتی عێراق هەوڵی گەمارۆدان و کۆنتڕۆڵکردنی کەمپەکە دەدات لە کاتێکدا ئێمە ئەم هەوڵە ڕەت دەکەینەوە و پێی ڕازی نین و هەڵوێستمان دەبێت."

ئەمڕۆ سوپای عێراق هێزی بردۆتە نزیک کامپی مەخمور و لەگەڵ دانیشتوانی کامپەکەدا کە سەرجەمیان کوردی ئۆپۆزسیۆنی تورکیان ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە. بەپێی وتەی بەرپرسانی کەمپەکەش سێ کەسیان لێ بەیندار بووە کە برینی یەکێکیان قورسە و بە فیشەکی ڕاستەوخۆ پێکراوە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی گەیارە لە موسڵ کراوە.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا تورکیا چەندین جار لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشی کردۆتە سەر کامپی مەخمور و بەو هۆیەوە چەندین دانیشتووی کەمپەکە گیانیان لەدەست داوە و بریندار بوون.

فلیز وتیشی"سوپای عێراق دەیەوێت شورای سەربازی بەدەوری کەمپەکەدا دروست بکات و گەمارۆمان بدات."

هاوکات بەرپرسانی حزبە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران کە بنکەو بارەگاکانیان لە پارێزگای سلێمانی و هەولێرە، ئاماژە بە مەترسی هێرشکردنە سەریان لە لایەن ئێرانەوە دەکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە کۆتایی ساڵی ڕابردوو ئێران سێ جار بە چڕی بنکە و بارەگاکانی ئەو حزبانەی بۆمباران کرد و سەرووی سی کەسیان گیانیان لە دەستدا و ژمارەیەکیشیان بریندار بوون.

ئەمجەد حسێن پەناهی ئەندامی کۆمسیۆنی نیزامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "چەند ڕۆژێکە ئێران لە ڕێگەی درۆنەوە چاودێری بنکەو بارەگاکانمان دەکات و زانیاری ئەوەشمان هەیە دەیەوێت هێرش بکاتەوە سەرمان. "

هەر ئەمڕۆ شەممە مەحەمەد پاکپوور فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران، بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسدارانی ڕاگەیاند و گوتی "چاوەڕێی ئەوە دەکەین حکومەتی عێراق ئەرکەکانی خۆی جێ بەجێ بکات و کاتمان پێداون بۆ ئەو کارە، ئەگەر ئەوە نەکەن ئەوا هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەو حزبانە بەردەوام دەبێت."

لە کۆتایی مانگی سێی ئەمساڵ عەلی شەمخانی، ئەمینداری باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران سەردانی عێراقی کردوو لەگەڵ قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ڕێکەوتننامەیەکی ئەمنیان واژۆ کرد کە تایبەت بوو بە ئاسایشی سنورەکانی نێوان هەردوو وڵات و سنوردار کردنی جمو جۆڵی حزبە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران.

XS
SM
MD
LG