Accessibility links

ئێران باڵیۆزێک بۆ عەرەبستانی سعودیە دیاری دەکات


میدیاکانی دەوڵەتی ئێران ڕادەگەیەنن ئێران باڵیۆزی وڵاتەکەی لە شانشینی عەرەبستانی سعودیە دیاریکردووە، ئەمەش کۆتایی بە زیاتر لە حەوت ساڵ لە پچڕاندنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتای نەیاری هەرێمی دەهێنێت.

ڕۆژنامەی "ئێران دەیلی"ی ئینگلیزی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند عەلیرەزا عینایەتی نوێنەری نوێی ئێران پێشتر وەک باڵیۆزی ئێران لە کوێت و یاریدەدەری وەزیری دەرەوە و بەڕێوەبەری گشتی کاروباری کەنداو لە وەزارەتی دەرەوە کاری کردووە.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستنیشان کردنەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

هەردوو لایەنی بەهێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوای چەندین ساڵ لە ناکۆکی، لە 10 ی مانگی سێدا ڕێککەوتنێکی ئاشتەواییان لە چین واژۆ کرد.

ڕیاز دوای ئەوەی خۆپیشاندەرانی ئێرانی لە ساڵی 2016دا هێرشیان کردە سەر نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی سعودیە پاش لەسێدارەدانی نەمر ئەلنەمر، کەسایەتی ئایینی شیعە، لە سعودیە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا پچڕاند.

ئەمە یەکێک بوو لە زنجیرەیەک خاڵی ناکۆکی نێوان هەردوو ڕکابەری دێرینی ناوچەیی.

هەردوو حکومەت پێش واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتەوایی چەند خولێکی گفتوگۆیان لە عێراق و عومان ئەنجامدا.

پێش چاککردنەوەی پەیوەندییەکانیان، ئەوان ساڵانێک بوو لە ناوچە جێناکۆکەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتگیری لایەنەکانی دژ بە یەکیان دەکرد.

لە یەمەن سعودیە سەرکردایەتی هاوپەیمانییەکی سەربازی کردووە بۆ پشتیوانی لە حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی، ئێرانیش پاڵپشتی یاخیبووانی حوسییەکانی کرد کە کۆنترۆڵی سەنعای پایتەخت و ناوچەیەکی بەرفراوانی باکوریان کردووە.



XS
SM
MD
LG