لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ و بە ئەنجامدانی کۆمەڵێک گۆڕانکاری کە خواستی بەشێک لە هێزە کوردییەکانی لەسەر نیە، پرۆژە یاسای بودجەی تێپەڕاند. حکومەتی هەرێمیش ڕەتیدەکاتەوە پابەندی بڕیارەکانی لیژنەکە بێت و بە "ستەمکاری و پێشێلکردنەی مافەکانی خەڵکی کوردستان" ناویاندەبات.
مادەی 13 و 14ی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق کە تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان، ئەندامانی پارتی دەنگییان پێنەداوە و یەکگرتووی ئیسلامیش تەنها دەنگی بەبڕگەیەکی داوە کە تایبەتبووە بە دانەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران، لەکاتێکدا یەکێتی دەنگی بە پرۆژە یاساکە داوە.
جەمال محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "مادەی 13 و 14 لە پرۆژە یاسای بودجە زۆر مەترسیدارە بۆ هەرێمی کوردستان، دەقی پرۆژەکەش ئەو دەقە نییە هەردوو حکومەت و تەنانەت هێزەکانی ناو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیش لەسەری ڕێککەوتوون."
هەروەها وتیشی، "لە ئێستاوە ڕێککەوتنەکان پێشێلکران، کەواتە هیچکام لە مادە دەستورییەکانی تریش کە ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە بەتایبەت مادەی 140 و یاسای نەوت و گاز و ئەوانیتریش جێبەجێ ناکرێن."
گۆڕانکاریەکان پێکهاتوون لە پابەندکردنی حکومەتی هەرێم بۆ دانەوەى پاشەکەوتى مووچە، رێگرى لە حکومەتی هەرێم بۆ دەرهێنانى نزیکی 200 هەزار بەرمیل نەوتى کەرکووک و نەینەوا لە ڕۆژێکدا، وە دەرفەتدان بە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بۆ وەرگرتنى پشکەکانیان لە بەغدا ئەگەر لەگەڵ حکومەتی هەرێم ناکۆک بن.
مادەی 13 ی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق کە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان لە دوو بڕگە پێکهاتووە. بڕگەی یەکەم تایبەتە بە پاکتاوکردنی حساباتی ساڵی 2003 بۆ 2022 لە نێوان حکومەتی عێراق و هەرێم.
لە بڕگەی دووەمیشدا کە لە چوار خاڵ پێکهاتووە، حکومەتی هەرێم پابەندکراوە بە ناردنە دەرەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا لە ڕێگەی سۆمۆوە و پابەندیشکراوە بە گێڕانەوەی داهاتە نانەوتییەکان بۆ خەزێنەی عێراق.
"پیلانگێڕی دژی کورد"
شوان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ئەو پرۆژە یاسایەی لە لیژنەی دارایی تێپەڕێنرا، پێچەوانەی ئەو ڕێککەوتنەی نێوان هەرێم و بەغدایە، کە هەردوو حکومەت لەسەری ڕێککەوتوون و لە ئەنجومەنی وەزیران و هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیش دەنگی لەسەر دراوە. ئەو مادانەی لە پرۆژەکەدا زیادکراون پیلانگێڕییە دژی کورد."
مادەی 14 ی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق لە 12 بڕگە پێکهاتووە و زۆربەی بڕگەکان پەیوەندیدارەکان بە دەسەڵاتەکانی هەرێم لەبواری داهات و بودجە و وزەدا. بەپێی خاڵی یەکەمی مادەی 14، داهاتی نەوتی هەرێم لە هەژمارێکی بانکی لە بانکی ناوەندی عێراق دادەنرێت، سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی عێراق لە ژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی، دەسەڵاتی خەرجکردنی دەدەنە سەرۆکی حکومەتی هەرێم.
جەمال محەمەد، وتی"بەپێی مادەی 14 سەرۆک وەزیری عێراق وەکو پارێزگارێک مامەڵە لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەکات. ئەمە مەترسیدارە."
هەروەها بەپێی خاڵی حەوتەم لە مادەی 14 لەکاتی بوونی ناکۆکی لە نێوان هەرێم و بەغدا، شایستە داراییەکانی هەرێم دەبڕدرێت و کار بە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق دەکرێت.
لەوبارەیەوە شوان محەمەدی پەرلەمانتاری پارتی وتی"سەد ساڵە کورد و عێراق تێڕوانینیان جیاوازە، کەواتە ئێمە بە عێراق بلڵێین پێش چاوتان کلی پێوەیە، ئەوان لە پرۆژەی بودجەدا سەپاندوویانە تا بودجەکەمان ببڕن، ئەمە قەبوڵ ناکرێت."
خاڵی 9 لە مادەی 14 دەڵێت، "حکومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە پێدانی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بە پێی ئەو پێوەرانەی لەو بودجەیەدا هاتووە بە دادپەروەری شایستە داراییەکان لەنێوان پارێزگاکان دابەش دەکات بە بێ جیاوازی، بە پێچەوانەوە حکومەتی فیدڕاڵی پشکی پارێزگای ناڕازی لە بودجە دەبڕێت و ڕاستەوخۆ دەیداتە پارێزگا ناڕازییەکە." ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە خاڵی 12شدا هەرێم پابەندکراوە بە گێڕانەوەی 10% ی موچە پاشەکەوتکراوەکانی فەرمانبەران.
بچوککردنەوەی قەوارەی هەرێم
جەمال محەمەدی ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە لیژنەی دارایی پێیوایە، خاڵی 9 ی بڕگەی 14 ی پرۆژە یاساکە، هەر پارێزگایەک بیەوێت عێراق خۆی مامەڵەی لەگەڵ دەکات بە واتای بچووکردنەوەی قەوارەی هەرێم دێت.
هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، نایشارێتەوە جێکردنەوەی مەسەلەی "یەکسانی" لەنێوان شارەکان لە داهات و گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچە داواکاری ئەوان بووە.
هەرێم کەمال ئاغا، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ئێمەش تێبینیمان لەسەر پرۆژە یاساکە هەیە سەرباری ئەوەی دەنگمان پێداوە، بەڵام ئەم ڕێککەوتنە پێشتر نوێنەرانی پارتی لە حکومەت و عێراق گفتووگۆیان لەسەر کردووە و ئێستا گۆڕانکاری تێدا کراوە."
بەڵام شوان محەمەدی پەرلەمانتاری پارتی پێیوایە، پرۆژەکە "ئۆین بازی و فیتنەیی" تێدایە لەنێوان شارەکانی هەرێم و هەوڵێکە بۆ دروستکردنی شەڕی ناوخۆ.
شوان محەمەد وتی"حکومەتی هەرێم گەر دۆخی باشبێت خۆی پاشەکەوت دەداتەوە، ئەمەی لە بڕگەکەدا جێکراوەتەوە بۆ بەگژدادانی حکومەت و موچەخۆرانە."
لەکاتێکدا کێڵگەی نەوتی خورمەڵەو شێخان لە پارێزگای نەینەوا و کۆرومۆ لە سنوری کەرکوک لە ژێر کۆنترۆڵی هەرێمدان و زۆربەی داهاتی هەرێم لە فرۆشی نەوتی ئەو کێڵگانە بووە، بەڵام لە خاڵی 10 ی مادەی 14 ی پرۆژە یاسای بودجەدا هەرێم و بەغدا پابەندکراون بە ڕێگری کردن لە دەرهێنانی نەوت لێیان لەلایەن هەرێمەوە.
ئەمەش بەلای هەرێمەوە وا لێکدەدرێتەوە پیلانگێڕی و دژبەیەکییە لەناو خودی یاساکەدا، بەو پێیەی لەلایەک هەرێم پابەندکراوە بە فرۆشتنی 400 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، لەلاکەی تریش ڕێگری کراوە لە دەرهێنانی نەوت لە هەندێک کێڵگەی کە پێشتر رۆژانە سەرووی 200 هەزار بەرمیل نەوتی لێ دەرهێناوە.
جەمال محەمەد وتی"رەنگە دوو سبەی عێراق بڵێت 100 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێممان فرۆشتووە و پارەی ئەو 100 هەزارە بدەنە هەرێم، ئەمە زۆر مەترسیدارە."
خاڵی 11 لە مادەی 14 ی پرۆژە یاسای بودجە، تایبەتکراوە بە بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەکانی هەرێم بە هاوبەشی و سەرپەرشتیکردنی لەلایەن عێراقەوە، کە بەپێی وتەی جەمال محەمەدی ئەندامی لیژنەی دارایی ئەمە بەغدا دەستکراوە دەکات تا لەبری هێزە ئەمنییەکانی هەرێم، بیەوێت حەشدی شەعبیش ڕەوانەی دەروازەکان بکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران دژی هەرێمی کوردستان دەنگییان داوە و دەنگدانیانی بە نادەستوری و پێچەوانەی ڕێککەوتنەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەقەڵەم داوە.
حکومەتی هەرێم دەڵێت، "وەکو حکومەت ئەم ستەمکاری و پێشێلکردنەی مافەکانی خەڵکی کوردستان قەبوڵ ناکەین و پابەندی هیچ بڕیارێک جگە لەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ حکومەتەکەی سودانی کردوومانە نابین."
لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 24 ئەندام پێکهاتووە و تەنها 4 ئەندامی لیژنەکە کوردن، لەو 4 ئەندامە، دوو ئەندامیان سەربە پارتی و ئەندامێکیان یەکێتی و ئەندامەکەی تریش سەربە یەکگرتووی ئیسلامییە.
شوان محەمەد رۆستەم، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەکرد هەرێمی کوردستان ئەو پرۆژە یاسایەی بودجە قەبوڵ ناکات کە تێپەڕێنراوە، وتی "تێپەڕاندنی پرۆژەکە پیلانگێڕی بوو، یەکێتی دەنگی پێدا، یەکگرتوو تەنها دەنگی لەسەر بڕگەی پاشەکەوتی موچە داوە، نەوەی نوێ نوێنەری لیژنەکە نەبووە و پارتیش بایکۆتی کردووە."
بەڵام هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت"ئێستاش بوار ماوە یەکێتی و پارتی ڕێککەوتن بکەن و ئاگاداری یەکبین، چونکە هەرکەس بۆ خۆی دەرئەنجامی خراپی دەبێت، ئێمە کە چووینە ناو لیژنەی داراییەوە ئاگامان لەیەکتری نەبوو."