سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا دەڵێت سەرکردایەتی هێزە شیعەکان ڕێککەوتنیان لەگەڵ لایەنە کوردییەکان پێشێل نەکردووە، بەڵکو ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی سەربە لایەنە شیعەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان یاخی بوون.
سەعد مەتڵەبی سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە لە کۆتاییدا هەرێم و بەغدا لەسەر پرۆژە یاسای بودجە ڕێکدەکەون و هەرلایەکیان دەستبەرداری هەندێک لە خواستەکانیان دەبن.
مەتڵەبی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند و گوتی "سەرکردایەتی لایەنە شیعەکان پابەندن بە ڕێککەوتنەکانیان لەگەڵ هەرێم، بەڵام کێشەکە ئەوەیە یاخیبوون هەیە لای هەندێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران."
هەروەها وتیشی "سەرکردەکانی شیعە پەیوەندی ستراتیژیان لەگەڵ هەولێر هەیە، بەڵام یاخیبوونی ئەو پەرلەمانتارانە مایەی گرفتە."
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی لیژنەکە، دەنگی لەسەر مادەی 13 و 14 ی پرۆژە یاسای بودجەی عێراقدا کە ئەمەش ئەو دوو مادەیەن کە تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا لەکۆی 4 ئەندامی کوردی لیژنەکە، سێ ئەندامیان دانیشتنەکەیان بەجێهێشتووە.
سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێم لە دوو ڕاگەیەنراوی جیاوازدا جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە ئەو پرۆژە یاسایەی لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە تێپەڕێنراوە، دەستکاری کراوە و هەمان ئەو پرۆژەیە نییە لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەری ڕێککەوتوون و پرۆژە یاساکەشیان بە "نادەستوری" و پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان وەسفکردووە.
سەبارەت بەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی سەربە لایەنە شیعەکان چۆن پابەندی بڕیاری حزبەکانیان نابن، کە حزبەکانیان ناردوونیاننەتە پەرلەمان و ڕێککەوتنیان بۆپێکهێنانی حکومەت لەگەڵ لایەنە کوردییەکان هەیە، سەعد مەتڵەبی دەڵێت "ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی سەر بە شیعەکان خاوەن ڕای خۆیانن و گوێڕایەڵ نین، دۆخەکە لە بەغدا جیاوازترە وەک لە کوردستان، کە پەرلەمانتار پابەندە بە بڕیاری حزبەکەیەوە."
ئەو وتیشی "پەرلەمانتارە شیعەکان جۆرێک لە ئازادییان هەیە، وەک بینیمان دژی هەندێک بڕیاری سەرکردایەتی لایەنە شیعەکانیش بوون."
بەشێک لە لایەنە کوردییەکان و بەدیاریکراوی پارتی دیموکراتی کوردستان پێیوایە تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجە بەو شێوەیەی ئێستا، پلانێکی مەترسیدارە دژی کورد و هەوڵێکە بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێم، لایەنە شیعەکانیش بە پابەند نەبوون بە ڕێککەوتنی نێوانیان تۆمەتبار دەکەن.
شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای وت "ئەو بڕگانەی بۆ پرۆژە یاسای بودجە زیادکراون، ئامانج لێیان بەگژدا دانی حکومەت و خەڵک لەلایەک و دروستکردنی ناکۆکییە لەناوخۆی هەرێم و پلانێکی مەترسیدارە."
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پێیانوایە گەر پرۆژە یاسای بودجە بە شێوازی ئێستا تێپەڕێنرێت، ئەوا پێگەی هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی لاواز دەبێت، بەو پێیەی دەسەڵاتی دارایی و ئیداری لێوەردەگیرێتەوە .
دەربارەی مەترسییەکانی کورد لە ئایندەی هەرێم و زیانی پرۆژە یاسای بودجە لە قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان، سەعد مەتڵەبی وتی "وەکچۆن کورد ترسی هەیە، هەندێک لایەنی شیعی و سونیش ترسیان لە هەرێم هەیە، خۆ ڕیفراندۆم دوور نیە و هەموومان لە بیرمانە."
مەتڵەبی وتیشی "هەندێک لە سەرکردەکانی شیعە لەسەر بردنە دەرەوەی نەوت و پاڵپشتیکردنی حزبە کوردیەکانی ئێران و تورکیا متمانەیان بە ئیدارەی هەرێم نییە، لە هەردوولاوە هەم لە هەرێم و هەم لەبەغداش بێ متمانەیی هەیە."
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پاڵپشتیکردنی حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران ڕەتدەکەنەوە، ئاماژەبەوەدەکەن وەکو پەنابەر مامەڵەیان لەگەڵ ئەو حزبانەدا کردووە، ڕێگریشیان لێکردوون لە بەکارهێنانی خاکی هەرێم بۆ جموجۆڵی سەربازی.
سەعد مەتڵەبی وتی "گەر ڕێککەوتن ڕوونەدات، وەکو چارەسەر لە جیابوونەوە دەڕوانرێت، لەکاتێکدا جیابوونەوە کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە، چونکە میللەتی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی جیابوونەوەن و پێی ڕازی نابن، زەرەرمەندی یەکەمیش لە جیابوونەوە گەلی کوردە، بۆیە پێویستە هەرێم جۆرێک لە نەرمی بنوێنێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق."