Accessibility links

ڕێزان شێخ دلێر: هەرێمی کوردستان ناتوانێت بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق جێبەجێ نەکات


دادگای فیدراڵی عێراقی ڕۆژی سێشەممە 30ی مانگی پێنجی ساڵی 2023 بڕیاری دا درێژکردنەوەی ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان نادەستورییە، وە هەموو ئەو بڕیارانەی لە دوای 6ی مانگی یازدەی 2022 لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە دەرچوون پوچەڵن لە ڕووی دەستورییەوە.

بەم بڕیارە ڕوون نییە چارەنووسی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ دەڕوات، وە چ لێکەوتەیەکی دەبێت؟!

چارەنووسی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم لە دوای بڕیارەکە:

تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ کام لە سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان (حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم) بۆچونی فەرمییان لەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەرنەبڕیووە.

بەڵام پارێزەر ڕێزان شێخ دلێر پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت "بەدڵنیاییەوە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی‌ عەیبەیە بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە ئێستا لە حکومەتی فیدراڵدا ئەنجومەنی نوێنەران لە خولی پێنجەمیدایە کە دەزانین لەو کاتەوەی ئەو پەرلەمانە پێکهاتووە پێنج خولی بردۆتەسەر، کەچی لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992 وە پەرلەمانمان هەیە وا ئێستا لە پێنج خولدایە، کەواتە ئەم هەموو ماوە درێژکردنەوە بووە بە عادەتێک لە هەرێمی کوردستاندا."

دانا جەزا کاتب، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەویش دەڵێت" ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی عێراق دەرهاویشتەی نەکردنی هەڵبژاردن و دەرهاویشتەی نەبوونی دەستورە کە وەهای لێهاتووە هەندێک لایەن پەنا ببەنە بەر دادگای فیدراڵی عێراق کە بڕیارەکانی کۆتاییە (بات)ە."

ليکەوتەکانی بڕیارەکە:

وا دەردەکەوێت بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق چەندین لێکەوتەی یاسایی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

دەریا محەمەد، شارەزای بواری یاسای دەستوری لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاماژەی بەلێکەوتە یاساییەکانی دادگای فیدراڵی عێراق کرد و وتی" هەڵوەشانەوەی هەموو ئەو یاسا و بڕیارانەی لێدەکەوێتەوە کە لە دوای ڕێکەوتی 6ی مانگی یازدەی ساڵی 2022وە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوون، گرنگترینیان یاسایی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان."

ئەو پسپۆڕەی یاسای دەستوری ئاماژەی بەلێکەوتەیەکی تری یاسایی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق کرد و وتی" پەرلەمانی کوردستان ماوەی کارکردنی کۆتایی هات و ناتوانێ هیچ دانیشتن و کۆبوونەوەیەکی تر ئەنجامبدات، چ لە ڕووە چاودێریەکەیەوە و چ لە ڕووە تشریعییەکەی.

وتیشی"حکومەتی هەرێم بە حکومەتێکی کاربەڕێکەر دادەندرێت، چونکە ماوەی ئەو پەرلەمانە کۆتایی هاتووە کە شەرعیەتی بەم حکومەتە داوە."

دەریا محەمەد ئەوەشی وت" هەموو ئەو پەرلەمانتارە نوێیانەی دەست بەکاربوون لە جێگایی ئەو پەرلەمانتارانەی دەستیان لەکار کێشایەوە، بە پەرلەمانتار داناندرێن و ناتوانن خۆیان وەک پەرلەمانتار بناسێنن."

لای خۆشیەوە دانا جەزا سەبارەت بە لێکەوتەکانی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای وت" ئەوە هیچ وەک (ازعف الایمان) حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لەکارەکانی بەڵام پەرلەمان لە ژێر پرسیاردایە."

هەروەها ڕێزان شێخ دلێر دەڵێت" لە دوای 6 ی مانگی یازدەی ساڵی ڕابردووە پەرلەمانیان درێژکردۆتەوە بە نایاسایی لە دوای ئەو ڕۆژەوە هەر بڕیارێک دەرچووبێت لە حکومەت و لە سەرۆکایەتی هەرێمەوە کە پەیوەست بێت بەم ماددە سەرەکیانەوە بۆ دیاریکردنی ڕۆژی پەرلەمان و کاراکردنەوەی پەرلەمان و دەرچوونی هەر یاسایەک هەموو ئەوانە هەڵدەوەشێنەوه."

وتیشی"پێویستە سەرۆکی هەرێم جارێکی تر ڕۆژێکی تر بۆ هەڵبژاردن دیاری بکاتەوە، چونکە دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لە دوای بڕیاری درێژکردنەوەی خولی پەرلەمانی عێراق بووە."

وتیشی"بەو بڕیارە دادگای فیدراڵی حکومەتی هەرێمی کردە کاربەڕێکەر و پەرلەمانیش ناتوانێت کار بکات."‌

ئایا هەرێم دەتوانێت پابەندی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی نەبێت؟

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵایەکی یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی هەرێم و نوێنەرانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بوو، کە لە پاش بڕیاری پەرلەمانی هەرێم بۆ درێژکردنەوەی خولی کارکردنی لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو تانەیان لە نادەستوریبوونی بڕیارەکەی پەرلەمانی هەرێم لەبەردەم دادگای فیدراڵی دابوو.

بەپێی ماددە(93) لە دەستوری هەمیشەیی عێراق/ساڵی 2005 بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق(بات و ملزم) بۆ سەرتاسەری عێراق.

پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق لەو بڕوایەدا نییە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق جێبەجێ بکرێت بە"ڕەهایی" .

لەو ڕووەوە دانا جەزا وتی" ئەم بڕیارە بەو ڕەهاییە قورسە جێبەجێکردنی، ئەمە پێویستی بە هەڵوێستەیەک هەیە لەسەر کۆی بڕیارەکان کە ئایا بڕیارەکانی پەرلەمان چی لێدێت؟ من بڕواناکەم‌ هەموو ئەو بڕیارانەی پێشتر دراون هەڵبوەشێنرێنەوە."

وتیشی" دەبووایە هەندێک وردەکاری لە بڕیارەکەدا هەبووایە، دەبووایە ئەم دادگایە خوێندنەوەیەکی واقعی هەبووایە، نەک خوێندنەوەیەکی کۆنکرێتی، بەڵام دەرئەنجام دەبێت هەڵبژاردن بکرێت بۆ ئەوەی شەرعییەت وەربگیرێتەوە."

لای خۆشیەوە ڕێزان شیخ دلێر وتی" حکومەتی هەرێم ناتوانێت بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق جێبەجێ نەکات، چۆن حسابی بۆ ناکات؟! ئێمە بینیمان لە فرۆشتنی نەوتدا حکومەتی هەرێم نەیتوانی حساب بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی نەکات کە فرۆشتنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە وەستێنرا."

ڕێزان شێخ دلێر وتیشی" هەرێمەکان پابەندن بە دەستوری عێراقیەوە ئەمە بابەتێکە پەیوەستە بە هەموو دەوڵەتی عێراقەوە دەبێت هەرێمەکان پابەندبن بەم دەستورەوە، چونکە هیچ دەستورێکی تایبەت لە هەرێمی کوردستان هەتا ئێستا دەرنەچووه."

یاساناسان و پسپۆڕانی بواری دەستوریش جەخت لەوە دەکەنەوە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە سەرتاسەری عێراق دەبێت جێبەجێ بکرێت.

لەو ڕووەوە دەریا محەمەد پسپۆڕی بواری یاسای دەستوری وتی" بەپێی دەستوری عێراق بریارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق بریاری (بات و ملزەمن) بۆ هەموو دەسەڵاتەکانی تر."

وتیشی"بریارەکانی ئەم دادگایە لە هیچ دادگایەکی تر تانەی لێنادرێت، چونکە خۆی بەرزترین دادگایە و دەبێت هەموو دەسەڵاتەکانی تر پێوەی پابەند بن."

XS
SM
MD
LG