Accessibility links

5 خاڵی گرنگ بۆ باشتر ڕێکخستنی کاتەکانی ژیانت


لە دونیای خێرای ئەمڕۆدا کات بووەتە یەکێک لە گرنگترین شتەکانی ژیانمان. فێربوونی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کات بە شێوەیەکی گونجاو زۆر گرنگە بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکان و کەمکردنەوەی فشار و گەیشتن بە ئامانجەکان.

بە جێبەجێکردنی چەند ڕێگەیەکی سادە، دەتوانیت بەڕێوەبردنی کاتەکانت بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر بکەیت و کارەکانت لە کاتی خۆیدا و بەبێ دواکەوتن ئەنجام بدەیت.

ئەگەر تۆ یەکێکی لەوانەی وا هەست دەکەیت کارەکانت زۆرن و فریا ناکەویت ئەنجامیان بدەیت، یان دەتەوێت باشتر کاتەکانت ڕێکبخەیت و فشار لەسەر خۆت کەم بکەیتەوە؟ لەم بابەتەدا پێنج خاڵ باس دەکەین کە یارمەتیت دەدەن زۆرترین سوود لە کاتەکانت وەربگریت و ژیانێکی هاوسەنگتر و بەختەوەرتر بەڕێوەببەیت.

خاڵی یەکەم: دروستکردنی لیستێک بۆ کارەکانی ڕۆژانەت

لیستی کارەکانی ڕۆژانەت بنووسە، هەروەها کارە گرنگەکان بخەرە سەرەوەی لیستەکەت و هەوڵبدە لە بەیانیاندا ئەنجامیان بدەیت، بوونی ئەم لیستە گرنگە چوونکە وا دەکات بزانی چ کارێک لە چ کاتێکدا ئەنجام دەدەیت.

خاڵی دووهەم: دیاریکردنی کاتێکی دیاریکراو بۆ هەر کارێک

کاتێک لیستی کارەکانی ڕۆژانەی دروست دەکەیت، بۆ هەر کارێک کاتێکی دیاریکراو تەرخان بکە بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا و لە ماوەیەکی دیاریکراودا تەواوی بکەیت و کاتی زۆر لە هیچ کارێکدا بە فیڕۆ نەدەیت.

خاڵی سێهەم: دوور بکەرەوە لە فرە ئەرکی

هەرچەندە ڕەنگە پێت وابێت ئەنجامدانی چەند ئیشێک لە یەک کاتدا وادەکات زۆترین ئیش لە کەمترین کاتدا ئەنجام بدەیت، بەڵام بەم جۆرە وا لە مێشکت دەکەیت هەر جارە و سەرنجی لەسەر کارێک بێت و مێشکت ماندوو دەکەیت. هەر بۆیە فرە ئەرکی کاریگەری دەکاتە سەر کارەکانت و دەبێتە هۆی ئەوەی بەرهەمی کەمترت هەبێت. بۆیە هەوڵبدە سەرنجی تەواوت بخەیتە سەر کارێک و بەتەواوی ئەنجامی بدەیت، پێش ئەوەی دەست بە کارێکی تر بکەیت.

خاڵی چوارهەم: دوورکەوتنەوە لەو شتانەی سەرنجت دەبەن

زۆر ئاسانە سەرقاڵ بیت بە شتی لاوەکیەوە و سەرنجت بۆ شوێنی تر بڕوات. ئاگاداری ئەو شتانە بە کە سەرنجت لەسەر کارەکان لادەبەن. ئەگەر زوو زوو سەیری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەیت لە کاتی ئیشدا، یان خەریکی نامە گۆڕینەوەی ئەو کاتەی سەرقاڵی خوێندنی، بە بێدەنگکردنی بەرنامەکانی مۆبایلەکەت و دوور کەوتنەوە لە مۆبایل، دەتوانیت ژینگەیەکی گونجاو بۆ خۆت دروستبکەیت کە بەبێ ئەوەی سەرنج بڕوات، کارەکانت بەباشی ئەنجام بدەیت.

خاڵی پێنجهەم: شەرم مەکە لەوەی بڵێیت نەخێر

کاتێک داوای شتێکت لێدەکرێت، بەڵام لەگەڵ کارە گرنگ و سەرەکییەکانتدا ناگونجێت و کاریگەری دەکاتە سەر دواخستنیان. بەڕێزەوە ئەو داواکارییە ڕەتبکەرەوە و بڵێ ناتوانم. هەموو جارێ وتنی نا ئاسان نیە، بەڵام دەتوانیت ڕوونیبکەیتەوە کە بۆچی دەڵێی نەخێر.

شارەزابوون لە بەڕێوەبردنی کات پێویستی بە پابەندبوون و بەردەوامبوون هەیە. بە جێبەجێکردنی ئەو پێنج خاڵەی باسمان کرد دەتوانیت تا ڕادەیەکی باش کۆنترۆڵی کاتەکانت بکەیت و ڕۆژانە زۆرترین بەرهەمت هەبێت. ئەوەت لە بیر بێت، بەڕێوەبردنی کاتەکانت بە شێوەیەکی گونجاو نەک هەر یارمەتیت دەدات بۆ باشتر ئەنجامدانی کارەکانت، بەڵکو دەبێتە هۆی ئەوەی کە ژیانێکی بەختەوەرتر و هاوسەنگتر بەڕێبکەیت. کەواتە ئەمڕۆ کاتەکانت ڕێکبخە و سبەی پاداشتەکەی وەرگرە!

پێنج ڕێگەی گرنگ کە یارمەتیت دەدەن باشتر کاتەکانت ڕێک بخەیت
please wait

No media source currently available

0:00 0:02:31 0:00

سەرچاوەکان:

پێگەی فۆربس و زانکۆی پردو گڵۆباڵ

XS
SM
MD
LG