پەرلەمانتارانی یەکێتی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند کۆمسیۆنەکەیان سکاڵایەکی لە دادگای فیدڕاڵی عێراق تۆمارکردووە لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم.
فراکسیۆنی یەکێتی لە ڕۆژی 2/5/2023 سکاڵاکەی لە دادگای فیدراڵی عێراق تۆمارکردووە و یەکێتی چاوەڕواندەکات لە ناوەڕاستی ئەم مانگە دادگاکە دانیشتن لەسەری ئەنجامبدات.
باڵانبۆ محەمەد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پەرلەمانتارانی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان سێ سکاڵای یاساییان لەدادگای فیدراڵی تۆمارکردووە، سکاڵاکان لەسەر جۆری هەڵبژاردن و یەک بازنەیی و کورسی پێکهاتەکانە."
عەبدولناسر ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمان لە فراکسیۆنی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "سکاڵاکە بە ناوی فراکسیۆنەوە کراوە و یەکێک لە سکاڵاکارەکانیش سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتییە. دوا بڕیار لای دادگایە سەبارەت بە ئەنجامەکانی دادگاییەکە بەڵام ئێمە گەشبینین کە ئەنجامی سکاڵاکە لە بەرژەوەندی ئێمەدا دەبێت."
ڕاشیگەیاند، "سکاڵاکە هیچ زیانێک بە قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان ناگەیەنێت چونکە لەسەر یاسای هەڵبژاردنە کە پەیوەندی بە چارەنووسی قەوارەی هەرێمەوە نییە."
سکاڵاکان لەسەر هەرێم
ئەم سکاڵایە لە کاتێکدایە دادگای فیدڕاڵی لە چەند مانگی ڕابردوودا لە چەندین پرسی چارەنوس سازی تایبەت بە هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە. مانگی 2ی ساڵی ڕابردوو دادگاکە بڕیاری "نادەستووری" بوونی یاسای نەوت و غازی هەرێم و فرۆشتنیانی دەرکرد. لە نوێترین بڕیاریشیدا، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند بڕیاری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ درێژکردنەوەی وادەکەی نادەستورییە.
لەسەر بڕیاری داگای فیدڕاڵی سەبارەت بە پەرلەمانی هەرێم، ئەمڕۆ ڕابیحە حەمەد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای ئەو حیزبە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دەبێت هەمووان ملکەچی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بن و پێکەوە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن بکەن."
وتیشی "دەبێت چاوەڕێی قۆناغەکانی دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بکەین لەسەر بە نادەستوری ناساندنی درێژکردنەوەی پەرلەمان، چونکە سکاڵای تریش ماون تا یەکلایی بکرێنەوە."
سکاڵا نوێکەی یەکێتی بەهۆی ئەوەیە کە ئەو حزبە دوای بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی لەوە نیگەرانە هەڵبژاردنی داهاتوو لە هەرێم بە "یاسا کۆنەکە" ئەنجام دەدرێت، کە پارتی پشتگیری دەکات و یەکێتی دژیەتی.
بە پێی یاسای ئێستای هەڵبژاردن بێت، هەرێمی کوردستان یەک بازنەی هەڵبژاردنە و کورسی پێکهاتەکانیش بەیەک بازنەیی دەبێت. بەڵام یەکێتی پێیوایە ئەم یاسایە لە بەرژەوەندی پارتییە و داوای چوار بازنەیی و دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکان بەسەر پارێزگاکان دەکات. هەروەها یەکێتی دەڵێت تۆماری دەنگدەرانی هەرێم پاک نییە و داوای بەکارهێنانی تۆماری دەنگدەرانی عێراق دەکات بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان.
باڵانبۆ محەمەد تۆمارکردنی سکاڵاکە بە ناچاری دەزانێت و دەڵێت، "ئێمە لە هەرێم نەمانتوانی کێشەکانی خۆمان چارەسەر بکەین و یەکتریمان تۆمەتبار دەکرد. بۆیە تاکە چارەسەر پەنابردن بوو بۆ یاساو دەستور."
هەروەها وتیشی"لایەنەکان ئامادەن لەگەڵ نەیارەکانمان دابنیشن، کەچی ئامادە نەبوون خۆمان لەنێو خۆماندا کێشەکانمان چارەسەر بکەین."
پارتی دیموکراتی کوردستان هێشتا کاردانەوەی توندی بەرامبەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی نەبووە، بەڵام چاودێرانی سیاسی پێیانوایە دوای پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق، بێدەنگی ئەو حیزبە کۆتایی دێت.
لەلێدوانێکی پێشووتریدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، مەیادە نەجاڕ کادیری پێشکەوتووی پارتی و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، وتی، "هەڵبژاردن بە هەریاسایەک ئەنجام بدرێت، پارتی گرفتی نییە، چونکە خاوەنی پێگەو جەماوەری خۆیەتی."
حزبە بچوکەکان
هەرچەندە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەشێوازی یەک بازنەیی یاخود فرە بازنەیی ململانێکە لەنێوان یەکێتی و پارتیدایە، بەڵام ئەو ئەو حزبانەی هەرێم کە بە "حزبە بچووکەکان"ناسراون و یەک کورسی پەرلەمانییان هەیە بە وردی چاودێری ئاراستەی ململانێکان دەکەن، بەو پێیەی فرە بازنەیی ڕەنگە ببێتە هۆی لەدەستدانی کورسییەکانیان.
ئەبوکاروان، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان، کە حزبەکەی خاوەن یەک کورسییە لەپەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "یەکێتی و پارتی گەر ڕێکبکەون لەسەر فرە بازنەیی یاخود یەک بازنەیی، گوێ لە هیچ لایەنێکی سیاسی ناگرن و دوور لەهەموو یاساو رێسایەک پێکەوە برا و بەشی دەکەن."
کێشمەکێش لەسەر یاسای هەڵبژاردن تەنها هەرێمی کوردستانی نەگرتووەتەوە. لە عێراق دوای خۆپیشاندانەکانی مانگی تشرین ی ساڵی 2019 یاسای هەڵبژاردن گۆڕدرا و هەر پارێزگایەکی عێراق کرابوو بە چەند بازنەیەکی هەڵبژاردنەوە، ئەمەش دەرفەتی بۆ ژمارەیەک کاندیدی سەربەخۆ رەخساندبوو تا بگەنە پەرلەمانی عێراق. بەڵام لایەنە شیعەکان لە مانگی 3 ی ئەمساڵ سەرەڕای ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکان یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقییان هەموارکردەوە و عێراقیان کردەوە بە 18 بازنەی هەڵبژاردن.
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و کردنەوەی عێراق بە 18 بازنەی هەڵبژاردن، لەناو ئەنجومەنی نوێنەران نەیاری هەبوو، بەتایبەت ئێمە و پەرلەمانتارە بێلایەنەکان، چونکە ئەمە پاشگەزبوونەوە بوو لەخواستی خۆپیشاندەرانی عێراق."
جیاواز لە گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنی عێراق و گەڕانەوە بۆ سەردەمی 18 بازنەیی، هێزە شیعەکان جارێکی تر یاسای "سانتلیگۆ"یان بۆ هەژماردکردنی دەنگی دەنگدەران لە نێو یاسای هەڵبژاردن دا چەسپاندەوە، لەکاتێکدا ئەم هاوکێشەیە لەبەرژەوەندی هێزە گەورەکان و زیانی هێزە بچووکەکانە.
دارا سێکانیانی وتی "گەڕانەوە بۆ یاسای سانتلیگۆ پێشێلکردنی مافی هێزە بچووکەکانە؛ دەنگی هێزە بچووکەکان دەداتە هێزە گەورەکان و ئەمە پێشێلکردنی مافی دەنگدەرانە."