Accessibility links

دەروازەی سێمالکا-پێشابوور بۆ هاتوچۆیی کاروباری مرۆیی دەکرێتەوە


بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی سێمالکا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە ڕۆژی دووشەممە دەروازەکە دەکرێتەوە.

بە وتەی باز ئەحمەد، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە دەروازەی سێمالکا -پێشابوور، لە نێوان هەرێمی کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، وەک دەستپێکێک، دەروازەکە تەنها لەبەردەم بۆ ڕێکخراوە مرۆییەکان و ڕەوشە نائاساییەکان دەکرێتەوە.

وتیشی، "دەروازەکە وەک پێشتر لە ڕۆژانی شەممە و دووشەممە و چوارشەممە کراوە دەبێت".

سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە دانوستانەکانی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بەردەوامە بۆ کردنەوەی دەروازە سنوورییە بۆ هاتوچۆی بازرگانی.

هاتوچۆی نەخۆشەکان

دەروازەی سێمالکا-پێشابوور دەرفەتێکی باش بوو بۆ بارودۆخی مرۆیی، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشی سەختیان هەبوو. مانگانە بە سەدان نەخۆش دەچوونە ناو هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

زۆرێک لە نەخۆشەکانی کە ناتوانن بڕۆن بۆ دیمەشقی پایتەختی سوریا بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی بەهۆی تێچووی زۆر و مەترسی لە دەستگیرکردن، دەچنە هەولێر بۆ چارەسەرکردن.

سەمیرە ئەحمەدی تەمەن 48 ساڵ، تووشبووی شێرپەنجەیە، دەڵێت "هەولێر لە شام باشترە، چونکە تێچووی چارەسەرکردن لە شام زۆرە".

بەپێی بڕیارە نوێیەکە، لە 5ی ئەم مانگەدا دەروازەکە بۆ بارودۆخی مرۆیی کراوە دەبێت.

هاتوچۆی بازرگانی

بەپێی بڕیارەکە هێشتا دەروازەکە لەبەردەم هاتوچۆی بازرگانیدا داخراوە. لە 11 ی مانگی ڕابردووەوە دەروازەی سێمالکا- پێشابوور داخراوە، سەرەڕای بڕیاری کردنەوەی بۆ هاتوچۆی کاروباری مرۆیی و سەردان، بەڵام بۆ هاتوچۆی بازرگانی بە داخراویی ماوەتەوە.

داخستنی دەروازەکە بووە هۆی کێشەی دەرمان و شیر بۆ منداڵان و لە لایەکی دیکەوە کاریکردە سەر جووڵەی بازرگانی لە تەواوی ناوچەکە.

محەمەد حسینی، بازرگانێکی کەرەستەی بیناسازی دەڵێت، بزووتنەوەی بیناسازی لە هەرێمی جەزیرە زیانێکی زۆری لێکەوتووە "بە داخستنی دەروازەی پێشابوور، نرخی تەنێک چیمەنتۆ لە 140 دۆلارەوە بۆ 300 دۆلاری ئەمەریکایی بەرزبووەتەوە".

ناکۆکییە سیاسییەکان

بە وتەی بەرپرسانی هەردوو لایەنی کوردی، مەبەست لە کردنەوەی ئەم دەروازەیە، لە ساڵی 2013، هاوکاری مرۆیی و بازرگانی بووە و هەردوولا سوودمەند بوون لە داهاتی دەروازەکە.

بەڵام ململانێی سیاسی نێوان هەردوولا بووەتە هۆی ئەوەی ئەم دەروازەیە زیاتر لە دووجار دابخرێت.

دواینترینیان لە 11 ی مانگی پێنج بوو کە بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی پێشابوور لە دیوی هەرێمی کوردستان بڕیاری داخستنی سنوورەکەی بۆ ماوەیەکی نادیار ڕاگەیاند.

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ENKS) و پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) کە هەردوو لایەنی سیاسی کوردەکانی سووریان، هەریەکەیان ئەوەیتر بەوە تۆمەتبار دەکەن کە بوونەتە هۆی داخستنی دەروازەکە.

دانیشتووانی ئەو ناوچەیە پێیان وایە کە بەرەوپێشبردنی هاتوچۆی بازرگانی کەمتر نییە لە بەرەوپێشبردنی بارودۆخی مرۆڤایەتی و دەڵێن سنووردارکردنی بازرگانیش دەبێتە هۆی نەبوونی کاڵا لە بازاڕەکانی ناوچەکانی کوردەکان لە سوریا و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخ لەسەر هاووڵاتیان.

XS
SM
MD
LG