جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە عێراق و هەرێمی کوردستان خەڵکانێک هەن لەگەڵ سەقامگیریدا نین و لە نێو ژینگەی "ژەنگاو"ی ناسەقامگیریدا گەشە دەکەن.
ئاماژە بەوەش دەکات ئەو خەڵکانە لە پشت ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکانەوەن لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراقدا.
شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"ئەو خەڵکانەی پرۆژە یاسای بودجەیان بە پێچەوانەی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا دەستکاریکرد، دژی دروستبوونی سەقامگیرین لە عێراقدا، چونکە لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی خواستەکانی کورد لایەنگرانیان ڕاگرتووە، گەر دژایەتی کورد نەبێت هیچ شتێک نامێنێت قسەی لەسەر بکەن، و جەماوەر لەدەست دەدەن."
مادەکانی (13،14) لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراق تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان و لە نێو لیژنەی دارایی دەنگیان لەسەر دراوە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی هەرێمیش بە پرۆژەکە ڕازی نین و دەڵێن هەندێک بڕگە و مادەی بۆ زیادکراوە پێچەوانەی ڕێککەوتنەکانی نێوانیانە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا.
شاخەوان عەبدوڵا، دەڵێت "گۆڕانکارییەکانی نێو پرۆژە یاساکە خراپبوون، پێچەوانەی دەستور و یاسا و ڕێککەوتنە سیاسییەکانن، کە مافی ڕێککەوتن دراوەتە حکومەتی عێراق تا کاتی دەرچوونی یاسای نەوت و گاز، بۆیە ئەو گۆڕانکاریانە خراپبوون و چاوەڕێی دۆزینەوەی چارەسێکی تەوفقیانەین."
هەروەها، وتیشی"هەوڵ هەیە بۆ ڕێککەوتن و تەوافق لەسەر پرۆژە یاسای بودجە و ڕێککەوتنەکان بەردەوامن."
ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی سەربە لایەنە شیعییەکان هەڕەشەی تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجە لە نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ دەکەن، لەکاتێکدا هێشتا هەرێم و بەغدا لەسەر مادە و بڕگەکانی نێو پرۆژەکە بەتەواوەتی ڕێکنەکەوتوون.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجە بە زۆرینەی دەنگ، دەڵێت "شتی وانییە، گەر پەنا ببرێتە بەر تێپەڕاندنی بودجە بە زۆرینەی دەنگ، ئەی هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە حکومەتی عێراقی لێ دروستبووە واتای چی یە؟"
حکومەتی هەرێم پێیوایە ئەو بڕگەو مادانەی بۆ پرۆژە یاسای بودجەی عێراق زیادکراون، ئامانج لێیان لە قاڵبدانی هەرێمی کوردستانە لەڕووی دارایی و یاسایی و سیاسییەوە.
شاخەوان عەبدوڵا، وتیشی"گەر بیر لە تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجە بەزۆرینەی دەنگ بکرێتەوە زۆر شت لەدەست دەدرێ، ناوبانگی عێراق لەکەدار دەبێت و هەڵا لەناو پەرلەمان دروست دەبێت، هاوپەیمانێتییەکان سودیان نامێنێت و سەقامگیری نامێنێت."
بەپێی وتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، هێز هەیە کار بۆ ناسەقامگیری دەکات لە عێراق، چونکە سەقامگیری دەبێتە هۆی ئەوەی هەندێک هێز جەماوەر لەدەست بدەن.
شاخەوان عەبدوڵا دەشڵێت "ئەو هێزانەی کار بۆ ناسەقامگیری دەکەن، لە کوردەوە دەستپێدەکەن، چونکە تێکدانی پەیوەندی لەگەڵ کورد واتە تێکچوونی سەقامگیری، چونکە کورد پێکهێنەری سەرەکی حکومەتی عێراقەو تێکدانی پەیوەندی لەگەڵ کورد شتێک ناهێڵێت بەناوی دەوڵەتەوە، بۆیە لێرەوە دەستپێدەکەن."
کۆبوونەوەی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ ڕێککەوتن لەسەر پرۆژە یاسای بودجە پێش ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت بەردەوامە، بەرپرسانی عێراق دەڵێن لەسەر هەندێک بڕگەو مادە ڕێککەوتوون، بەڵام هەندێک لە بڕگەو مادەکانی نێو پرۆژەکە ڕای جیاوازیان لەسەرە و هێشتا گفتووگۆی لەبارەوە دەکەن.
شاخەوان عەبدوڵا، وتیشی "ئامانج لە هەوڵەکان بۆ تێکدانی ڕێککەوتنەکان پەیوەندییان بەسەرۆک وەزیرانەوە هەیە، گەر سەرۆک وەزیران سەرکەوتوو بێت بۆ هەندێک لایەن مایەی گرفتە، جگە لەوەش دەستوەردانی ناوخۆیی و دەرەکیش هەن."
یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکرات ڕای جیاوازیان لەبارەی پرۆژە یاسای بودجەوە هەبوو، یەکێتی پشتگیری لەو بڕگەیەی نێو پرۆژە یاساکە دەکات کە ماف دەداتە هەر پارێزگایەکی هەرێم راستەوخۆ شایستە داراییەکانی لە عێراق وەربگرێت گەر هەستی بە "نادادی" کرد، لەکاتێکدا پارتی دژی ئەم بڕگەیەیەو بەهەوڵێک بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێم لێکیدەداتەوە.
لەلێدوانێکی پێشتریدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، نەیشاردەوە ئەوان پشتگیری لەو بڕگەیە دەکەن، ئەمەش لە پێناو پەیڕەوکردنی دادپەروەری لەنێوان پارێزگاکاندا.
سەبارەت بەهۆکاری نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی لە کۆبوونەوەی لیژنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت"سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی وتی ڕێنماییمان بۆ هاتووە بەو شێوەیە دەنگ بدەن، لەکاتێکدا دەبووایە ڕێنمایی لە حکومەتی هەرێم وەربگرن کە یەکێتی و پارتی تێدایە، ڕێنماییەکەش پابەندبوونە بە ڕێککەوتنەکانەوە، بەڵام سەرم لەو دۆخەی یەکێتی دەرناچێت."