Accessibility links

ڕۆژی سێشەممە باڵێۆزخانەی ئێران لە سعودیە دەکرێتەوە


تاران و سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ڕایانگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی سێشەممە ئێران باڵیۆزخانەی خۆی لە عەرەبستانی سعودیە بکاتەوە پاش حەوت ساڵ لە داخستنی.

سعودیە لە ساڵی 2016 وە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا پچڕاند، دوای ئەوەی هێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تاران و کونسوڵخانەکەی لە شاری مەشهەد لە باکووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە لە کاتی ناڕەزایەتییەکان سەبارەت بە لەسێدارەدانی نەمر ئەلنەمر، کەسایەتی ئایینی شیعە لەلایەن ڕیازەوە.

مانگی سێ بە نێوەندگیری چین پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان سعودیە و ئێران دەستیپێکردەوە.

نوێنەرایەتی دیپلۆماسی ئێران کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعودیەوە دەرکرابوو، بە سەرکردایەتی عەلیرەزا عینایتی، کە پێشتر باڵیۆزی ئێران بوو لە کەویەت، دەگەڕێتەوە.

ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا دەستپێکردنەوەی کارەکانی ڕاگەیاند و بەمەش لێدوانەکانی پێشووی سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی لە ڕیاز پشتڕاست کردەوە.

کەنعانی وتی باڵیۆزخانەی ئێران لە ڕیاز و کونسوڵخانەکەی لە جددە و نوێنەرایەتی ئێران لە ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی "ڕۆژی سێشەممە و چوارشەممە بە فەرمی دەکرێنەوە".

ئەو سەرچاوە دیپلۆماسییە پێشتر بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندبوو کە کردنەوەی "سێشەممە کاتژمێر 6:00ی ئێوارە بەکاتی ناوخۆ، بە ئامادەبوونی باڵیۆزی تازە ڕاسپێردراوی ئێران" لە سعودیە بەڕێوەدەچێت.

سعودیە هێشتا پشتڕاستی نەکردووەتەوە کەی باڵیۆزخانەکەی لە تاران دەکاتەوە یان باڵیۆزەکەی کێ دەبێت.

دوای ساڵانێک لە ناکۆکی، هەردوو هێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە 10ی مانگی سێ دا ڕێککەوتنێکی لەناکاوی ئاشتەوایییان لە چین واژۆ کرد.

لەو کاتەوە، سعودیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریای هاوپەیمانی تاران چاککردووەتەوە و هەوڵەکانی بۆ ئاشتی لە یەمەن زیاتر کرد، کە ساڵانێکە سەرکردایەتی هاوپەیمانییەکی سەربازی دەکات لە دژی یاخیبووە حوسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن.

ئێران و سعوودیە ساڵانێک پێش ئەوەی پەیوەندییەکانیان چاک بکەنەوە لە ناوچە جێناکۆکەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتیوانی لایەنە دژبەرەکانیان کردووە.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG