وەزارەتی بەرگری عێراق هەوڵدەدات دەستبگرێت بەسەر 135 هەزار دۆنم زەوی جوتیارانی ڕۆژاوای کەرکوک بە بیانووی ئەوەی ئەو زەوییانە لە سەردەمی بەعسدا تاپۆکراون لەسەر سوپای عێراق. جوتیارانی کورد و تورکمانیش دژی هەوڵەکانی سوپای عێراق ماوەی 10 ڕۆژە بەردەوامن لە ناڕەزایەتی دەربڕین.
ساتع تۆپزاوایی، کە جوتیارێکی کوردە و یەکێکە لە سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندەرانی جوتیارە کورد و تورکمانەکانی ڕۆژاوای کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ماوەی 10 ڕۆژە لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەردەوامین، چونکە وەزارەتی بەرگری عێراق دەیەوێت دەست بەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانماندا بگرێت بە بیانووی ئەوەی بە میرات لە حزبی بەعسەوە بۆی ماوەتەوە."
ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی حزبی بەعس بە بڕیاری ژمارە (369) لە ڕۆژی 31/3/1975 بڕیاری دا بە لێسەندنەوەی 135 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە جوتیارانی کورد و تورکمانی نیشتەجێی 50 گوندی رۆژاوای کەرکوک و تاپۆکردنی زەوییەکانیان لەسەر وەزارەتی بەرگری، بە پاساوی ڕەچاوکردنی "بەرژەوەندی گشتی".
ساتع تۆپزاوایی وتی، "دوای ڕووخانی بەعس لە ساڵی 2003 گەڕاینەوە سەر زەوییەکانمان و لەوکاتەوە زەییەکان بۆ کشتوکاڵ بەکاردەهێنین، کەچی سوپای عێراق هاتووەتە سەرمان و داوای زەوییەکانمان لێدەکات، گوایە زەوی وەزارەتی بەرگری سەردەمی بەعسە، لەکاتێکدا کاتی خۆی بەزەبری هێز زەوییەکانمان لێسەندراوە."
ماوەی 10 ڕۆژە بەدەیان جوتیاری کورد و تورکمان لە ناحیەی یایچی ڕۆژاوای کەرکوک بەردەوامن لە ناڕەزایەتی دەربڕین و ڕادەستکردنی زەوییەکانیان بە سوپای عێراق ڕەتدەکەنەوە. بەڵام هێشتا سوپای عێراق ڕژدە لەسەر بڕیارەکەی و وەڵامی ناڕەزایەتی جوتیارانی نەداوەتەوە.
شێخ ئیراهیم یایچی، کە جوتیارێکی تورکمانە و یەکێکە لە جوتیارە ناڕازییەکان، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "دوای ڕووخانی بەعس هەموو شوێنەوارەکانی ئەو ڕژێمە سڕدرایەوە، کەچی دەیانەوێت بڕیاری ئەو رژێمە بۆ داگیرکردنی زەوییەکانمان بەکاربهێنن."
ئەو وتیشی، "بە هیچ شێوەیەک زەوییەکان ڕادەستی سوپای عێراق ناکەین و بەردەوام دەبین لە ناڕەزایەتی، گەر وەڵامیش نەدرێینەوە ناڕەزایەتییەکان فراوانتر دەکەین و ڕێگەکانی کەرکوک دادەخەین."
سەرباری ئەوەی جوتیارانی کورد و تورکمانی رۆژاوای کەرکوک ماوەی 10 ڕۆژە بەردەوامن لە ناڕەزایەتی دەربڕین، بەڵام تا ئێستا پارێزگار و بەرپرسانی ئیداری پارێزگاکە وەڵامی ناڕەزایەتییەکانیان نەداوەتەوە، بە بیانووی ئەوەی بڕیارەکە لەلایەن سەرۆکایەتی حکومەت و وەزارەتی بەرگری عێراقەوە دراوە.
دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە ڕاکان جبوری پارێزگاری کەرکوکەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکە بەردەست نەبوو.
ئەو زەوییانەی کە وەزارەتی بەرگری عێراق دەیەوێت لە جوتیارانی کورد و تورکمانی وەربگرێتەوە، ئەمساڵ لەلایەن جوتیارەکانەوە دەغڵودانیان تێدا چێنرابوو. سوپای عێراق هەوڵیدا پێش دوورینەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەست بەسەر زەوییەکاندا بگرێت، بەڵام جوتیارەکان هاتنە دەنگ و دواتر بڕیاردرا دەرفەت بە جوتیاران بدرێت بۆ دوورینەوەی بەرهەمەکانیان.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی مادەی 140 ی دەستوری عێراق ئاماژە بەوەدەکات سوپای عێراق نووسراوی ئاڕاستەی دام و دەزگا حکومییەکان کردووە، بۆ وەرگرتنەوەی زەوی لە جوتیارانی کورد و تورکمانی ڕۆژاوای کەرکوک.
دژوار فایەق کە هاوکات راوێژکاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتە بۆ کاروباری ناوچە کێشە لەسەرەکان، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "سەرەتا سوپای عێراق بەبیانووی روپێوییەوە هێزی بردووەتە سەر زەوییەکان و ئاشکرای نەکردووە کە نیازی دەست بەسەردا گرتنی زەوییەکانی هەیە. جوتیارانیش دژی ئەم هەوڵە خۆپیشاندانیان دەستپێکردووە و وەکو حکومەتی هەرێم پشتگیریانین."
نوێنەری حکومەتی هەرێم لە لیژنەی مادەی 140 داوای لە جوتیارانی کەرکوک کرد دان بەخۆیاندا بگرن، چونکە لە هەوڵدان کێشەکانیان بە یاسایی و یەکجاری چارەسەر بکەن. وتی، "وەکو حکومەت سەرقاڵی گەڕانین بەدوای هەموو بڕیارەکانی سەردەمی بەعس دا، بە تایبەت ئەو بڕیارانەی هەموار نەکراونەتەوە، تا لەپەرلەمانی عێراق هەمواریان بکەینەوە و مافی جوتیارانی کورد نەفەوتێت."
هەروەها وتیشی"ئەم هەفتەیە لەبەغدا کۆبوونەوەمان هەیە، دەمانەوێت کێشەی جوتیاران بە یەکجاری چارەسەر بکەین، چونکە جوتیارەکان خاوەن مافن."