وەها بڕیاربوو ڕۆژی سێشەممە لیژنەی کاروباری دارایی پەرلەمانی عێراق دواین کۆبوونەوەی خۆی لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق ئەنجامبدات، بەڵام بە وتەی ئەندامێکی لیژنەکە هۆکاری ئەنجامنەدانی کۆبوونەوەکە بۆ ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان لەسەر پرۆژە یاسای بودجە دەگەڕێتەوە.
هاوکات پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە پرۆسەی دەنگدان بەڕێوەدەچێت لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی وڵاتەکە بۆ هەرسێ ساڵی 2023 و 2024 و 2025.
د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، سەرۆکی لیژنەکە ئاماژەی پێداوە بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر هەبێت بۆ لایەنەکان بۆ ڕێککەوتن لەسەر هەندێک لەو بڕگە و بابەتانەی لە ناو پرۆژە یاساکەدا ناکۆکییان لەسەرە، بۆیە کۆبوونەوەی لیژنەکە نەکرا.
وتیشی لە هەمان کاتدا کارنامەی ڕۆژی پێنجشەممە بڵاوکرایەوە کە دیاریکراوە بۆ دەنگدانی کۆتایی لەسەر پرۆژە یاسای بودجە، ئەمەش مانای وایە لە ئێستاوە هەتا ڕۆژی پێنجشەممە تەنها چەند کاتژمێرێکی ئەمڕۆ و ڕۆژی چوارشەممە ماوەتەوە لە بەردەم لیژنەی داراییدا بۆ ئەوەی دوا کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات لەسەر دوا گۆڕانکارییەکان کە لایەنەکان لەسەری ڕێکبکەون بۆ ئەوەی پرۆژە یاساکە ئامادە بکرێت بۆ ڕۆژی پێنجشەممە بۆ دەنگدانی کۆتایی.
"ماددەکانی 13 و 14 کە لە ناو لیژنەی دارییدا دەنگی لەسەردراوە لە بنەڕەتدا هەرخۆی لە حکومەتەوە بەو شێوەیە هاتووه "
مشتومڕەکان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق لەو کاتەوە سەریهەڵدا کە هەفتەی ڕابردوو لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی هەمواری چەند بڕگەیەکی پڕۆژە یاساکە کرا.
نەرمین مەعروف پێشبینی ئەوەی کرد دواجار لایەنە ناکۆکەکان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە بگەنە ڕێککەوتن، وتیشی هەر وەکو لە بناغەوە ئەم حکومەتەوە بە سازان پێکهاتووە بە هەمان شێوەش لە مەسەلەی پرۆژە یاسای بودجەدا هەر بەو سازانە لایەنەکان کارەکانی پەیوەست بە بودجە تەواو بکەن.
ماددەی 13 و 14 لە پرۆژە یاسای بودجەدا ئەو مادانەن زۆرترین مشتومڕ و ناڕەزایی هەرێمی لێکەوتەوە بە جۆرێک حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان چاوەڕوانی ئەو گۆڕانکارییانەی نەدەکرد لە پڕۆژە یاساکەدا.
نەوزاد هادی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆژی دووشەممە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو: دەستکاریکردنی پشکی هەرێم لە پرۆژە یاسای بودجە چاوەڕواننەکراو بوو.
ئایا ماددەی 13 و 14 وەک خۆی دەمێنێتەوە؟
لە وەڵامدا ئەندامەکەی لیژنەی دارایی عێراق وتی گفتوگۆکان بەردەوامیان هەیە و چاوەڕەوان دەکرێت هەتا ڕۆژی پێنجشەممەش بە هەمان شێوە بەردەوامبن. ئێمە ئومێد دەکەین بە شێوەیەک لە شێوەکان پێداچوونەوە بەو بڕگانە بکرێت کە ئەو گۆڕانکارییان تێدا کراوە و ڕەنگە مەترسییەک دروست بکات لەسەر بەرژەوەندییەکانی هەرێم لە ئێستادا یاخود لە داهاتوودا و پێداچوونەوە بکرێتەوە بەو بڕگانەدا.
نەرمین مەعروف وتیشی بەشێکێکی هەر خۆی ماددەکانی 13 و 14 کە لە ناو لیژنەی دارییدا دەنگی لەسەردراوە لە بنەڕەتدا هەرخۆی لە حکومەتەوە بەو شێوەیە هاتووە واتە هەموو بڕگەکان گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، بەڵکو بەشێکی بڕگەکان. ئێمە ئومێد دەکەین لایەنەکان بگەنە سیغەیەک بۆ ئەو گۆڕانکارییانە کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی هەرێم نەگەیەنێت.
"داکۆکی لە مانەوەی بڕگەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکەین"
یەکێک لەو بڕگانەی ناڕەزاییەتیەکەی لێکەوتەوە، بابەتی دانەوەی ڕێژەی لە 10%ی موچەی پاشەکەوتکراوی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێمە.
نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان جەختیکردەوە کە ئەوان داکۆکی لە مانەوەی بڕگەی دانەوەی پاشەکەوتی موچە دەکەن کە لە ناو لیژنەی دارایی دەنگییان پێداوە.
نەرمین مەعروف وتی ئێمە وەکو یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە خاوەنی پێشنیازەکەین و داکۆکی لەو پێشنیازەی خۆمان دەکەین کە لە ناو لیژنەی دارایی دەنگی لەسەر دراوە و داکۆکی و پشتیوانیشی لێدەکەین بۆ ئەوەی لە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانیشدا دەنگی پێبدرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی باسی لەوەشکرد جێبەجێکردنی بڕگەی دانەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران ئەستەم بێت لەلایەن حکومەتەوە تەنها ئەوەی پێویستی پێیەتی گواستنەوەی ئەو بڕەپارەیەیە کە بە ڕێژەی 10% بتوانرێت موچەی لێبڕدراوی فەرمانبەران بۆ ئەمساڵ بدرێتەوە.
د. نەرمین مەعروف وتیشی "لە کۆی ئەو شایستە داراییانەی بۆ هەرێم دیاریکراوە کە نزیکەی یەک تریلیۆن و 200 ملیار دینار دەبێت، بە ئاسانی دەتوانرێت لە هەندێک لە بڕگەکانی خەرجی بگوازرێتەوە بۆ سەر موچە و شایستەی فەرمانبەران. بەو شێوەیە حکومەت ئەو بڕە پارەیەی لەبەر دەستدا بێت بۆ ئەوەی ئەو پاشەکەوتە بە ڕێژەی 10% لە ماددەی پێشنیازکراو بدرێتەوە بۆ ساڵانی داهاتووش دەکەوێتەسەر بڕی ئەو داهاتەی کە بەردەست دەبێت و ئەو توانایەی کە لەبەر دەست حکومەت دەبێت بۆ گێڕانەوەی ئەو پاشەکەوتە ئیتر بە ڕێژەی زیاتر بێت یاخود کەمتر بێت ئەمەش دەکەوێتەوە سەر بودجەکانی ساڵی داهاتوو، بەڵام بۆ ئەمساڵ وەکو یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێداگری و داکۆکی لە ئەم مافەی فەرمانبەران دەکەین."
ناردنی بەشە بودجەی پارێزگایەک بەجیا
خاڵێکی تری ناکۆکی ناو پرۆژە یاسای بودجە کە حکومەتی هەرێم بە لێدان لە هەرێم و هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی لە قەڵەم دا، ئەو بڕگەیە بوو کە ئەگەر پارێزگایەک ناڕازی بوو لە بەشە بودجەی خۆی ئەوا داوا لە حکومەتی ناوەندی عێراق بکات بۆ ناردنی بەشە بودجەی ئەو پارێزگایە ڕاستەوخۆ.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا لە گفتوگۆکاندا ئەو بڕگەیە دەگۆڕێت؟ د. نەرمین مەعروف وتی "من نازانم گفتوگۆکان بەچی گەیشتوون؟ لە بنەڕەتدا ئەوەیە ڕەچاوی دادپەروەری بکرێت. ئەگەر هاتوو توانرا ئەو مەرجە بەدیبهێنرێت بەدڵنیاییەوە ناگەینە ئەوەی کە ناوچەیەک یان پارێزگایەک داوای ئەو بودجەیەی خۆی بکات ڕاستەخۆ لە بەغداد.
د.نەرمین مەعروف ئاماژەی بەوەشکرد: پەلەکردن لەم بابەتە پێداویستیە و لە هەمان کاتدا پەیوەندی هەیە بە توانای حکومەتەوە لە خەرجکردنی بودجەکە لەو ماوەیەی کە ماوەتەوە لە ساڵی 2023.