کۆماری ئیسلامی ئێران ماوەیەکی زۆرە داوا لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم دەکات کە پارتە کوردە ڕکابەرەکانی لە هەرێمی کورستان دەربکەن و بارەگاکانیان دابخەن، بەڵام تا ئێستا ئەو داوایە جێبەجێ نەکراوە. هاوکات سوپای پاسدارانی ئێران و لەشکری ئەو وڵاتە چەندین جار بە تۆپباران و موشەکی دوورهاوێژ بارەگا و دامەزاراوەکانی ئەو پارتانەی لە خاکی عێراقدا بۆمباران کردووە، بەڵام ناڕەزایەتییەکی توندیش لەو بارەیەوە نەبووە تا ببێتە ڕێگر لەبەردەم دووبارەکردنەوەی ئەو جۆرە هێرشانە.
بەپێی زانیارییەکان لە دوو سەرچاوەی جیاوازی لایەنە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن، سوپای ئێران لە نزیک سنووری هەرێمی کوردستان هێزی کۆکردووەتەوە، هاوکات ئێران داوای لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە کە هێزە کوردییەکان دەربکەن و دەنگۆی ئەوەش هەیە ئاوارەکانی کوردەکان لە چەند کەمپێکدا کۆبکرێنەوە و لە ژێر چاودێریدا بن. بۆ ئەو مەبەستە ئاسۆ جەبار وتوێژێکی تایبەتی کردووە لەگەڵ مافناس و داکۆکیکار لە مافەکانی پەنابەران ڕەزا مورادیان.
ڕەزا مورادی لەو بارەیەوە دەڵێت "کۆماری ئیسلامی ئێران هێزی جوڵاندووە، بەڵام ناتوانێت وەک جاران ڕاستەوخۆ هێزی چەکدار بهێننە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە."
میدیاکانی عێراق لە مانگی پێنجدا بڵاویان کردەوە ئێران باڵیۆزی عێراقی بانگهێشتکردووە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە ئامادەبوونی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە مەراسیمێکی فەرمی لە هەرێمی کوردستانی عێراق.
لە بەیانامەیەکی نوێدا ناوەندی هاوکاری پارتە کوردییەکانی ئێران دەڵێن "ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە بەرانبەر ناڕەزایەتیی بەرینی خەڵک و ڕابوونی ژینادا بە چۆکدا هاتووە، بە شەپۆلێکی نوێی ئێعدام و سەرکوتی خەڵک لەلایەک و بە لەشکرکێشی و هەڕەشەی هێرش بە مووشەک و درۆن بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە تەمای قەڵاچۆ و کۆمەڵکوژکردنی ژنان و منداڵان و پەنابەرانی کوردی ئێرانییە کە ساڵانێکە لە عێراق نیشتەجێن."
سەبارەت بە ئامادەکاری لەشکرکێشی و کۆکردنەوەی هێز لەسەر سنوورەکان ڕەزا مورادی دەڵێت "ئێران دوو ئامانجی هەیە، یەکەم دژایەتیکردنی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات و ئامانجی دووەمیشی هەرێمی کوردستانە، چونکە هەرێمی کوردستان بە مەترسییەکی گەورە دەزانێت بۆ خودی ئێران."
سەبارەت بە مافەکانی پەنابەرانی کوردی ئێران ڕەزا مورادیان دەڵێت "کەمترین ماف بۆ پەنابەرانی کوردستانی ڕۆژهەڵات پارێزراو نییە، هەر نەبووە تا پارێزراوبێت. کەمترین ئاوڕ لە پەنابەرانی ڕۆژهەڵات دراوەتەوە."
دەشڵێت "ئەگەر کەمپی ئاوارەکان بخرێنە ژێر کۆنتڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان دۆخەکە زۆر خراپتر دەبێت."
*دەتوانن لە ڕێی ئەم بەستەرەوە گوێبیستی تەواوی وتوێژەکەی ڕەزا مورادی بن.