بەپێی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی هەرێمی جەزیرە، لە سەرەتای ساڵی 2023 و تا کۆتایی مانگی پێنج ، 354 منداڵ لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ناوچە کوردییەکانی ژیر دەسەڵاتی تورکیا لە سوریا بوونەتە قوربانی شەڕی ناوخۆی سوریا.
منداڵان بوونەتە ئامانجی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان
ئەحمەد مەحمەد سەلیم، منداڵێکی تەمەن 14 ساڵ بوو، لە دوکانێکدا لەسەر ڕێگای دێریک – قامیشلۆ کاری دەکرد کاتێک فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا دوکانەکەی کردە ئامانج و کوژرا.
دایکی ئەحمەد بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " کوشتنی منداڵێکی بێتاوان و بکوژ دیارە، بەڵام ئێمە مافمان نییە."
لە ناوچە کوردییەکانی سوریا 353 منداڵی تری وەک ئەحمەد بوونەتە قوربانی.
سەرپێچیکردن لە مافی منداڵان
کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە ناوچەی جەزیرە ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە "منداڵانی قوربانیانی شەڕی ناوخۆی سوریا" بڵاوکردەوە.
ڕاپۆرتەکە لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئاماری پێشێلکارییەکانی دژی منداڵان و ژمارەی قوربانیانی منداڵان و پرسگەلێکی دیکەی پەیوەست بە دۆخی منداڵانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ناوچە کوردییەکانی تری سوریا، لە سەرەتای ساڵی 2023 تا کۆتاییەکانی مانگی ڕابردوو ئاشکرا کرد.
سەرۆکی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ ئەڤین جومعە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " "لەم ڕاپۆرتەدا ئاماری پێشێلکارییەکان و دۆخی منداڵان لە ناوچە سەربەخۆکان و ناوچە کوردییەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنرێت".
ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ ئاماژە بە ژمارە و ئاماری ئەو منداڵانە دەکات کە بە هۆکاری جیاجیا بوونەتە قوربانی شەڕی ناوخۆی سوریا، وەک "کوشتن، ڕفاندن، خۆکوشتن، قوربانیانی پاشماوەی جەنگ، دەستدرێژی سێکسی، و کوژراو و برینداربوون ."
ئامارەکانی کە لە ڕاپۆرتەکەدا باس کراوە بەم شێوەیەیە:
ژمارەی قوربانییەکان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا 260 منداڵە.
ژمارەی ئەو منداڵانەی لە ناوچەی عەفرین و شەهبا بوونەتە قوربانی 48 منداڵە.
ژمارەی ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی داڕمانی باڵەخانەکان بەهۆی بوومەلەرزە و بۆردومانەکەوە گیانیان لەدەستداوە 46 منداڵە.
یونیسێف (UNICEF)دەڵێت 13 هەزار منداڵ لە سەرانسەری سوریا کوژراون و بریندار بوون
بەپێی دوایین زانیاری یونیسێف کە لە ڕاپۆرتێکدا لە لە مانگی سێ بڵاوکراوەتەوە دوای 12 ساڵ لە شەڕی سوریا، 13 هەزار منداڵ کوژراون و برینداربوون، هەشت هەزار و 633 منداڵ کراون بە سەرباز، هەروەها هەشت هەزار و 56 بنکەی پەروەردەی تایبەت و تەندروستی منداڵان کراونەتە ئامانج.
ڕاپۆرتەکە دەشڵێت ژمارەی ئەو منداڵانەی پێش بوومەلەرزەکە پێویستیان بە یارمەتی هەبووە (3,750,000) منداڵ بووە، دوای بوومەلەرزەکە زیاتر لە (7,000,000) منداڵ پێویستیان بە هاوکارییە.