Accessibility links

ئەڤین مستەفازادە: سزاکانی ڕۆژئاوا کاریگەری نییە لەسەر حکومەتی ئێران 


Iran Sanctions
Iran Sanctions

چەندین ساڵە سزا و گەمارۆکان لەسەر ئێران تا دێت زیاتر دەکرێن، بەڵام بەڕای شارەزایان و ڕاپۆرتە جیهانییەکان، ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا ڕەفتارە تێکدەرانەکانی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکەدا بەردەوامە.

سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان و دەستگیرکردنی هەزاران کەس بە تۆمەتی سیخوڕی کردن و ئاسایشی نیشتمانی، تەنها پێشێلکاری نین کە ڕژێمی ئێران بەردەوامە لەسەریان، بەڵکو لە سێدارەدانەکان هەروا دێ زیاتر دەبن و چەوسانەوەو کوشتنی ژنان لەو وڵاتەدا تا دێ لە تاوسەندندایە، ئەمە بێجگە لە ئەشکەنجەدان لە زیندانەکاندا.

چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ ئەڤین مستەفازادە دەڵێت "سەپاندنی سزاکان بەسەر حکومەتێکی ناکارامەی وەک ئێراندا نەیتوانیوە ئێران بەرەو دۆخێکی باشتر بەرێت، حکومەتی ئێران حکومەتێکی ئایدۆلۆژی سەرکوتکارە، ئێران دەیەوێت هیلالێکی شیعی دروستبکات."

هیلالی شیعە یان ئەو ناوچانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی شیعەن یان کەمینەیەکی بەهێزی شیعەن.

لەم ساڵانەی دواییدا ئەم دەستەواژەیە بۆ دەستنیشانکردنی ناوچەکانی ژێر کاریگەری یان کۆنترۆڵی ئێران بەکاردێت بەو پێیەی ئێران هەوڵی داوە هەموو موسڵمانە شیعەکان لە ژێر چەترێکدا کۆبکاتەوە، لە لایەکی ترەوە ئەم چەمکە زیادبوونی هێزی سیاسی شیعە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشان دەدات.

دوو بەرپرسی باڵای کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە سەبارەت بە ئاشکراکردنی مووشەکی "هایپەرسۆنیک" لەلایەن ئێرانەوە، ڕایانگەیاند کە گەمارۆکانی ئەمەریکا بۆ سەر بەرنامەی مووشەکی ئەتۆمی و بالستیکی ئێران لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانی بەردەوام دەبێت.

وتەبێژێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی لەو بارەیەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئیدیعاکانی ئێرانمان سەبارەت بە مووشەکی دەنگبڕی بیست، ئەمەریکا هێشتا پابەندە بە ڕووبەڕووبوونەوەی بەرنامەی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی ئێران و تێکدانی تۆڕەکانی ئەو وڵاتە بە بەکارهێنانی هەموو ئامرازە بەردەستەکان."

بەڵام ئەڤین مستەفازادە دەڵێت "سزاکان کاریگەری نییە لەسەر حکومەتی ئێران." هاوکات خاتوو ئەڤین لەو وتوێژەی دەنگی ئەمەریکادا باس لەوەش دەکات حکومەتی ئێران هەموو هەوڵێک دەدات دەستیڕابگات بە چەکی ناوەکی لەبەرئەوەی چاک دەزانێت دەستڕاگەیشتن بە چەکی ناوەکی واتە پیادەکردنی هێز و هەژمونگەری خۆی لە ناوچەکە و لە جیهاندا.

هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند "ئەگەر ئێران ڕێگای دیپلۆماسی ڕەت بکاتەوە، ئەوا وەک سەرۆک [جۆو] بایدن چەندین جار ڕوونی کردووەتەوە، هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن بۆ دڵنیابوون لەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت."

چاودێران پێیان وایە سزاکانی سەر ئێران نەک هەر نەیوتوانیەوە بەر بە پێشلکردنی مافەکانی مرۆڤ بگرێت بەڵکو حکومەتی ئێران گەیشتۆتە ڕادەیەک درۆنی بۆمبهەڵگر ڕەوانەی ڕووسیا دەکات و بەهۆی درۆنەکانی ئێرانەوە چەندین خەڵکی مەدەنی لە ئۆکرانیا کوژراون و ژێرخانی ئەو وڵاتە کراوەتە ئامانجی بۆردومانەکان. بەڵام هێشتا ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی وەک ئیسرائیل و وڵاتانی ئەوروپا لەو باوەڕەدان توندکردنەوەی سزاکان لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران دەتوانێت بەرئەنجامێکی بەهێزی هەبێت بۆ ناچارکردنی حکومەتی ئێران بۆ ئەوەی ملبدات بۆ داواکارییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

دەقی وتووێژەکەی ئاسۆ جەبار لەگەڵ ئەڤین مستەفازادە

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:33 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG