Accessibility links

ناکۆکییەکان لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی عێراق


بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان بە پرۆژە یاسای بودجەی عێراق کۆببێتەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە دانیشتنکەکەدا کێشمەکێشێکی قورس لە نێوان پەرلەمانتاراندا ڕووبدات بەو پێیەی ناکۆکییەکی زۆر لەسەر پرۆژە یاساکە هەیە.

بە پێی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا، جگە لەوەی هێشتا پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنە شیعەکان لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بە تەواوەتی ڕێکنەکەوتوون، ناکۆکی لە نێوان پەرلەمانتارانی شیعەش لەسەر پشکی پارێزگاکانی باشور هەیە و ناکۆکی لە نێوان ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی عێراقیش لەسەر دەستکاریکردنی پرۆژە یاسای بودجە لەلایەن لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەیە.

سەعد مەتڵەبی سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " نوێنەرانی پارێزگاکانی باشوری عێراق لە پەرلەمانی عێراق پێیان وایە لە پرۆژە یاسای بودجەدا ستەم لە پارزگاکانیان کراوە، ئەمەش یەکێک بوو لە هۆکارەکانی دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجە."

هەروەها گوتیشی "پشکی هەرێمی کوردستانیش لە پرۆژە یاسای بودجە گرفتێکی ترە چونکە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاگای لەو ڕێککەوتنە نەبووە کە لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەند لەسەر بودجە ئەنجام دراوە."

بەهۆی ئەوەی هێشتا ڕێککەوتنی کۆتایی لە نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرۆژە یاسای بودجە ئەنجام نەدراوە، چاوەڕوان دەکرێت سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە گفتوگۆکان چڕ بکرێنەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و ڕەنگە دانیشتنەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانیش بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دوابخرێت تا ئەو کاتەی لایەنەکان دەگەنە ڕێککەوتن.

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کە داوای کرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە بە دەنگی ئەمەریکای گوت " هێشتا بەشێکی زۆر لە پەرلەمانتارانیش زانیارییان لەسەر ئاراستەی گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان نییە کە ئێستا بەردەوامە، هیچ کام لە کورد و شیعە زانیاری ناو کۆبونەوەکان نادرکێنن و زۆر بە هەستیارییەوە مامەڵە دەکەن، چونکە نایانەوێت زانیاری دەربچێت و کێشە دروست ببێت."

ئەو ئەندام پەرلەمانە گوتیشی " پارتی و لایەنە شیعەکان لەسەر هەندێک خاڵ ڕێککەوتوون و هەندێک خاڵیش ماوە تا سبەینێ پێش دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق هەوڵ دەدرێت ڕێککەوتنیان لەسەر بکرێت."

ئەو خاڵانەی کە لێکتێگەیشتنیان لەسەر دروست بووە بریتین لەوەی داهاتی نەوتی هەرێم لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە سەرپەرشتی بکرێت و دەسەڵاتی خەرجکردنیشی بدرێتە سەرۆکی حکومەتی هەرێم.

خاڵێکی تریش لابردنی ئەو بڕگەیەیە کە مافی داوە بە حکومەتی عێراق بتوانێت بەشە بودجەی هەرێم ببڕێت لە حاڵەتی دروستبوونی ناکۆکیدا لەگەڵ حکومەتی هەرێم.

بەڵام هەندێک خاڵی تریش ماون کە ڕێککەوتنیان لەسەر نەکراوە هێشتا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.

ئەو بڕگەیەی نێو پرۆژە یاسای بودجە کە مافی داوەتە هەر پارێزگایەکی هەرێم داوا لە حکومەتی عێراق بکات ڕاستەوخۆ شایستە داراییەکانی پێبدات ئەگەر هەستی بە نادادی کرد و گازندەی لە حکومەتی هەرێم هەبوو، پارتی داوای گۆڕینی کردووە بەڵام یەکێتی لەسەری ڕازی نەبووە.

دەستکاریکردنی پرۆژە یاسای بودجە لەلایەن لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە تەنها حکومەتی هەرێمی نیگەران نەکردووە، بەڵکو حکومەتی عێراقیشی نیگەران کردووە و پێیوایە دەستکاریکردنی ئەو پرۆژە یاسایە لەلایەن لیژنەی داراییەوە کە حکومەت بۆی ناردوون، پێچەوانەی دەستوورە.

تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا هەڕەشەی پەنابردنە بەر دادگای فیدڕاڵی و تانەدانی کرد لە دەستکاریکردنی پرۆژە یاساکە لەلایەن لیژنی داراییەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:50 0:00
Direct link
XS
SM
MD
LG