ڕێبەری باڵای ئێران ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، شیانی ڕێککەوتنێک لەگەڵ ڕۆژاوا سەبارەت بە کاری ئەتۆمی تاران هەیە ئەگەر ژێرخانی ئەتۆمی وڵاتەکە وەک خۆی بمێنێتەوە.
ئەم قسانەی ئایەتوڵا عەلی خامنەئی لە کاتێکدایە واشنتن و تاران گەیشتوونەتە بنبەست بۆ هەوڵەکانی بوژاندنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015ی زلهێزانی جیهان و ئێران.
چەند مانگێک دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان تاران و واشنتۆن بۆ زیندووکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنە لە مانگی نۆوە لە دۆخێکی چەقبەستوودایە و هەردوولا یەکتریان تۆمەتبار کردووە بەوەی داوای نابەجێ دەکەن.
ئەم قسانەی خامنەئی چەند ڕۆژێک پاش ئەوەیە کە تاران و واشنتۆن ڕاپۆرتێکیان ڕەتکردەوە سەبارەت بەوەی هەردوولا لە ڕێککەوتنێکی کاتی نزیک بوونەتەوە و بەپێی ئەو ڕێکەوتنە تاران بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە بەرامبەر سوککردنی سزاکان سنووردار دەکات.
ئاژانسی دەوڵەتی ئێران لە زاری خامنەئیەوە دەڵێت ” هیچ گرفتێک نییە لە ڕێککەوتن (لەگەڵ ڕۆژئاوا)، بەڵام نابێت دەست لە ژێرخانی پیشەسازی ئەتۆمیمان بدرێت."
ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015 چالاکییەکانی ئێرانی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم سنووردار کرد بۆ ئەوەی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی بۆ تاران قورستر بکات، لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییەکان.
لە ساڵی 2018، سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ تاک لایەنە ئەمەریکای لەو ڕێککەوتنە کشاندەوە و سەرلەنوێ سزا ئابورییەکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا. ئەمەریکا وایکرد وردە وردە ئێران وابەستەی رێککەوتنەکە نەمێنێت.
خامنەئی قسەکانی چەند ساڵەی کاربەدەستانی ئێرانی دووپاتکردەوە و گوتی کۆماری ئیسلامی هەرگیز هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نەداوە " تۆمەتەکان سەبارەت بە تاران کە لە هەوڵی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیدایە، درۆیە و ئەوانیش ئەوە دەزانن. ئێمە بەهۆی بیروباوەڕی ئایینیمانەوە چەکی ئەتۆمیمان ناوێت. ئەگینا ئەوان (ڕۆژئاوا) نەیاندەتوانی ڕێگری لێبکەن."
خامنەئی کە دوا قسەی لەسەر هەموو بابەتە دەوڵەتییەکانی وەک بەرنامەی ئەتۆمی ئێران هەیە، وتی دەسەڵاتە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکە پێویستە بەردەوام بن لە کارکردن لەگەڵ ڕێکخراوی چاودێری ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان "لە چوارچێوەی پارێزبەندییەکان".
بەڵام خامنەئی داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد "مل بە داواکارییە زیادەڕۆیی و ناڕاستەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی" نەدەن و دەشڵێت، دەبوو ڕێز لە یاسایەک بگیرێت کە لە لایەن پەرلەمانی توندڕەوی ئێرانەوە لە ساڵی 2020 پەسەند کرابوو.
بەپێی ئەو یاسایە، تاران پشکنینەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ شوێنە ئەتۆمییەکانی ڕادەگرێت و پیتاندنی یۆرانیۆمیش زیاتر دەکات، ئەگەر سزاکان هەڵنەگیرێن.
مانگی ڕابردوو ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پێشکەوتنی سنوورداری لەسەر پرسە ناکۆکی لەسەرەکان لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند، لەوانە دووبارە دانانەوەی هەندێک کەرەستەی چاودێری کە لە سەرەتادا بەپێی ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015 دانرابوو و تاران ساڵی ڕابردوو فەرمانی لابردنی دەرکردبوو.