Accessibility links

عێراق پلانی بودجەی 153 ملیار دۆلاری پەسەند دەکات و دەسەڵاتی زیاتری دەبێت بەسەر نەوتی هەرێمی کوردستاندا


پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە، پلانی بودجەی ساڵانەی 153 ملیار دۆلاری پەسەند کرد کە خەرجییەکان بۆ ژێرخانی ئابووری و هەلی کار لە کەرتی گشتی زیاد دەکات.

هەروەها پلانی دارایی سێ ساڵە، دەسەڵاتی زیاتر دەدات بە حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.

دوای چەند مانگێک لە مشتومڕ و چەندین دانیشتنی درەنگانی شەو، پەرلەمانتاران ڕێککەوتن لەسەر بودجەیەکی 198.9 تریلیۆن دینار (153 ملیار دۆلار) بۆ بودجەی ئەمساڵ، و هەمان بڕە پارە لە ساڵانی 2024 و 2025، بە مەرجی هەموارکردنەوەی داهاتوو.

بەو پێیەی پێشبینی دەکرێت داهاتی ساڵانە بگاتە 103.4 ملیار دۆلار، بە پشتبەستن بە نرخی نەوت کە 70 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک، پلانە داراییەکە کورتهێنانی بودجەی عێراق بۆ زیاتر لە 49.5 ملیار دۆلار بەرز دەکاتەوە، کە دوو هێندە زیاترە لە ژمارەی ساڵی 2021.

فرۆشتنی سوتەمەنی نزیکەی لەسەدا 90ی داهاتی عێراق پێکدەهێنێت، وڵاتێک کە هێشتا لە هەوڵدایە بۆ دەرچوون لە دەیان ساڵەی شەڕ و یاخیبوون و بەدەست گەندەڵی بەربڵاوەوە دەناڵێنێت.

داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان

مشتومڕێکی زۆر لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، کە چەندین ساڵە بە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی تورکیاوە بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی فیدراڵی عێراق ملیاران دۆلاری بەدەستهێناوە.

هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە مانگی سێ وە ڕاگەیرا دوای ئەوەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس بڕیاری لە بەرژەوەندی بەغدا دا بۆ مافی بەڕێوەبردنی هەناردەکردن.

بەغدا و حکومەتی هەرێم لە مانگی چواری ڕابردوو ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کۆنترۆڵی زیاتری هەناردەی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان بە حکومەتی فیدراڵی بدرێت.

بەپێی ئەو بودجەیە ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل لە کوردستانەوە ڕەوانەی بەغدا دەکرێت، داهاتەکەی دەچێتە سەر هەژمارێکی بانکی ناوەندی کە بەغدا چاودێری دەکات.

هاوکات 12.7%ی بودجەی گشتی عێراق بۆ کوردستان دەچێت.

هەروەها لە بودجەدا 37.9 ملیار دۆلار بۆ وەبەرهێنانی ژێرخانی تەرخانکراوە، کە لەلایەن محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بە ئەرکی سەرەکی دانراوە لە وڵاتێکدا کە لە مێژە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان گرنگی پێنادرێت.

سەرۆک وەزیری عێراق محەمەد شیاع سودانی لە ڕاگەێندراوێکدا پیرۆزبایی ئاراستەی عێراقییەکان کرد بەبۆنەی پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵی 2023،2024 و 2025 و گوتی "ئەو بودجەیەی، ئەنجوومەنی وەزیران لە 13ی سێدا دەنگی لەسەر داوه‌، ئەو كاره ‌له‌پێشینانه‌ی لەبەرچاو گرتووە کە کاریگەرییان لەسەر ‌پێداویستییە سەرەكییه‌كانی تاک و خێزان و بژێویی هاووڵاتیان هەیە، حكومه‌ت هەوڵدەدات خواستەکانیان به‌وه‌ی چاوەڕێی دەکەن لە حکومەت، به‌دیبهێنێت لە ڕووی پڕۆژەکانی خزمه‌تگوزاری و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و ژێرخانی ئابووریدا".

زۆربەی خەرجییەکان لە ڕێگەی هەناردەکردنی وزەوە دابین دەکرێن، بەڵام شارەزایان هۆشدارییان داوەتە عێراق کە دەبێت خۆی لە زیادەڕۆیی لە پشتبەستن بە نەوت بە دووربگرێت.

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند "سیاسەتێکی دارایی توندتر بە شێوەیەکی بەرچاو پێویستە بۆ بەهێزکردنی خۆڕاگری و کەمکردنەوەی پشتبەستنی حکومەت بە داهاتی نەوت لە هەمان کاتدا پاراستنی پێداویستییە گرنگەکانی خەرجییە کۆمەڵایەتییەکان".

XS
SM
MD
LG