Accessibility links

خوێندکارانی کورد لە تورکیا داوای خوێندنی زمانی کوردی لە زانکۆکاندا دەکەن


دروشمێک لەسەر زمانی کوردی
دروشمێک لەسەر زمانی کوردی

لە زانکۆکانی تورکیا، ساڵی خوێندنی 2022-2023 لە ڕۆژی هەینی 16ی شەش کۆتایی دێت. بەڵام خوێندکارانی کورد گازندە لە ئەنجوومەنی نیشتمانی باڵای تورکیا (TBMM) دەکەن، چونکە لە زانکۆکانی تورکیادا خوێندنی کوردی نییە.

ئەوان داوا لە ئەنجومەنەکە دەکەن لە ماوەی ساڵی خوێندنی 2023-2024دا بەرنامەی خوێندنی کوردیش لە زانکۆکاندا دابنرێت.

هێلین کایا خوێندکارێکی کوردە لە زانکۆی ئانکەرە دەخوێنێت. ئەو بە زمانی تورکی دەخوێنێت و لە هەمان کاتدا لە زانکۆ فێری زمانی ئینگلیزی دەبێت. گەورەترین گلەیی ئەو ئەوەیە کە بۆچی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆکاندا نییە.

هێلین کایا بە دەنگی ئەمەریکای گوت " کاتێک سەیری ئەو زانکۆیە دەکەم کە ئێستا لێی دەخوێنم، بەشی زمانی ئینگلیزی، ئەڵمانی، فەرەنسی، بولگاری، عەرەبی، فارسی و چەندین زمانی دیکە کراونەتەوە، تەنانەت زمان و ئەدەبی ئوردوش هەیە بەڵام بەداخەوە زمان و ئەدەبی کوردی لێرە نییە. زۆر دڵتەنگم بەم بابەتە".

هێلین کایا
هێلین کایا

هێلین دەخوازێت داواکارییەکەی بگات بە پەرلەمانتارانی تورکیا.

دەشڵێت "ئەگەر پەرلەمان هی هەموومان بێت، وەک دەوترێت، داوا لە هەموو پەرلەمانتاران و سەرۆکی پەرلەمان دەکەم بێن و ئەم ناعەدالەتییە بەرامبەر ئێمەی خوێندکارانی کورد نەهێڵن".

مامۆستای زمانی کوردی عومەر توران کە لە ڕێگەی کۆمەڵەی زمان، چاند و هونەر (ANKA DER) لە ئانکەرە وانەی زمانی کوردی دەڵێتەوە. ئەو ئەم داواکاریانەی خوێندکارانی کورد بە داواکارییەکی ڕەوا دەبینێت.

عومەر توران
عومەر توران

توران دەڵێت "خوێندن لە زانکۆکانی تورکیا بە زمانی ئینگلیزی، فەرەنسی، ئەڵمانی، عەرەبی و چەندین زمانی دیکە هەیە، بەڵام هێشتا زمانی کوردی بە بەراورد بەو زمانانە بە نەبوو دادەنرێت. بەڕای من ئەمە نادادپەروەرییەکی گەورەیە بەرامبەر بە خوێندکارانی کورد، پێویستە ئەمە نەهێڵرێت."

هەروەها فەوزی بولغان بەڕێوەبەری بزووتنەوەی زمانی کوردی (HEZKURD) بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، بە مەبەستی ئەوەی زمانی کوردی بکرێتە زمانی فەرمی، نامەیەکیان ئاراستەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کردووە.

فەوزی بوڵغان
فەوزی بوڵغان

بوڵغان دەشڵێت " جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە دەڵێین پێویستە دەستبەجێ ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی لاببرێن. ئەگەر لە تورکیادا لە ڕووی کولتوور و زمانەوە یەکسانی نەبێت، ئاشتییەکی بەردەوام دروست نایەتە دی. داوامان لە پەرلەمان و زۆرێک لە لایەنەکان کرد ئەم نادادپەروەرییە نەهێڵن."

لە تورکیا لە ساڵی 2011 بۆ یەکەم جار بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی ئارتوکلو لە ماردین و پاشان لە موش و چەولیک کرایەوە. بەڵام خوێندکاران و چالاکوانانی کورد دەڵێن ئەمە بەس نییە بۆ پێداویستییەکانیان.

هەمان کێشە لەسەر زمانی کوردی لە پەرلەمانی تورکیادا هەیە. لە پەرلەمان ئەگەر وتارێک بە زمانی ئینگلیزی، ئەڵمانی، فەرەنسی یان عەرەبی بێت، دەستبەجێ ناوی زمانەکان تۆمار دەکرێت، بەڵام کاتێک بە زمانی کوردی قسە دەکرێت دەنوسرێت زمانی X یان نادیار.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:08 0:00

XS
SM
MD
LG