Accessibility links

بێستون شەهید جەبار: سەرباری هەوڵەکانمان نەمانتوانیوە بەپێی پێویست پێداویستییەکانی منداڵان دابین بکەین


لە ڕۆژی جیهانی دژی کارکردنی منداڵاندا، نەتەوە یەکگرتووەکان تیشک دەخاتە سەر پەیوەندی نێوان دادپەروەری کۆمەڵایەتی و کاری منداڵان. دروشمی ئەم ساڵ بۆ ئەو ڕۆژە جیهانییەی کە 12 ی مانگی شەشی بۆ تەرخان کراوە 'دادپەروەری کۆمەڵایەتی بۆ هەموان. کۆتاییهێنان بە کارکردنی منداڵان'ە.

هەرچەندە لە هەرێمی کوردستاندا داتایەکی ورد بەردەست نییە لەسەر ئەو منداڵانەی کاریان پێدەکرێت بەڵام دیاردەیەکی بەرچاوە.

حەیدەر فازڵ بەڕێوەبەری مافی مرۆڤی گەرمیان بە دەنگی ئەمەریکای گوت "ژمارەیەکی زۆر منداڵ هەن کە لە جێگە جیاجاکاندا کاردەکەن".

ئەو گوتیشی " کارگەکان نەوجەوانی خواروی تەمەن 18 ساڵیان زۆر تێدایە کە کاردەکەن، لەسەر جادەکانیش منداڵانی خوار تەمەن 10 ساڵیش دەبینرێن کە سەرقاڵی کارکردنن."

بە پێی یاسا بەرکارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش تەمەنی یاسایی کارکردن لە 18 ساڵ بەرەو سەرەوەیە، بەڵام منداڵان لە تەمەنی 15ساڵییەوە دەتوانن کاربکەن بە مەرجێک کارەکە کارێکی قورسی جەستەیی نەبێت.

بێستون شەهید جەبار بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی بەوەکالەت لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی " ئێمە بەردەوام خەریکی هەڵمەتی هۆشیارین، لەسەر شەقامەکان لە ماڵەکان، بۆ ئەوەی لە پێناو پاراستنی منداڵان هۆشداری بدەینە منداڵەکان و خێزانەکانیان تا کارێکیان پێنەکەن لە دەرەوەی یاسا و ڕێنمایی بێت."

هەروەها جەختیشی کردەوە لەوەی " لە هەر کوێیەک بزانین منداڵێک ڕووبەڕووی کارێکی قورس یان هەر دۆخێک ببێتەوە ئێمە بەردەوام تیمەکانمان لەسەر خەتن."

سەبارەت بە هاوکاریکردنی منداڵانی سەر شەقامەکان بێستون شەهید جەبار نکوڵی نەکرد لە کەمو کورتییەکان و گوتی " مەگەر هاوکارییەکان وەکو شەخسی کرابێت هەوڵەکان شەخسی بن ئەگینا وەکو شتێکی دیاری کراو هیچ هاوکارییەک نییە مەگەر ئەوەی منداڵەکە بێ سەرپەرشت بێت لە خانەکانی ئێمە هەموو شتێکی بۆ دیاری کراوە، بەڵام بۆ ئەو منداڵانەی کە لە ناو خێزانەکانی خۆیاندان ڕەنگە ئەوە قورس بێت لە ئێستادا سەرباری ئەوەی لەگەڵ ڕێکخراوی منداڵ پارێز و لایەنەکانی تردا کاردەکەین نەمانتوانیوە بە پێی پێویست پێداویستییەکانیان دابین بکەین."

یونسێف لە ڕاپۆرتێکی هەفتەی ڕابردوویدا ڕایگەیاند لە ساڵی 2008 وە تا 2022 لە عێراق 3 هەزار و 119 منداڵ کوژراون و 5 هەزار و 938 منداڵ کەمئەندام بوون.

شیما سین گوپتا نوێنەری UNICEF لە عێراق باس لەوە دەکات وەک وەڵامدانەوە بۆ چەندین ساڵی شەڕ و پێکدادان، یونسێف لەگەڵ حکومەتی عێراق و هاوبەشەکانیدا کاردەکات بۆ تیشک خستنە ڕەوشی منداڵان و هاوکاریکردنیان.

ئەنتۆنیۆ گوتێرێش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت " بە شەرمەزارییەوە، 160 ملیۆن منداڵ لەمڕۆدا لە سەرانسەری جیهان قوربانی کارکردنن. ئەمەش دەکاتە نزیکەی 1 منداڵ لە هەر 10 منداڵدا. لە ڕۆژی کۆتاییهێنان بە کاری منداڵاندا دەبێت پابەندبین دووهێندکردنەوەی هەوڵەکانمان بۆ کۆتاییهێنان بەم کردارە زیانبەخشە و منداڵان لە بەکارهێنان بپارێزین."

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە ساڵی 2000ەوە، بۆ نزیکەی دوو دەیە، جیهان لە کەمکردنەوەی کاری منداڵاندا پێشکەوتنی بەردەوامی بەدەستهێنابوو، بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، ململانێکان، قەیرانەکان و پەتای کۆڤید-19، هەژاری لە جیهاندا زیاتر کردووە و ملیۆنان منداڵی دیکەی ناچارکردووە کاربکەن.

XS
SM
MD
LG