Accessibility links

کاروانێکی هێزەکانی ڕووسیا لە سوریا هێرشی دەکرێتە سەر


Russia syria
Russia syria

کاروانێکی سەربازی هێزەکانی ڕووسیا ڕۆژی دووشەممە لە ناوچەی شێهبا لە باکوری حەلەبی سووریا کرایە ئامانج. لە ئەنجامی هێرشەکەدا ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆش تێکشکێندرا و چەند سەربازێکی ڕووسیاش بوونەتە قوربانی.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، سەربازێکی ڕوسی کوژراوە و 3 سەربازی دیکەش برینداربوون و بە فڕۆکەی سەربازی گواستراونەتەوە بۆ شاری حەلەب.

سەبارەت بە هۆکاری هێرشەکەش دەگوترێت کە کاروانەکەی ڕووسیا لەلایەن بنکەکانی سوپای تورکیاوە لە ناوچە داگیرکراوەکان تۆپباران کراوە، بەڵام هەندێک سەرچاوەی تر دەڵێن سوپای تورکیا بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کاروانی هێزەکانی ڕووسیای کردووەتە ئامانج لەسەر ڕێگای نێوان گوندەکانی هربل و ئومهۆش.

دوای ڕووداوەکە جموجۆڵی هێزەکانی ڕووسیا زیادی کردووە لەو ناوچەیە، کە کاروانێکی ئۆتۆمبێلی سەربازی لە بنکەی گوندی وەهشی سەر بە هێزەکانی ڕووسیاوە چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە. هەروەها فڕۆکه جەنگییەکان و هەلیکۆپتەرکانی رووسیا بە ئاسمانی ناوچەکەوە دەفرن.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ لێدوان و هەڵوێستێکی فەرمی لە ناوەندی هەماهەنگیی ڕووسیا لە سوریا یان ڕژێمی سوریا سەبارەت بە بەئامانجگرتنی هێزەکانی ڕووسیا لە شێهبا نەبووە.

لەو چوارچێوەیەدا سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە سوپای تورکیا ناوچەی دەوروبەری شارۆچکەی تل رەفعەتی تۆپباران کرد. شەوێک پێشتریش شەڕ لە نێوان هێزە کوردییەکان و گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا ڕوویدا.

بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێهیەکان، تۆپبارانی سوپای تورکیا لە شەوی شەممەوە بۆ سەر گوندەکانی ناحیەی شێراوای سەر بە عەفرین و ناوچەی شێهبا بەردەوامە. لە لایەکی تریشەوە دوو بنکەی لەشکری تورکیا لە نزیک شاری عەزاز هێرشی کراوەتە سەر کە تا ئێستا نەزانراوە هێرشەکە لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە بووە یان لەشکری سوریا.

ئەم ڕووداوە لەکاتێکدایە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی لە ناوچەی ئەحداسی سەر بە شێهبا کە نزیک شاری حەلەب کردە ئامانج و لە ئەنجامدا سێ شەڕڤان گیانیان لەدەستدا و دوو شەڕڤانیش برینداربوون .

XS
SM
MD
LG