بەپێی یەکێک لە خاڵەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق کە ڕۆژی دووشەممە لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکرا، نیوەی داهاتی خاڵە سنوورییەکان و گومرگییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت بدرێت بە حکومەتی ناوەندی عێراق.
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، بەپێی پڕۆژە یاساکە، لە مانگی یەکی 2023 وە دەبێت لە 50% ئەو داهاتانە بدرێن بە حکومەتی ناوەند، واتە نیوەی داهاتە فیدراڵییە نانەوتییەکان ڕاستەوخۆ دەدرێن بە ناوەند.
وتیشی جیاوازی ئێستا لەگەڵ پێشتر ئەوەیە، ئەو داهاتە هەمووی هەر لە هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام ئێستا نیوەی دەبێت بگەڕێتەوە بۆ حکومەتی ناوەندی عێراق.
بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەو داهاتانە کرد کە بەپێی یاسای بودجەی عێراق دەبێت بگەڕێتەوە بۆ حکومەتی ناوەندی عێراق و وتی بۆ نموونە گومرگەکان و دەروازەکان و ڕەگەزنامە و نیشنگەکانە.
شێوازی گێڕانەوەی داهاتەکە
بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە شێوازی ڕەوانەکردنی نیوەی داهاتی گومرگی هەرێم بۆ حکومەتی ناوەندی عێراق وتی، بۆ هەموو ئەو داهاتانە بودجەی "مراجعە" هەیە، بەپێی ئەو بودجەیە هەموو داهاتەکانی تێدا تۆمار کراون، ئەوان لای خۆیان تۆماری دەکەن کە بودجەی مانگانە دەنێرن بۆ هەرێمی کوردستان 50% ی ئەو داهاتەی لێ دەردەکەن، ئەمە بە شێوەی (مقایضە)یە بۆ نمونە ئەو بودجەیەی کە دەینێرن ئەگەر 100 ملیار دینار بێت ئەوان دەچن 900 ملیار دینار دەنێرن.
ساماڵ عەبدولڕەحمان ئەوەشی خستە ڕوو کە داهاتی خاڵە گومرگییەکان (دەروازەکانی هەرێم) مانگانە لە نێوان 110 - 130 ملیار دینارە.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا هەرێمی کوردستان قازانج دەکات لە گێڕانەوەی نیوەی داهاتە فیدراڵییەکان؟
بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم وتی، ئەوە یاسایه، بەڵام لە بەرامبەردا ئێمەش داهاتمان بۆ دێت، بۆیە ئەمە حاڵەتێکی ئاساییە و بۆ هەموو عێراقە و تەنها بۆ هەرێمی کوردستان نییە.
ڕاشیگەیاند، هەر هاووڵاتیەکی عێراقی قازانج دەکات، چونکە بەشێک لەو داهاتەی ئێمەش بەشدار دەبێت لە دروستبوونی ئەو بودجەیەی لە عێراقدا هەیه.
بۆچی هەرێمی کوردستان هەتا ئێستا ڕازی نییە بەوەی هەرێم و عێراق بە هاوبەشی خاڵە سنوورییەکان بەڕێوە ببەن؟
بەپێی بەشێک لە دەنگۆی میدیا لۆکاڵییەکانی هەرێم و عێراق، حکومەتی عێراقی لیژنەیەک پێکدەهێنێت بۆ خاڵە سنوورییەکان و یاخود بەڕێوەبردنی خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی.
ساماڵ عەبدولڕەحمان لەو بارەیەوە دەڵێت حکومەتی عێراقی هەوڵی ئەوەی دا، بەڵام جارێ هیچ بەرەو پێشچوونێک نییە. سەبارەت بە داهاتەکانیش، بودجەی (مراجعە) هەیە، جارێکی تریش تیمەکانی ئەوان هاتوون و چاودێری دارایی حکومەتی ناوەند و چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان بودجەی (مراجعە)یان وەرگرت لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری و دەروازەکان و بەراوردیان کرد و هیچ کێشەیەکیان نەبوو.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی حکومەتی ناوەند دەیانەوێت خەڵکی خۆیان لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێم دابنێن؟
بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان وتی حکومەتی ناوەند پشتی بە یاسای دەروازە سنوورییەکان بەستووە و بەوە دەیەوێت کاربکات بۆ ئەوەی هەموو دەروازە سنوورییەکان بخرێنە سەر ناوەند، بەڵام ئێمە تێبینی و سەرنجمان هەیە لەسەر ئەو یاسایە، بۆیە هەتا ئێستا بەبێ چارەسەری ماوەتەوه.
سەبارەت بەوەی هەرێمی کوردستان هەتا ئێستا ڕازی نییە بەوەی هەرێم و عێراق بە هاوبەشی خاڵە سنوورییەکان بەڕێوە ببەن؟
ساماڵ عەبدولڕەحمان وتی لەبەر ئەوەی ئێمە تێبینیمان هەیە لەسەر داڕشتنی ئەو یاسایە سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان، بۆیە ئەمە ماوەتەوە و هەتا ئێستا نەگەیشتونەتە هیچ ئەنجامێک.
ئایا ڕازی نەبوونی ئێوە لەسەر ئەو خاڵە گرفت دروست ناکات لە بەردەم بودجەی هەرێمدا؟
وەڵامەکەی بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم بەم جۆرە بوو، نەخێر بودجە پەیوەندی بەوەوە نییە ئێمە هەر لە مانگی یەکەوە بودجەی (مراجعە) مان ناردووە و داهاتەکان تۆمارکراون و هیچ کێشەیەکمان نەبووە چاودێری هەردوولاش هاتوون و هیچ گلەییان لەسەر ئەو مەسەلەیە نەبووە، بەڵکو دەستخۆشیان لێکردووین.
ئایا خاڵە سنوورییەکانی هەرێم بە دەردی دۆسیەی نەوت دەچێت؟
دەستەی ناوبژیوانی لە دادگای پاریس مانگی یەکی ئەمساڵ (2023) لەسەر سکاڵایەکی حکومەتی عێراق بڕیاری دا و سەرئەنجام هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگای تورکیاوە ڕاگیرا. مانگێک دواتریش بەپێی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق، هەرێمی کوردستان دۆسیەی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتی ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ کرد.
سەبارەت بەوەی ئایا هاوشێوەی دۆسێیەی نەوت، ئایا ئەگەری هەیە هاوشێوەی دۆسێیەی نەوت ڕۆژێک عێراق دەستبگرێت بەسەر خاڵە گومرگی و سنوورییەکانی هەرێم؟
لە وەڵامدا ساماڵ عەبدولڕەحمان وتی من بە دوری دەزانم، چونکە ڕێککەوتنەکان جارێکی تر ئاسۆیەکی کردەوە لە بەردەم هەرێم و ناوەنددا کە بە لێکتێگەیشتن کێشەکان چارەسەر بکرێن، بۆیە بە دووری دەزانم بەو شێوازە بێت، بەڵام ڕێککەوتن دیارە دەکرێت لەوانەیە وا بخوازێت کە ئێمە بە هاوبەشی سیاسەتی گومرگی و دەروازەکان بەڕێوە ببەین، ئایندە ئەوە ڕوون دەکاتەوە.