Accessibility links

سەرچاوەکان: چەککردنی هێزەکانی کوردستانی ئێران و گواستنەوەیان بۆ کامپەکانی هەرێم دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە


دوای فشارە بەردەوامەکانی ئێران بۆ سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی چەک کردنی هێزە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، لە ئێستادا حکومەتی هەرێم دەیەوێت پلانەکە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەندامانی ئەو هێزانە لە چەند کامپێک کۆ بکاتەوە، ئەمە بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار کە دەنگی ئەمەریکا لێدوانی لێوەرگرتوون.

پلانەکە ناکۆکی لە نێوان سەرکردە سیاسی و سەربازیەکانی ئەو پارتانە لێکەوتۆتەوە و دەوترێت مەترسی پەرتبوونیان هەیە بەتایبەت بە هۆی ناڕەزایی سەرکردە سەربازیەکان.

بە پێی سەرچاوەیەکی باڵای کۆمەڵە کە ناوەکەی لای دەنگی ئەمەریکا پارێزراوە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم لەگەڵ بەشێک لە حزبە کوردیەکان کۆبووەتەوە و پێی ڕاگەیاندوون کە حکومەتی هەرێم لەوە زیاتر ناتوانێت بەرپرسیارێتی پاراستنیان هەڵبگرێت و لە داهاتوویەکی نزیکدا چەند کامپێک دروست دەکرێت و دەبێت تێیاندا نیشتەجێ بن.

بڕیارەکە بەو جۆرەیە: لە ماوەی شەش مانگدا، لە سنوری سلێمانی یەک کامپ و لە سنوری هەولێریش دوو کامپ دروست دەکرێن بۆ نیشتەجێ کردنی ئەندامانی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی ئێران.

سەرچاوەکە ڕایگەیاند، "ئە بڕیارە ناڕەزایەتی لە نێوان سەرکردە سیاسی و سەربازیەکانمانی لێکەوتۆتەوە. سەرکردە سەربازیەکانمان ناچنە ژێر باری ىڕیاری چەک دانان و کامپنشین کردن."

وتیشی"ئێمە خەباتی پارتیزانی دەست پێدەکەینەوە و دەگەڕێینەوە چیاکان، بەڵام ناچینە ژێر خواستی داواکاریەکانی ئێران."

هەڵوێستی حکومەتی هەرێم

سەلام عەبدولخالق بەڕێوبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندیە گشتیەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بێ ئاگایی خۆی لە بابەتەکە ڕاگەیاند.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام پەیوەندییەکە بەردەست نەبوو.

نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران ڕاستەوخۆ لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە لێدوانی نەدا بەڵام بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند،"ئێمە چەندین جار وتومانە ئەگەر ئەم حزبانە چالاکیەکانیان مەحدود نەکەن ئێران وازیان لێناهێنێت. بەڵام هەندێک باوەڕ ناکەن و نایسەلمێنن وا دەزانن ئێمە دژی هێزە کوردیەکانین، لە کاتێکدا ئێمە کاتێک یارمەتی کوردی ئێرانمان دەدا ئەوان هەر نەبوون."

بەرپرسێکی تری باڵای کۆمەڵە کۆبوونەوەکەی پشتڕاستکردەوە لەگەڵ دەزگای ئاسایشی هەرێم. ئەو ئامادە نەبوو زانیاری زیاتر بدات لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بەڵام ڕایگەیاند،"لە دۆخی هەرێمی کوردستان تێدەگەین، ڕەچاوی فشارەکانی سەر حکومەتی هەرێم دەکەین.".

وتیشی"ئەوەی گرنگە بزانرێت، هێزە کوردیەکان کۆک و یەک هەڵوێستن لە هەموو بارودۆخێکدا."

بەرپرسێکی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش بە دەنگی ئەمەریکای وت لە ئێستادا "بە بڕیاری حزب" هیچ لێدوانێک نادەن لەو بارەیەوە.

"فشاری ئەمجارەی ئێران جیاوازە"

فشارەکانی ئێران بۆ چەک کردنی هێزە کوردیەکان لە دوای ڕووداوەکانی "شۆڕشی ژینا ئەمینی" و هێرشەکانی ساڵی ڕابردووی ئێران بۆسەر ئەو حزبانە چڕبۆتەوە.

عەلی شەمخانی، ئەمینداری باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە کۆتایی مانگی سێی ئەمساڵدا سەردانی عیراقی کردوو لەگەڵ قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ڕێکەوتنامەیەکی ئەمنیان واژۆ کرد تایبەت بە ئاسایشی سنورەکانی نێوان هەردوو وڵات و سنوردارکردنی جموجۆڵی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی ئێران.

خەلیل نادری وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان لەو بارەیەوە ڕایگەیاند فشارەکانی ئێران بۆ چەک کردنی هێزە کوردیەکان لە ماوەی ساڵی ڕابردوو بەردەوام بووە "بەڵام فشاری ئەمجارەی ئێران جیاوازە لە جارەکانی تر."

ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " ماوەی ساڵێکە فشار لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە لەلایەن ئێرانەوە، داوای چەک کردنی هێزە کوردیەکانیان لێدەکات، داوایان لێدەکات بخرێنە کامپ، تەنانەت داوای ئەوەشیان کردووە کامپەکان لەژێر کۆنترۆڵی عێراقدا بێت. بەڵام ئێستا ئێران فشارەکانی چڕترکردۆتەوە بۆ ئەو مەبەستە."

وتیشی"ئێستا فشارەکان زیاتر بۆ چەک کردنن."

ئەم هەوڵانە لە کاتێکدان کە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کورستان، ئێستا بە سەردانێکی فەرمی لە ئەمەریکایە. چەند سەرچاوەیەکی هەواڵی ئاماژەدەکەن کە بەر لە سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا، وەزیری ناوخۆی هەرێم لە ئێران بووە.

بەڵام نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران بێ ئاگایی خۆی لە هۆکاری سەردانەکەی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم پیشاندا.

"من ئەو هەواڵە بە ڕاست نازانم کە بۆ پرسی هێزە کوردیەکان هاتبێت، چونکە ئێران ڕاستەوخۆ تەعامل لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دەکات و سێ جارە وەفدیان دێتە ئێران و نوێنەری حکومەتی هەرێمیشی تێدایە. ئەوە نیە حکومەتی هەرێم بێتە ئێران و لەوێشەوە بچێتە ئەمەریکا خۆتان بارودۆخەکە دەزانن لە ئێستادا."

ئێران هێز کۆدەکاتەوە

چەککردنی هێزە کوردیەکان مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و پێدەچێت لە ناوخۆی ئێرانیش کاردانەوەی لێبکەوێتەوە بەو پێیەی ئەو حزبانە خاوەن پێگەی جەماوەرین لەناو کوردستانی ئێراندا.

لەو بارەیەوە ئەرسەلان یار ئەحمەدی وتەبێژی ڕێکخراوی هەنگاو بە دەنگی ئەمەریکای وت، "بەو هەڵوێستانەی لە حزبەکان بینیومانە و ئەوان پشتیوانیەکی بەهێزیان لە ناو خەڵکی ڕۆژهەڵات هەیەو بە ئەستەمی دەزانین حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت ئەو حزبانە لە ناو کامپ کۆ بکاتەوە."

سەرباری هەوڵەکانی ئێران بۆ چەک کردنی ‌هێزە کوردیەکان، سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن ئێران بەردەوام هێز دەنێرێتە سەر سنورەکان و نیازی هێرشکردنیشی هەیە بۆ سەر ئەو هێزانە. لە دوو ڕۆژی ڕابردوشدا لە پێکدادانیان لەگەڵ هێزەکانی پژاک سەربازێکیان کوژراوە.

لەو بارەیەوە ئەرسەلان یار ئەحمەدی وتی، "ئێران هێزێکی زۆری لە سنورەکانی پیرانشار، بانە، سەردەشت و مەریوان کۆکردۆتەوەو خەریکی دروستکردنی ڕەبایەیە، بەو هۆیەشەوە لەگەڵ هێزەکانی پژاک پێکدادان دروستبوە و سەربازێکی ئێرانیش کوژراوە."

وتیشی"بە پێی هێنانی ئەو هێزەی ئێران بێت بۆ سەر سنورەکان، کە چەکی جۆراو جۆریان پێیە، پێدەچێت ئێران نیازی هێرش کردنی هەبێت بۆسەر هێزە کوردیەکان."

XS
SM
MD
LG