Accessibility links

وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق: داعشەکانی کەمپی هۆل بۆمبی چێنراون و ترسی تەقینەوەیان هەیە


وتەبێژی فەرمی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق ناوچە سنوورییەکانی لەگەڵ سوریا بە تەواوەتی کۆنترۆڵ کردووەو ڕێگە نادات ئەو چەکدارانەی داعش کە لە سوریا هەڵدێن دزە بکەنە ناو خاکی عێراقەوە.

لیوا یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرمی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لەبارەی هەڵاتنی ژمارەیەکی زۆر چەکداری داعش لە سوریا و رۆیشتنیان بەرەو عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "سنوورەکانمان لەگەڵ سوریای دراوسێ سەقامگیرەو کۆنترۆڵمان کردووە، شەو و رۆژ هێزە عێراقییەکان لە ئەرکدان و دەسوڕێنەوە، فرۆکە چاودێری سنوورەکان دەکات."

دەنگۆی هەڵاتنی ژمارەیەک چەکداری داعش لە سوریاوە بۆ عێراق لە هەندێک لە میدیا عێراقییەکان بڵاوبووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی عێراق جەخت لەسەر ئامادەباشی هێزەکانیان دەکەنەوە بۆ ڕێگرتن لە هاتنە ناوەوەی ئەو چەکدارانە بۆ عێراق.

لیوا یەحیا رەسوڵ دەڵێت "گەر چەکدارانی داعش بیانەوێت بێنە عێراق رێگەیان پێنادرێت و دەکرێنە ئامانج."

کەمپی هۆل و گرتووخانەی غوێران لە پارێزگای حەسەکە لە سوریا، ژمارەیەکی زۆر خێزان و چەکداری داعشیان تێدایە، کەمپ و گرتووخانەکە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەڕێوە دەبرێن.

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕوونیکردەوە، کەمپی هۆل دەیان تیرۆرست و دەیان خێزانی تیرۆرستانیشی تێدایە، وەکو عێراق زیاتر لە وەجبەیەک لەو خێزانانەیان وەرگرتووەتەوە کە عێراقین و کێشەی ئەمنییان نەبووە.

لیوا یەحیا رەسوڵ، دەڵێت "خەڵک هەیە لەکاتی شەڕی داعشدا ترساوە و چووەتە سوریا، ئێمە ئەو خەڵکانەمان هێناوە و لە کەمپی جەدعا داماننان، خولمان بۆ کردنەوە و هێورمان کردنەوە و دواتر تێکەڵی کۆمەڵگامان کردن."

ئەو خێزانە داعشانەی لە کەمپی هۆلی سوریان، هەڵگری جۆرەها ناسنامەی بیانییان تێدایە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە لەنێو ئەو کەمپەن و تا ئێستا لەلایەن وڵاتەکانیانەوە وەرنەگیراونەتەوە.

لیوا یەحیا رەسوڵ بەپێویستی دەزانێت وڵاتەکانیان خێزانە داعشەکان وەربگرنەوە، ئەوان نابێت تێکەڵی کۆمەڵگا بکرێن، "چونکە بۆمبێکی چێنراون و ترسی تەقینەوەیان هەیە،" و دەشڵێت "وەکو عێراق پابەندین بە وەرگرتنەوەی ئەو خێزانە عێراقییانە لەدوای لێکۆڵینەوەی ئەمنی، دەیانخەینە کەمپی جەدعا لە باشووری موسڵ."

سەبارەت بەوەی وەرگرتنەوەی چەکدارە عێراقییەکانی داعش تا چەند مەترسی لەسەر دۆخی ئەمنی عێراق دروست دەکات، لیوا یەحیا رەسوڵ وتی "ئەوانەی تاوانبارن، دادگایی دەکرێن و سزای دادپەروەرانە دەدرێن، بەڵام ئەو ژن و منداڵانەی لەکاتی پرۆسەی ئازادکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش چوونەتە سوریا و لەوێ ماونەتەوە، دەبێت بخرێنە خول و لەڕووی دەروونیەوە هێور بکرێنەوە و دواتر تێکەڵی کۆمەڵگا بکرێنەوە."

بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، دوو هەفتە لەمەوبەر هێزەکانی هاوپەیمانان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراقدا کۆبوونەتەوە، سەبارەت بە چارەنووسی خێزانە داعشەکانی نێو کەمپی هۆل و وەرگرتنەوەیان لەلایەن عێراقەوە.

لەوبارەیەوە، لیوا یەحیا رەسوڵ وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق، وتی"دڵنیانیم لەم زانیارییەو پێمنەگەیشتووە، بەڵام پێویستە وڵاتانی جیهان هاوڵاتییە داعشەکانیان وەربگرنەوە، داعش خەڵکی زۆر وڵاتی تێدایە، دەبێت داعش و خێزانەکانیان رادەستی ئەو وڵاتانە بکرێنەوە."

رۆژی 12/6 ی ئەمساڵ، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە میانەی کۆنفرانسێکدا سەبارەت بە کەمپی هۆل، کە جنین پلاسخارتی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق تێیدا ئامادەبوو، کەمپی هۆلی بە بۆمبێکی کاتی وەسفکرد و بەپێویستیزانی کەمپەکە هەڵبوەشێنرێتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:07 0:00

XS
SM
MD
LG