Accessibility links

 نوێنەری هەرێم لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان: سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا و پێشمەرگە سەرپەرشتی ئەو هێزە هاوبەشە دەکەن کە پێکدەهێنرێت


نوێنەری هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەڵێت، ئەو هێزە هاوبەشەی پێشمەرگەو سوپای عێراق کە بۆ کۆنترۆڵکردنی بۆشاییە ئاسایشیەکانی نێوان پێشمەرگەو سوپا لە ناوچە کێشە لەسەرەکان پێکدەهێنرێت، لەلایەن هەردوو سەرۆکایەتی ئەرکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "گەر بۆشایی ئاسایشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لەناوچە کێشە لەسەرەکان کۆنترۆڵ بکرێت، 90%ی پلانەکان دژی داعش سەردەگرێت و مەترسی داعش لەسەر ئەو ناوچانە نامێنێت."

لە پارێزگای نەینەواوە تا دەگاتە سنووری قەزای خانەقینی پارێزگای دیالە، ناوچەیەکی بەرفراوانی نێوان سەنگەرەکانی پێشمەرگەو سوپای عێراق چۆڵنو هیچ هێزێکی عێراقی و کوردییان تێدا نییە، بەپێی وتەی فەرماندە سەربازییەکان ئەو ناوچانە بوونە شوێنی جم و جۆڵ و چالاکی چەکدارانی داعش.

بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگەو سوپا لەناوچە کێشە لەسەرەکان لە ساڵی 2017 ەوە و لەکاتی کۆنترۆڵکردنی ناوچە کێشەلەسەرەکان لەلایەن عێراقەوە دروستبوون، لەوکاتەوە هەرێم و بەغدا ڕێکنەکەوتوون لەسەر پڕکردنەوەی ئەو ناوچانەو بڕیارە هێزی هاوبەش بۆ پڕکردنەوەیان پێکبهێنرێت.

دەربارەی هەڵوێستی هێزەکانی هاوپەیمانان لەسەر پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق، لیوا عەبدولخاڵق تەڵعەت دەڵێت "یەکێک لە پلانەکانی هاوپەیمانان پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکانە، تا لەو ڕێگەیەوە ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکرێت و جم و جۆڵی چەکدارانی داعش سنوردار بکرێت."

ئەو هێزە هاوبەشەی بۆ پڕکردنەوەی ناوچە کێشە لەسەرەکان پێکدەهێنرێت، بودجەو موچەو پێداویستییەکانیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابین دەکرێت، بەڵام نوێنەری هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، هەرێمیش هاوبەش دەبێت لە بەڕێوەبردنی ئەو هێزەدا.

لیوا عەبدولخاڵق تەڵعەت، وتی "هەردوو سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای عێراق و پێشمەرگە سەرپەرشتی هێزە هاوبەشەکە دەکەن لە ناوچە کێشە لەسەرەکان."

ئەو ناوچانەی بە بۆشایی ئەمنی ناسراون و دەکەونە نێوان سەنگەرەکانی پێشمەرگەو سوپای عێراقەوە، نزیکن لە هەندێک لە کێڵگە غازی و نەوتییەکان کە سەرچاوەی داهات و وزەی هەرێمی کوردستانن، بەتایبەت کۆتایی ساڵی ڕابردوو لەو ناوچانەوە چەندین جار کێڵگەی غازی کۆرومۆر لە سنوری قەزای چەمچەماڵ بۆمبارانکرا.

هەرچەندە راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژەیان بە تێوەگلانی چەند گروپێکی نێو حەشدی دەکرد لە قۆستنەوەی بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگەو سوپاو بۆمبارانکردنی کێڵگەی کۆرومۆر دەکرد، بەڵام سەرۆکایەتی ئەو هێزە دانی بەفەرمی دانی بەوەدا نەنا.

فەرماندەیەکی باڵای پێشمەرگە کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، پێیوایە پێکهێنانی ئەو هێزە هاوبەشە لە داهاتوودا دەبێتە مایەی مەترسی لەسەر هەندێک ناوچەی ستراتیژی هەرێم، کە نزیکن لەو ناوچانەی بە بۆشایی ئەمنی ناسراون و هێزیان بۆ پێکدەهێنرێت.

فەرماندەکەی پێشمەرگە کە پلەی لیوای هەیە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "کێڵگەی غازی کۆرومۆرو کێڵگەی نەوتی خورمەڵە کە سەرچاوەی وزەی هەرێمن، نزیکن لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە، ئەو هێزە هاوبەشەی پێکدەهێنرێت نزیک دەبنەوە لەو ناوچانەوە، دەبێت هەرێم بەوریاییەوە مامەڵە بکات."

بەڵام لیوا عەبدولخاڵق تەڵعەت نوێنەری هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، وتی"ئەو ناوچانە پەیوەندییان بەکۆرومۆرەوە نییە، ئێمە باسی داعش و بۆشاییە ئەمنییەکان دەکەین، گەر ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکرێن سەقامگیرییان بۆ دەگەڕێتەوە."

بەپێی وتەی نوێنەری هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، هێشتا ڕێوشوێنەکان بۆ پێکهێنانی هێزی هاوبەشی پێشمەرگەو سوپا نەگیراوەتەبەر، بەو پێیەی بودجە لەلایەن سەرۆک کۆماری عێراقەوە پەسەند نەکراوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:37 0:00

XS
SM
MD
LG