ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بڕیارە کۆمسیۆن له مانگی 12ی ئەمساڵدا سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پارێزگاکان بکات، بەڵام ئەو کاتەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێم دیاری کردووە زۆر نزیکە و ڕەنگە کۆمسیۆن بڕیار بدات ئەو هەڵبژاردنانە لە بەهاری ساڵی 2024 ئەنجام بدرێن.
خالد عەباس، بەڕێوەبەری نوسینگەی دهۆکی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە 11ی مانگی شەشی 2023 سەبارەت نادەستووریی بوونی بڕیارەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدات و سەرپەرشتی بکات.
خالد عەباس لە وتووێژێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " لەسەر داوای سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە 18ی شەش، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەولێر کۆبووەوە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی ئایا دەتوانێت ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم ڕێکبخات یان نا."
وتیشی،" دوای چەند کۆبونەوەیەک، کۆمسیۆن گەیشتە ئەو ئەنجامەی ئەگەر هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق دوابخرێت، ئەوا کۆمسیۆن دەتوانێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم ڕێکبخات، ئەگەر نا ئەوا کۆمسیۆن وادەیەک پێشنیاز دەکات لە مانگی چوار یان پێنجی ساڵی داهاتوو، و دەبێت لەسەری ڕێکبکەون و پاشان داهاتوودا کۆمسیۆن ئامادەکارییەکان دەکات."
ڕۆژی پێنجشەممە 15 ی مانگی شەش، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا کۆبووەوە. بە پێی بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی هەرێم بارزانی داوای کردووە هەرچی زووترە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت " ئامادەییی سەرۆكایەتیی هەرێم و حكومەت و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ سەرخستنی پرۆسەكە دەربڕی."
بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆک بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، دواخستنی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق کارێکی قورس دەبێت، "چونکە یەکەمجارە بڕیار بدرێت ئەو هەڵبژاردنە پێش 20ی مانگی 12ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت".
دوای ئەوەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆشایی دەستوری و سیاسی لە هەرێمی کوردستان دروستکرد، فشاری ئەمەریکا و لایەنە ناوخۆییەکان لەسەر سەرکردە سیاسییەکان هەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام بەپێی لێدوانەکەی خاڵد عەباس، ڕوونە کە بەپێی ویستی دەسەڵاتی هەرێم، لە ساڵی 2023دا ئەنجام نادرێت کاتی ئامادەکاری کورتە و کۆمسیۆنی عێراق ناتوانێت لەم 6 مانگەدا دوو هەڵبژاردن ئەنجام بدات.
شایانی بیرهێنانەوەیە ناکۆکی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی هەرێم نەمان، دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، ڕێگەپێدراو نییە ماوەی پەرلەمانی هەرێم، یان کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ کارکردن بەو یاسایە کۆنە درێژبکرێتەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییە هەرێمی کوردستان یەک هەرێمی هەڵبژاردنە و دەنگدان بە پشکی کەمینەکانی مەسیحی و تورکمان وەک خۆی دەمێنێتەوە.