Accessibility links

مەترسی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی لاوێکی کورد لە ئێران 


ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ کە هەواڵەکانی شارەکانی کوردستان لە ئێران بڵاودەکەنەوە، دەڵێن زیندانییەکی سیاسی بە ناوی هێمن مستەفایی کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، گواستراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی لە زیندانی ناوەندیی سنە و دەشڵێن بەو پێیەی سزاکەی یەکلایی بووەتەوە، مەترسی جێبەجێکردنی سزاکەی لەئارادایە.

ڕێکخراوی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان دەڵێت بنەماڵەی ئەو زیندانییە و کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی ڕایانگەیاندووە ڕۆژی سێ شەممە 20ی مانگی شەش بۆ ڕاگرتنی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییە لە بەردەم زیندانی ناوەندیی سنە کۆدەبنەوە. پێشتریش مانگی شەشی ساڵی 2017 ئەو زیندانییە بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەکەی بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرابووەوە، بەڵام دوای کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دەیان چالاکی مەدەنی و هاووڵاتیانی شاری سنە، جێبەجێکردنی سزاکەی بە شێوەیەکی کاتیی ڕاگیرابوو.

هێمن مستەفایی تەمەن 34 ساڵ کە خەڵکی شاری کانی دیناری سەر بە مەریوانە، مانگی سێی ساڵی 2011بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی پێشووی سوپای پاسداران بە ناوی ئیبراهیم محەممەدی لە شاری مەریوان دەستبەسەر کراوە و گواستراوەتەوە بۆ زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤیش دەڵێت مستەفایی لە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونیدا بەرپرسیارێتی کوشتنی ئەو ئەندامەی سوپای پاسدارانی لە ئەستۆ گرتووە و بە هەڕەشە و بەڵێنی لێکۆڵەرە ئەمنییەکان ڕازی بووە بە قبوڵکردنی ئەو سیناریۆیەی کە لێکۆڵەران پێشتر سەبارەت بە کوشتنی ئەو ئەندامەی سوپای پاسداران ئامادەیان کردووە.

سێ هاووڵاتی دیکەی خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی بەیان کاکەیی، هیوا دادئافەرین و خەلیل شیرزادی بە تۆمەتی بەشداریکردن لەو کوشتنی ئەو ئەندامەی سوپای پاسداران دەستبەسەر کراون و لە ساڵی 2014دا کەناڵی پرێس تیڤی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە فیلمێکی دیکۆمێنتاریی بە ناوی "بابەتی هاوبەش" دانپێدانانی زۆرەملێی ئەو چوار زیندانییەی بڵاوکردەوە.

هێمن مستەفایی پێش دەستبەسەرکردنی ماوەیەک ئەندامی یەکێک لە حزبە کوردییەکانی دژبەری حکومەتی ئێران بووە، بەڵام دوای ماوەیەکی کورت ئەو حزبەی بەجێهێشتووە و بە هەماهەنگی ئیدارەی ئیتلاعات گەڕاوەتەوە شاری مەریوان.

مستەفایی لە دادگای تاوانەکانی سنە بە تۆمەتی "هەڵگرتنی چەک" بە چوار ساڵ زیندانیکردن سزادراوە و بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەستیش" سزای لەسێدارەدان دراوە.

XS
SM
MD
LG